رۆژنامەی ھەولێر

چی بکەین منداڵ دەموددانێکی ساغ و گەشەیەکی چاکی هەبێت؟

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

گرنگە هەموو شتێک دەربارەی ددانهاتنی منداڵ بزانین و بیکەینە ئەزموونێکی کەمئازار بۆی؛ کێشەی هەرە باوی دەموددانی منداڵ بریتین لە داڕزانی ددان (كلۆربوون)، ئازار، هەوکردن، مژینی پەنجەی گەورە، بەکارهێنانی مەمۆڵە و مەمکەوشكە بۆ ماوەیەکی درێژ.
گرنگە دایك و باوكان گرنگی بدەن بە تەندروستیی دەموددان و ددانی منداڵەکەیان و ڕێنماییەکانی ئەو بوارە پشتگوێی نەخەن.
د. كارزان محەمەد حەسەن پزیشكی پسپۆڕی منداڵان، ئاماژە بەوە دەكات كە منداڵ هەتا تەمەنی سێ ساڵان، هەر بیست ددانە شیرییەکەی هاتوونە و، لە تەمەنی نزیکەی شەش بۆ حەوت ساڵاندا، وردەوردە ددانی هەمیشەییش بەدیار دەکەوێت.
دەشڵێت: مەترسییەکانی سەر ددان دەکرێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە بە خواردنی چاک و پاکوخاوێنڕاگرتنی دەموددان لە تەمەنی منداڵییەوە.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە ڕوونی دەكاتەوە كە ددانی ڕزیو پێویستی بە چارەسەرکردنی ددانپزیشکی هەیە؛ ئەگەر منداڵ ترسی زۆری هەبێت لەم حاڵەتدا چارەسەر لە ژێر دەرمانی بێهۆشکاریی گشتیدا دەکرێت. داڕزانی ددان، کار دەکاتە سەر خەو و خۆراس (خەوتن و خۆراک)ـی منداڵ؛ ئەویش دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەشە.
د. كارزان محەمەد ئاماژە بەوە دەكات كە: ئاساییە منداڵ تا دوو ساڵ زووتر یان دواتر لە تەمەنی شەش ساڵان، یەکەم ددانی بکەوێت، بە گشتی کچان زووتر ددانیان دەکەوێت لە چاو کوڕاندا.
یەکەم ددان کە دەکەوێت بەزۆری دەکەوێتە پێشەوەی چەناگەی خوارەوە؛ بە منداڵەکەت بڵێ کەوتنی ددان شتێکی سروشتییە و ددانی نوێ لە شوێنی دێتەوە؛ ئاساییە پووک ناسک بێت و کەمێک خوێنی لێ بچێت لە کاتی ددانکەوتندا.