ڕائیب جادر – هەولێر
بەھۆی ململانێی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان جارێکی تر نرخی زێڕ بەرزبووەوە، بەجۆرێک نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ بە ٦٩٠ ھەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. بەگوتەی بەرپرسانی زێڕ لە ھەرێمی کوردستان، نزیکەی دوو ھەزار پێشانگەی زێڕ و بە دەیان کۆمپانیای بازرگانی ھاوردە و ھەناردەی زێڕ ھەن، ھەروەھا چەند کارگەیەک لە ھەولێر ھەن کواڵیتی زێڕەکەیان لە زێڕی زۆربەی وڵاتان باشترە.
زێڕ بە یەکێک لە کانزا بە نرخەکانی جیھان دادەنرێت و لەڕووی ئابوورییەوە بە شتێکی گرنگ و خاوەنبەھا دەژمێردرێت، نرخەکەشی بەپێی ھەلومەرجی ئابووری لە ھەڵسان و دابەزیندایە، مرۆڤ ھەر کاتێک بیەوێت ھەم بۆ جوانی و بەھۆی نرخەکەشیەوە وەکو ماڵێکی سپی سوودی لێ وەردەگرێت، جگە لەوەی ھەر لە دێر زەمانەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کانزایە مایەی پێکەوەبەستنی ھەر دوو ڕەگەز بووە.
لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە نرخی زێڕ لەلایەن سەندیکای زێڕینگرانەوە بڵاو دەکرێتەوە، لە ھەمان کاتدا ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت بە ھاوردە و ھەناردەی زێڕ ھەن کە زێڕی شکاو لە پێشانگەکان دەکڕنەوە و دوای توانەوەی بە قاڵب بە ئیمارات و تورکیای دەفرۆشن، لەوێش زێڕی دروستکراو ھاوردە دەکەن، خەڵکی ھەرێمی کوردستان زیاتر زێڕی عەیار ٢١ کڕین و فرۆشتن پێوە دەکەن.
لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان جارێکی تر نرخی زێڕ بەرزبووەوە، بەجۆرێک نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ بە ٦٩٠ ھەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەوەش بەھۆی ململانێ سیاسییەکانە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ھەرێمی کوردستان پەیوەستە بە بۆرسەی جیھانی و ئەو خواستە زۆرەی لەسەر ئەم کانزایە پەیدابووە، ھۆکارەکەشی بۆ نرخی نەوت و سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، شەڕی ئیسڕائیل و ئێران دەگەڕێتەوە کە جۆرێک لە ناسەقامگیری ئابووری لە جیھاندا دروستکردووە.
لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ھەزار پێشانگەی زێڕ و بە دەیان کۆمپانیای بازرگانی ھاورد و ھەناردەی زێڕ و ئەلماس و بەردە بەنرخەکانی لە ھەرێمی کوردستان ھەن، پێشانگەکان بەشێوەی تاک زێڕی دروستکراو دەفرۆشن و زێڕی کۆن و شکاو لە خەڵک دەکڕنەوە، دوای تواندنەوەی بە قاڵب بە کۆمپانیاکانی زێڕ دەفرۆشنەوە، ئەوانیش قاڵبە زێڕەکان بە بازرگانانی تورکیا و ئیمارات دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی دروستکراو ھاوردە دەکەن.
گرانبوونی نرخی زێڕ باری ئەو کەسانەی گران کردووە کە ژیانی ھاوسەرگیری پێکدەھێنن، لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە کاتی پێکھێنانی پرۆسەی ھاوسەرگیری، وەک نەریتێک پێویستە ماڵی زاوا بڕێک زێڕ بۆ بووکەکە بکڕێت، کوڕان زۆرجار گلەیی ئەوە دەکەن کە ئەم نەریتە بۆتە بارگرانی بۆیان، ھەروەھا گرانبوونی زێڕ لەم دوایانەدا ئەو بارگرانیەی قورستر کردووە، بەپێی قسەی زێڕینگران ئەمەش بۆتە ھۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ھاوسەرگیری. نازدار چاوشینن، تازە لەگەڵ کوڕێک ئەلقەی گۆڕیوەتەوە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: زێڕ یارمەتیدەرە لە کاتی پێویست و تەنگانەدا دەتوانی سوودی لێ ببینی، جگە لەوەی جوانییەکیش بە ئافرەتان دەبەخشێت، بەڵام نامان گەیەنێت بە بەختەوەری، جگە لەوەی ئێستا داواکردنی زێڕ چاولێکەرییە و ھیچی دیکە نییە، بۆیە پێموایە ئەگەر کچان بیانەوێت بە ئاسوودەی بژین ئەوا ھەرگیز نابێت داوای زێڕی زۆر بکەن، چونکە زێڕ ژیانی ئافرەتان ئاسوودە ناکات.
