وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری
چیرۆکەکە لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە زستان کۆتایی هاتووە و وەرزی بەهارە. پارچە بووزەكەی چیرۆکەکەی ئێمە کە تەواوی زستان لە ڕۆخ بەردێکی گەورە خەوتووە، ئێستا بە هاتنی بەهار و گەرمداگەڕانی تینی خۆر، ژیانێکی نوێی دەست پێكردووە. پارچە سەهۆڵەكە كە تا ئەو دەمە هەر تەنها و بێ هاوڕێ بووە، كە بۆ یەکەم جار خۆری دەبینێت، لەناكاو ئاشقی دەبێت، بەڵام خۆری چیرۆکەکەشمان بە دڵسۆزییەوە ئاگاداری دەکاتەوە کە ئەم خۆشەویستییە مەترسیدارە بۆ ئەو. بێگومان خۆر ئەزموونی ملیار ساڵەی ژیانی هەیە و زۆر دانایە.
“بڕوا بکە، من دۆست و هاوڕێیەكی باش نیم بۆ تۆ. ئەگەر من هەبم، تۆ نابیت!”
بەڵام سەهۆڵەكە بڕیارە دەدات كە خۆی بەدوور نەگرێت لە تەماشاكردنی خۆر، تەنانەت ئەگەر ئەم تەماشاکردنە ببێتە هۆی توانەوە و لەنێوچوونیشی.
هەر لە سەرەتای چیرۆکەکەوە، ئێمە دەزانین کە لە کۆتاییدا دەبێت ڕووبەڕووی خەمێکی گەورە ببینەوە. بەڵام نووسەر بە شارەزایییەوە چەمکێکی تری خۆشەویستی لەبەردەم ئێمە وەک خوێنەرانی دەهێنێتە گۆڕێ.
ساتێک دێتە پێشەوە کە ئیتر سەهۆڵەكە نەماوە و بووەتە جۆگەلەیەکی بچكۆلەی ئاو، بەڵام لە شوێنێكی جوانترەوە و هەر لە ئاوی ئەم جۆگەلەیەوە گوڵێکی زەرد دەڕوێت، کە هەمان گوڵی رۆژگارپەرس واتە گوڵەبەڕۆژەیە، گوڵێک کە هەتا هەتایە ڕوو لە خۆرە و دەبێتە هێما و سیمبوولی جاویدانیی ئەشق و خۆشەویستی.
لە حیكایەتی سەهۆڵ و خۆرەوە چی فێر دەبین؟
ڕەزا مەوزونی، بە زمانێکی ڕوون و شاعیرانەوە چیرۆکێکی سادە و لە هەمان کاتدا قووڵمان بۆ دەگێڕێتەوە کە هەم منداڵان و هەم گەورە ساڵان حەزی پێ دەكەن و دەیخوێننەوە. چەمکەکانی وەک خۆشەویستی، لەخۆبردوویی و گۆڕان، بە شێوەیەکی دیار و خوازە لە چیرۆکەکەدا جێگیر و گونجێنراون كە هەست بە نامۆبوونیان ناكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تازەن بۆ ئێمە.
ئەو سەهۆڵەی ئامادەیە كە لە پێناو خۆشەویستیی خۆر، لە وجوود و بوونی خۆی خۆش بێت و خۆی بكاتە قوربانی، نموونەیەکە لە پاکترین جۆری خۆشەویستی:
“چ سوودێکی هەیە كە ژیان بكەیت بەڵام كەسێك نەبێت خۆشت بوێت؟ چ سوودی هەیە کەسێكت خۆش بوێت، بەڵام تەماشای نەکەیت.”
ئەم ڕستەیە، تەوەری سەرەکی چیرۆکەکەی ئێمە پێک دەهێنێت و خوێنەر ڕووبەڕووی پرسیارێکی قووڵ دەکاتەوە دەربارەی توخم و بەهای خۆشەویستی و گرنگیەکەی لە ژیاندا.
کەواتە ئەم کتێبە هەلێکە بۆ منداڵان کە لەگەڵ یەکێک لە ئاڵۆزترین هەستەکانی مرۆڤ، واتە خۆشەویستی، بە سادەترین شێوە ئاشنا ببن. خۆشەویستی لەم چیرۆکەدا نەک وەک هەستێکی کاتی بەڵکوو وەک هێزێکی بگۆڕ ناسێنراوە. لە هەمان کاتیشدا ئەم چیرۆکە دەتوانێت یارمەتی منداڵان بدات تا لەسەر هەڵبژاردنەکان، بەهای لەخۆبردوویی و بەهتی شوێنکەوتنی ئەو شتەی خۆشیان دەوێت، بیر بکەنەوە.
دەربارەی نووسەر:
ڕەزا مەوزوونی، شاعیر، نووسەر و توێژەرە؛ لە شاری (گێڵانغەرب)ـی كرماشاندا لەدایك بووە و بەرهەمێكی زۆری لێ بە زمانی فارسی و کوردی بڵاو کراوەتەوە. ڕەزا، بەڕێوەبەری ناوەندی پەروەردەی فکریی منداڵان و مێرمنداڵانی کرماشان و پێشكەشكاری دەنگ و ڕەنگی كرماشان بووە و ئێستا لە پەروەردە و فێركردنی كرماشان كار و خزمەت دەكات.
گرنگیشە كە بزانن، کتێبی (ئەو سەهۆڵەی عاشقی خۆر بوو) وەریشگێڕدراوەتە سەر زمانەكانی ئیسپانۆلی، پورتوگالی، ئیتالی و ژاپۆنی. هەر وەرگێڕانی ئەم كتێبە لە یارییە جیهانییەكانی تۆپی پێ لە ساڵی 2014، وەك دیارییەكی فەرهەنگی پێشكەش بە منداڵانی بەرازیل كرا و و لە لایەن تیمی تۆپی پێیی ئێرانەوە درایە تیمی تۆپی پێی بەرازیل . وەرگێڕدراوە ئیتالیاییەكەشی لە ساڵی 2016، لە لایەن چاپ و وەشانی ڤالنتینا بە شێوەیەكی بەرفراوان و گەورە چاپ و بڵاو كرایەوە.
دەشتوانین ئەم بەرهەمانەی ناوبەرین كە تا ئێستا چاپ و بڵاوی كردوونەتەوە:
ـ تاتی: كۆمەڵە شیعرێكی مندڵانە بە شێوەزاری كەلهوڕی
ـ مێروولە و گڵۆڵەڕیس
ـ میمگە گسكی كارەبا
ـ ئەو سەهۆڵەی ئاشقی خۆر بوو
ـ یەی شەو ئەگەر بچیدن: كۆمەڵەشیعری كوردی
ـ چرا: كۆمەڵەشیعری كوردی
ـ ئاوازەكانی سەرزەمینی دایكی
ـ كوڕی ڕاوچی: لەسەر بنەمای ئەفسانەیەكی كۆنی كوردی داڕێژراوەتەوە
ـ لە باڵیۆزخانەی باوەشی تۆ: كۆمەڵەشیعر
ـ تا پشت ئەو كتێبە، چەندە هەنگاوە؟/ چیرۆكی منداڵانە
ـ وڕاوەی ژەنەراڵ: كۆمەڵە شیعر
ـ دەریچە: تێڕوانینێك بۆ ئەدەبیاتی منداڵانە
ـ ختی متی: كۆمەڵە شیعری منداڵانە

