ڕائیب جادر – هەولێر
پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتە سنووری قەزای مێرگەسۆر و لە ماوەیەکی کەمدا کارەبای ئەو دەڤەرە دەبێتە ٢٤ کاتژمێری.
پڕۆژەی ڕووناکی، پڕۆژەیەکی ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بە ئامانجی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرتاسەری کوردستانە، بەراورد بە پێشتر ٨٠%ی ھاووڵاتییان پارەی کەمتر بە کارەبا دەدەن، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ کارەبای ھەموو کوردستان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری.
دوابەدوای ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆ، زۆرینەی ھاووڵاتییان لەسەر ئاستی شارەکانی ھەولێر، دھۆک، سلێمانی و ھەڵەبجە دەستیان دەگات بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری، ئەم دەستکەوتە ھەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و ھەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەکی پاکتر لە ھەرێمی کوردستان.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، ئەمە لە کاتێکدایە لە ١٤ـی ئایار، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.
بەیان قادر، بەڕێوەبەری کارەبای مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سێ ڕۆژە تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی لە سەنتەری قەزای مێرگەسۆر و ھەر دوو ناحیەی پیران و گۆڕەتوو کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەن، ئەوەش بۆتە جێگەی دڵخۆشی ھاووڵاتییانی سنوورەکە، بە تەواوبوونی کارەکان کارەبای ئەو ناوچانە دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، ئەوەش وا دەکات گوند و ئاوایەکانی سنوورەکە بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری ڕووناک بکرێنەوە.