زێڕینگرانیش، دەڵێن، ڕەوشی بازاڕی زێڕ زۆر خراپە، ئەگەر کەسێک پێویستی پێ نەبێت و ناچار نەبێت زێڕ ناکڕێت. تەیب نایف، زێڕینگرێکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: گرانبوونی نرخی زێڕ ٩٠% کاریگەری لەسەر پرۆسەی ھاوسەرگیری ھەبووە، جاران ھاووڵاتی ھەبووە ١٠٠ مسقاڵ زێڕی کڕیوە، ئێستا ئەگەر زۆر زێڕ بکڕێت ٣٠ مسقاڵە، بۆیە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێڕ زۆر لاواز بووە، پێش ماوەیەک ئەگەر ڕۆژانە ٤٠ کەس سەردانی ئێمەیان کردبێت، ئێستا ڕۆژانە ٤ کەس سەردانمان ناکەن، ئەوەش وای کردووە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێڕ لاواز بێت.
کارۆخ کەریم، زێڕینگرێکی سنووری دھۆکە، بە ڕۆژنامەی”ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، زێر لەوەتەی ھەیە بەردەوام نرخەکەی ھەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، پەیوەندی بە کێشە و ئالۆزی وڵاتان و ئەو شەڕەی لە ناوچەکە ھەیە، ئەوەش وا دەکات لە داھاتوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە.
مونیر حەمید، توێژەری دەروونی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بەرزبوونەوەی زێڕ بەم ڕێژە زۆرە، بارگرانییەکی زۆری لەسەر گەنجان دروست کردووە، ئەگەر ھاوسەرگیری لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێگەیەکی دروستی ئامانجدار بێت، ئەوا پێویست ناکات زێڕ و پارەی زۆر بکرێتە پێوەر، ناکرێت باری ئابووری و کڕینی زێڕ بخرێتە پێش بنەمای خۆشەویستی و ڕێزگرتن، لەگەڵ ئەوەش یەکێک لە ھۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی قەیرەیی، لایەنی داراییە، بۆیە گرنگە ئەگەر کچ و کوڕێک بیانەوێت بە یەکتر بگەن، دەبێت ڕێز و خۆشەویستی لەنێوانیاندا ھەبێت، نەک ھەموو شتێک.
ھەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان، پێشتر بە ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتبوو: سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر چەند وڵاتێک، لە ھەمان کاتدا گرژی و ئالۆزیەکانی ئیسرائیل و فەلەستین، شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، لەلایەکی دیکەوە شەڕی ئیسڕائیل و ئێران، وای کردووە نرخی زێڕ زیاتر بەرزببێتەوە، ھەروەھا زۆری داواکاری لەسەر کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە گەورەکانی جیھان، ھەروەھا ھەندێک لە وڵاتەکانی جیھان کە لە کڕینی زێڕ دەستێکی باڵایان ھەبووە ئەوانە ھۆکاری ھەرە سەرەکین کەوا نرخی زێڕ بەرزببێتەوە، ھەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە لە داھاتوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرز بێتەوە.
گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: زێڕی کوردستان زۆربەی لە ئیمارات و تورکیاوە ھاوردە دەکرێت، بەتایبەتی ئیمارات، زێڕی عەیار ٢١ زیاتر بۆ بابەتی ھاوسەرگیری بەرکاردێت، بەڵام ئەوەی بۆ بازرگانی کردن بێت کە خەڵک بیەویت بە قالب دێت و بە کیلۆ دەکڕن نەک زێڕی دروست کراو، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کارگەکانی خۆمان کواڵێتی زۆر بەرزیان ھەیە کە چەند کارگەیەک لە ھەولێر ھەن کواڵیتی زێڕەکەیان لە زێڕی زۆربەی وڵاتان باشترە، کە دروستی دەکەن.

