عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەند رووناك عوسمان، نوێترین پێشانگای سیرامیكی كردەوە و دەڵێت، هونەری سیرامیك سەبر بە مرۆڤ دەبەخشێت و ئاماژەی بەوەكرد، هونەر عەشقە، چوونكە ئەگەر هونەرمەند عەشقی بۆ هونەرەكەی نەبێت، ناتوانیت ئەو هەموو كاتە خۆی بۆ تەرخان بكات.
رۆژی شەممە لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەك لە هونەرمەندان، هونەرمەند رووناك عوسمان، نوێترین پێشانگای تایبەتی سیرامیكی كردەوە كە تێیدا 52 بەرهەمی پێشكەشكردبوو، لەو بارەیەوە رووناك عوسمان بە (هەولێر)ی راگەیاند، بەرهەمەكانی كۆكراوەی زیاتر لە 10 ساڵی كاركردنی بەردەوامە تا ئەمساڵیش، رووناك عوسمان دەڵێت “هونەر عەشقە، چوونكە ئەگەر هونەرمەند عەشقی بۆ هونەرەكەی نەبێت، ناتوانیت ئەو هەموو كاتە خۆی بۆ تەرخان بكات، جگە لەوەش هونەری سیرامیك سەبر بە مرۆڤ دەبەخشێت، روناكیت پێدەدات كە هەرگیز بیرت ناچێتەوە”.
دوایەمین پڕۆژەی رووناك عوسمان، بەرهەمێكە بەناوی (بیرەوەرییەكانی دایكم) كە چەندین تابلۆی لەخۆگرتووە، لەو رووەوە وتی “مەبەستم لەو پڕۆژەیە بۆ دایكم و سەرجەم دایكەكان، چوونكە ئەوان رەنجێكی زۆریان كێشاوە و پێشتر چەندین منداڵیان پەروەردە كردووە و منداڵەكانیانن ئەمڕۆ لە چەندین بواریشدا كار دەكەن، بۆیە بیرەوەرییەكانی ئەوان شایەنی ئەوەیە بە هەر چیرۆكێكیان، تابلۆیەك دروست بكەم”.
هونەرمەند روناك عوسمان لەبەر تابلۆكان نرخی دانابوو كە بە گشتی نرخەكان جیاواز بوو بۆ نموونە تابلۆی هەیە بە 100 دۆلارە، سەبارەت بەوەی نرخەكان گران نین؟، ناوبراو وتی “رەنگە لەم كۆمەڵگەیە بڵێن گرانە، ئەگینا ئەگەر لە وڵاتێكی ئەوروپی ئەو نرخانە بۆ بەرهەمێكی خۆماڵی دابنێیت، پێت دەڵێن كەمە و ئینجا دەشیكڕن، لەبەرئەوەی ئەوان نرخ بە هونەرمەندی خۆیان دادەنێن”.
رووناك عوسمان وتیشی “لێرە هونەرمەند بە كاری هونەری ناژی، لەبەرئەوەی كۆمەڵگەكەمان هونەر ناناسێت و رۆشنبیری هونەریی نییە، لایەنێكی دیكەش پەیوەندی بە هونەرمەندانەوە كە دەبێت هەمیشە زانیاری سەبارەت بە سوودەكانی هونەر و رۆڵی هونەری خۆماڵی بۆ خەڵك روون بكەینەوە، من كارە هونەرییەكانم لە گڵی كوردستان كردووە كە ئەوەش چێژی لە بەرهەمە هاوردەكان زۆر زیاترە”.

