هێزێكی تایبەتیی ئەمەریکی رێكخراوی ئه‌لقاعیده‌ی له‌ سووریا كرده‌ ئامانج

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا  پنتاگۆن رایگەیاند، هێزێكی تایبەتیی ئەمەریکی بە سەرکەوتوویی ئەرکێکی لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئەنجامداوە.

 ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز رایگه‌یاند، پێشبینی ده‌كرێت هێرشەکە جیهادییەکانی سەر بە گروپێكی ئەلقاعیدەی کردبێتە ئامانج.

ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد،  لەمیانەی ئه‌و شەڕ و پێکدادانە، لانی کەم 13 کەس کوژران، شەش منداڵ و چوار ئافرەتییان تێدا بووە. ده‌شڵێت: هێرشەکە ماڵێکی لە ناوچەی (ئەتمە)ـی نزیک سنووری تورکیا کردووه‌ته‌ ئامانج.

جۆن كێبربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، هێزە تایبەتییەکانی ئەمەریکا به‌ فەرمانی سەرکردایەتی ناوەندی هێرشێکیان لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئەنجامداوە. گوتی: “ئەرکەکە سەرکەوتوو بووە.”

كێربی گوتیشی: “هیچ زیانێکی گیانی لە ریزی سوپای ئەمەریكیدا نەبووە، له‌كاتی ده‌ستكه‌وتنی زانیاری زیاتر بۆ میدیاكان رایده‌گه‌یه‌نین”.

ژمارەیەک  گروپی جیهادیی سەر بە  رێكخراوی ئه‌لقاعیدە لە باکووری رۆژئاوای سووریا چالاکن، دوایین شوێنی سەرەکی ئەو چەکدارانەیە کە دژی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەجەنگن و له‌پاڵیان سه‌ركرده‌كانی داعش لەو ناوچەیەدا خۆیان حەشارداوە.

ھەواڵی زیاتر