د. خالیدە خەلیل
كە كوردبوویت، واتا دەبێ هەر لەگەڵ لەدایکبوونتدا ئاوازێکی غەمگین لەخوێنتدا هەبێت، کە هەرگیز ناكوژێتەوە، هەروەها زامێکی هەتاهەتایە لە دڵتدا هەبێت کە نایەوێت هەرگیز ساڕێژبێت.
واتا چاوت لە جوگرافیایەکی خائیندا بکەیتەوە، کە جەستەی نەتەوەکەتی لە نێوان سنوورێکی دەستکرددا پارچە پارچە کردووە، هەروەها لە سیاسەتێکدا کەوا ڕاهاتووە مافت لە دیاریكردنی چارەنووستدا بەردەوام بە کێشەیەکی دواخراو سەیر بکرێ و مێژوویەکی کوێر کە هەرگیز قوربانیدانەکانتی لەسەر لووتکەی چیا سەرکەشەکان رەچاو نەکردووە، کە هەر بەردێکیان چیرۆکی تێکۆشەرێکی نەبەردی تۆمار كردووە، هەروەها ئەو دۆڵە خۆڕاگرانەی كە نەبەردییەكانیانی هەڵگرتوون.
كوردبوون، بریتیە لەوەی لە باب و باپیرانتەوە، نەك تەنها چیرۆكەكان، بەڵكوو خۆڵەمیشی ماڵە سووتێنراوەکان و گوندە ڕاگوێزراوەکان و تاڵیی دورخراوەیی و برینی گیانەکانت، بۆ بەجێ مابێت.
هەروەها لە ناختدا یادگاری نەتەوەیەكی تەواو هەڵبگریت، نەتەوەیەك لە چارەنووسی نووسراوە دەبێ لەسەر خاکی خۆیدا بەنامۆیی بژیت، چونکە نەخشەکان هێشتا دانیان بەبوونیدا نەناوە، بۆیە بەردەوام لەچاوی دونیادا بەدوای نیشتمانێکدا دەگەڕێی کە بە مەرەکەب وێنای ناکێشرێ، بەڵکوو بەفرمیسک وخوێن دەنەخشێنرێ.
كوردبوون، واتا ببینی کە ستەم بووەتە بڕیارێکی سیاسی بۆ قەلاچۆکردنی گەلێک، هەموو تاوانەکەی ئەوەیە جیاوازە. هەروەها گوێبیستی ناڵەو هاواری هەڵەبجە بیت وەک زەنگێک کە هەرگیز لەزرنگانەوە ناکەوێت و ببینی ڕۆحی ئەنفالکراوەکان شەوی درێژت لەباوەش بگرن بەگوێچکەتدا بچرپێنن و بڵێن: لێرە مرۆڤایەتی لەتاقیكردنەوەیەكی سەخت دەرنەچوو.
واتا بەچاوی خۆت ببینی کە زەوی چۆن کارەساتێک لەخۆ دەگرێت کەناوی شنگاڵە، کەتیایدا ئافرەتەکانیان لەکاروانی شەرمەزاریدا دیلكران، پیاوەکانیشیان بەخوێنێکی ساردەوە سەربڕدران، مناڵەکانیشیان بوونە نێچیری برسیێتی و سەرگەردانی، لەکاتێکدا کە جیهان بەبێ دەنگی سازشی دەکرد و مرۆڤایەتی بەکەمترین نرخ دەفرۆشێت.
كوردبوون، واتا لە رێگای راستیدا بەتەنیا بیت، دەزانیت کە ئاسمان گەواهی مەزڵومییەتت بۆ دەدات، لەکاتێکدا هەموو سیاسەتەكان سوورن لەسەر ڕەتکردنەوەت.
كوردبوون، واتا دەبێ شەڕی بێ دەنگیی بکەیت و ڕایبگەیەنیت کە ژیان بەهێزترە لە مردن و ململانێ لەگەڵ شەو بکەی، كە ئاسۆی بەرەبەیان مەحاڵە هەر دەردەکەوێت.
كوردبوون، واتا بەسەربەڕزیی بەڕێگادا بڕۆیت، خاچی ئازارەکانت هەمیشە هەڵگری، و بزانیت هەرچەندە خۆری ئازادی لەپشت هەوری تراژیدیاکانەوە ئاواش بووبێت، بەڵام ڕۆژێک دێت لەنوێ هەڵدێتەوە.
كوردبوون، واتا دەبێ باوەڕت بەوە هەبێت کەخوێن ترس لەپاش خۆی جێ ناهێڵێت، بەڵکو سووربوون جێ دەهێڵێت، لەکاتێکدا بە دەستی ڕاستت لافیتەی مێژووە بارکراوەکەت بە ئازار و مەینەتییەکان هەڵگرتووە و بە دەستەکەی تریشت پەیامی ئاشتیت هەڵگرتووە، بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێیت: ئێمە وەک سیمرغین، نەتەوەیەکین لەخۆڵەمێش لەدایک بووین، بەڵام تا ئێستاش خەون بەئاشتییەوە دەبینین، تا ئێستاش لە ئازارەکانمان هۆنراوەی ژیان دەهۆنینەوە .

