ئەمڕۆ دادوەر عهبدولجهبار عهزیز حسن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە شاندێکی یەکێتی ئەوروپا بە سەرۆکایەتی ماری پارێت بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و نوێنەری وڵاتانی ئەڵمانیاو فەرەنساو هۆڵەنداو بولگاریاو یۆنان.
لە دانیشتنێکدا کە جێگری سەرۆک و ژمارەیەک ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ئامادەی بوون، باسی دەسەڵاتی دادوەری و رۆڵی یاسا و دادگاکان لە هەرێمی کوردستان کرا.
دواترسەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری کورتەیەکی سەبارەت بە دەسەڵاتی دادوەری و پێکهاتەی ئەنجومەنی دادوەری بۆ شاندی مێوان باسکرد و گوتی: لەهەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە و شان بە شانی دەسەڵاتەکانی دیکە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان کار دەکەن و هەماهەنگی و هاوکارییەکی نزیک لەنێوانیاندا هەیە.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بە بارودۆخی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کرد و رایگەیاند: سەرەڕای ئاستەنگ و کێشەکانی وەک تیرۆر و هەڕەشە ناوخۆییەکان، بەڵام هەرێمی کوردستان رەوشێکی سەقامگیری هەیەو بۆتە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو لایەک و کلتوری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کلتورێکی بەهێزەو ئەمەش لە تایبەتمەندییە جوانەکانی هەرێم و گەلی کودستانە کە دیمەنێکی جوانی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی جیاجیای لە هەرێمی کوردستان خولقاندووە.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بە کاروباری دادگاکان و سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان دا کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، بەڵام قۆناغی باشی بڕیوەو لەو رووەشەوە ئاماژەی بە رۆڵی وڵاتانی ئەوروپی دا کە وەک دۆست و هاوبەشی گرنگیی هەرێمی کوردستان هاوکار بوونەو هەرێمی کوردستان سوودی لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەرگرتووە بۆ پیشخستنی بواری یاسایی و دادپەروەری و هیواشی خواست هەماهەنگی و هاوکاری نێوانیان بەردەوام بێت.
دواتر سەرۆکی شاندی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: هاوبەشی و شەریکایەتی نێوان وڵاتانی ئەوروپی و یەکێتی ئەوروپا وهەرێمی کوردستان هی ئێستا نیيەو مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە، بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر و بەرجەستەکردنی بنەماکانی دیموکراسی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و بۆ ئەوان هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی و جیاوازییەکی زۆری هەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دواتر دەرگای گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان نوێنەرانی ژمارەیەک وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و نوێنەرانی ئەنجومەنی دادوەری کرایەوەو لەسەر ژمارەیەک بابەت و پرسی یاسایی و کاری دادگاکان بیروڕا لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ کراو لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە وەڵامی پێویست و گونجاو درانەوە.