رۆژنامەی ھەولێر

شێوەکارێکی کورد لە ئیسپانیا خەڵاتی ئۆسکاری هونەری

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

 

یاسین حەسەن، هونەرمەند و شێوەکاری دیاری کورد، لە وڵاتی ئیسپانیا لەلایەن گرووپێکی هونەرییەوە، خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی پێ بەخشرا.

یاسین حەسەن شێوەکاری کورد لەلایەن گروپە هونەری (NMM Art & Luiza Gallery)ـەوە خەڵاتی ئۆسکاری هونەری پێ بەخشرا کە ئەم گروپە ساڵانە، چەند خەڵاتێکی هونەریی “ئۆسکار” بەو هونەرمەندانە دەبەخشن، کە کارە هونەرییەکەیان لە ناوەندەکانی ئەوروپا دەنگدانەوەی دەبێت و پێشکەشی کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوەکە دەکەن.
سەبارەت بە بردنەوەی خەڵاتەکەی هونەرمەند یاسین حەسەن وتی” چەندین هونەرمەند لە ئەوروپا بەشداری لە کێبرکێی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەدا دەکەن و منیش وەک ئەوان بە تابلۆیەک بەشداریم کرد و توانیم خەڵاتەکە ببەمەوە”
یاسین حەسەن، ساڵی ١٩٦٨ لەدایک بووە، لە منداڵییەوە ئارەزووی کاری هونەری کردووە، لە شاری هەولێر ژیاوە و پاشان لە ساڵی ١٩٩٤ چووەتە دەرەوەی وڵات و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە و برەوی بە کارە هونەرییەکانی داوە، چەنیدین پێشانگای شێوەکاری کرووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر تابلۆی شێوەکاریشی لەگەڵ تابلۆی شێوەکارە دیارەکانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا نمایش کردووە و چەندین خەڵاتی جیهانی بردووەتەوە، جگە لەوەش ئەندامی یەکێتیی هونەرمەندانە لە باکووری ئەڵمانیا لە هەرێمی شیلیسڤیک.
کارەکانی ئەم هونەرمەندە لە ناوەرۆکدا ڕێبازی ریاڵیزمی پێوە دیارە و گوزارشت لە هەست و سۆزی مرۆڤ دەکات. زۆرینەی تابلۆکانی چیرۆکێکی تایبەتیان لەپشتە و دەربارەی ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤن.