رۆژنامەی ھەولێر

ساڵی نوێی خوێندن و دووپاتکردنەوەی ژینگەپارێزی

ئاری ئاغۆک

ساڵانە بەر لە دەسپێکی وەرزی نوێی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە چەند ئامادەکاریەک دەکات بۆ چوونە نێو وەرزی تازەی خوێندن؛ وەک: میلاکات، بەشە وانە، گواستنەوە، پلانی کارگێڕیی پەروەردەیی و، هتد) هەر لەم پێشوازی دەسپێکە، دیوێکی دیکەش هەیە کە پێویستە کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن بە شێوەیەکی گشتی و جدی کاری لەسەر بکەن و جێبەجێی بکرێت، ئەویش بریتیە لە هەڵمەتی پاککردنەوە و خاوێنکردنەوەی ژینگەی ناوەندەکانی خوێندن.

لەگەڵ ئەوەی ساڵانە لە ڕێگەی گشتاندنی وەزارەتی پەروەردەوە چەند خاڵێکی گرنگ وەک ڕێنمایی و ئاگادارکردنەوەیەک دەربارەی پاککردنەوەی ژینگەی قوتابخانە بڵاو دەبێتەوە، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ئەو گشتاندنە بە کارێکی باشی دەزانین، بەڵام پێویستە بەڕێوەبەر و کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن، بە کردار ئەم رێنماییانە جێ بەجێ بکەن، لەگەڵ ئەوەی بەپێی بەدواداچوونمان بەخۆشحاڵیەوە بەشێکی زۆری بەڕێوەبەر و کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن لە ڕێگەی هەڵمەتێکی فراوانی ژینگەییەوە ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن، ئەمەشیان جێی دەستخۆشی و دڵخۆشیە، بەڵام بۆ وەبیرهێنانەوە و بەردەوامی و ئاگاداریی بەشێک لە بەڕێوەبەر و مامۆستا و فەرمانبەرانی ناوەندەکانی خوێندن، ئەوا پێویستە ئەم ئەرک و ڕێنماییانە جێبەجێ بکەن.

1. شوشتنی تانکی ئاوی ناوەندەکانی خوێندن: بێگومان بەهۆی زیاتر لە وەرزێک بەکارنەهێنانی ئاو، یاخود دانەپۆشرانی تانکی، ئەوا کاریگەری هەیە لەسەر پیسداگەڕانی ئاو، بۆیە پێویستە بەر لە کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن، تانکیەکانی
2. خاوێنکردنەوەی دەستشۆرک و شوێنی ئاوخواردنەوەی قوتابیان: یەک لەو شوێنە گرنگانە لە ڕوانگەی تەندروستی و ژینگەییەوە، دەبێت هەمیشە پاک و خاوێن بێت و چاودێری بکرێت، (دەستشۆرک و شوێنی ئاوخواردنەوە)یە؛ چونکە ئەگەر پاک نەبێت، دەبێتە سەرچاوەی دەرد و نەخۆشی.
3. خاوێنکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو تەوالێت و ئاودەستانەی لەکار کەوتوون: لە کاتی سەردان و بەدواداچوونماندا هەمیشە ئەم خاڵە دووپات دەکەینەوە، هەر تێبینیەک هەبێت دەبێت ڕاستەخۆ جێبەجێ بکرێت، بۆیە خاوێنی و پاکڕاگرتنی ئاودەستی ناوەندەکانی خوێندن کارێکی گرنگە و دەبێت هەمیشە پاک و خاوێن بێ.
4. پاککردنەوەی سەربانی ناوەندەکانی خوێندن و سولاوکە و گونج و ڕێڕەوی ئاو: زۆرجار بە هۆی لەبیرکردن یا هەر هۆکارێکی دیکە سەربانی قوتابخانە و باخچەی منداڵان خاوێن ناکرێتەوە، کە بارانێکی لەناکاو دایکرد، لەبەر گەڵا و خاشاک، باراناوەکە ناڕوات و پەنگ دەخواتەوە و، دەبێتە مەترسی بۆ باڵەخانەکە و ژینگە و پۆل و تەنانەت قوتابیانیش؛ بۆیە گرنگە کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن بە دواداچوون بۆ ئەو خاڵە بکەن.
5. خاوێنکردنەوەی پۆل و ڕەحلەکان و چاکردنەوەی کارەبای ناو پۆل: ژینگەی قوتابخانە بەگشتی و پۆل بەتایبەتی ئەو شوێنە گرنگەیە کە بە ماڵی دووەمی قوتابی دادەنرێت، جا ئەو ماڵ و ژینگەیە چەندە خاوێن بێ، ئەوا کاریگەریەکی باشتری لەسەر قوتابی دەبێت، کەواتە خاوێنکردنەوەی پۆلەکان یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان و ڕووناکی و بوونی کارەبایش بەهەمان شێوە.
6. دڵنیایی لە سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و نوێکردنەوەی: بێگومان لە حەرەمی قوتابخانەدا، قوتابی ئامانەتە و، دەبێ لە هەموو لایەنێکەوە ئەو ئامانەتە بپارێزین، بەتایبەتی لە مەرجی سەلامەتی ژینگەیی و تەندروستی؛ هەربۆیە دابینکردنی ئاگرکوژێنەوە بۆ دۆخی نەخوازراو زۆر گرنگە، بەداخەوە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندن، گرنگی بە دابینکردنی ئاگرکوژێنەوە نادەن؛ هەیە ئاگرکوژێنەوەی هەیە، بەڵام ماوەکەی بەسەر چووە، یان لە شوێنێکی دوورەدەست و دەستناخۆشدا هەڵگیراوە و، ئەگەر گرفتێک هەڵبگیرسێت، فریای ناکەون؛ جا یەک لەو خاڵانەی ئێمە دووپاتی دەکەینەوە دابینبوونی ئاگرکوژێنەوەیە.
ئەم خاڵانە پرسە گشتیەکەن و، لە چوارچێوەی ئامادەکاری و پێشوازی قوتابیاندا بۆ ساڵی نوێی خوێندن پێویستە بەزووترین کات، ئەم ڕێنماییانە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا (حکومی و ناحکومی)، جێبەجێ بکرێت چونکە کاتێ لیژنەی ژینگە و تەندروستی سەردانی هەر ناوەندێکی خوێندن دەکات بەدواداچوون لەم ڕێنماییانە دەکاتەوە کە بە گشتاندن ئاگادار کراونەتەوە؛ بە هیوای ژینگەیەکی خاوێن و تەندروستیەکی باشتر بۆ قوتابی و مامۆستایان.

*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی هەولێر