رۆژنامەی ھەولێر

ئەمەریکا خەریکە درک بە نیگەرانییەکانی کورد و دروزی و عەلەوییەکان دەکات

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەڵوێستەکانی تۆم باراک نوێنەری تایبەتیی ئەمەریکا لە سووریا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نیگەرانیی لای کورد و پێکهاتەکانی تری سووریا هێنابووە کایەوە، بەڵام ماوەیەکە هەست بەوە دەکرێت تۆم باراک ئەو ڕوانگەیەی جارانی بەرانبەر بە حکوومەتی ئەحمەد شەرع نەماوە و درک بەو نیگەرانییانە دەکات کە کورد و درووزی و عەلەوی و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا هەیانە و بە گوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا باراک لە ڕێکارە چارەسەرییەکانی کورد نزیک و لە هی ئەحمەد شەرع دوور کەوتووەتەوە.

وەک ئاشکرایە لە هەشتی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ڕژێمی ئەسەد ڕووخا و ئەو کەسەی فەرماندەیی گرووپەکانی ناسراو بە تەحریر شامی دەکرد و بە ئەبومحەمەد جۆلانی ناسراو بوو دەسەڵاتی سووریای بەدەستەوە گرت و سیماکەی لە کەسێکی تیرۆریستی داواکراوەوە گۆڕدرا بە سەرۆک کۆماری ڕاگوزەری سووریا.
ئەو گۆڕانکارییە ناو و شێوازی جلوبەرگ و تەنانەت مۆدێلی ڕیش تاشین و بەستنی ڕیبات و لەبەرکردنی قاتیشی گرتەوە و ناوەکەیشی بۆ ئەحمەد شەرع گۆڕدرا. دەرگاکانی دیپلۆماسی بە ڕووی سووریادا کرانەوە و ئەمەریکا و ڕۆژئاواییەکان ئەو دەرفەتەیان پێی دا سووریای نوێ دابمەزرێنێتەوە و مەرجی ئەوەیان بۆی دیاری کرد وڵاتەکە نەبێت بە لانکەی تیرۆر و بە پێویست زانرا ڕێز لە بنەماکانی پێکەوەژیان و دیموکراسی بگیرێت.
لە سووریا بەهێزترین لایەن کە لە گۆڕەپانەکە ڕۆڵیان هەبووە هەسەدە بوون کە زۆرینەیان کوردن و لە میدیای ڕۆژئاوا زیاتر بە هێزە کوردییەکان ناویان دەهێنرێت. لە ئاداری ئەمساڵ ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە لەبارەی هەندێک بنەمای گشتی ڕێککەوتن کە گرنگترینیان یەکپارچەیی خاکی سووریا و تێکەڵبوونی هێزەکان لەناو سوپایەکی یەکگرتوودا بوو.
بەڵام ئەو دەستوورە کاتییەی حکوومەتی نوێی سووریا نووسییەوە و ئەو کابینەیەی دامەزرێنرا و ئەو پەیام و هەڵوێستانەی هەیانبووە پێچەوانەی ئەو گوتارە بووە کە دەبوایە ڕەچاو بکرێت، لەم دواییانەشدا خەریکە هەڵبژاردنی شانۆییش ڕێکدەخەن کە هەر دوێنێ لە لایەن هێزە کودییەکانەوە ڕەت کرایەوە.
دیمەشقی نوێ ماوەیەک هێرشی کردە سەر عەلەوییەکان و بە هەزارانی لێیان کوشت و ماوەی ڕابردووش هێرشی کردە سەر درووزییەکان و بە هەزارانی لێ کوشتن و هەوڵی ئەوە دراوە تۆمەتی ناڕەوا بەسەر کورددا بسەپێنێت و زەمینە بۆ لێدان لە کوردیش خۆش بکرێت.
هێزە کوردییەکان لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا زیاتر لە هەر کاتێکی تر یەکگرتوو بوون و پەیامەکانی خۆیان ڕوونتر لە جاران بە دیمەشق گەیاندووە و پێداگریان لە دامەزراندنی سووریایەک کردووەتەوە کە لەسەر بنەمای ناناوەندی بێت و دەسەڵاتەکان دابەش بکات و هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان مافەکانیان لە چوارچێوەی سووریادا بەدی بهێنرێت.
ئەوەی لەو ماوەیەدا کەمێک دۆخەکەی ئاڵۆز کردبوو هەڵوێستەکانی تۆم باراک بوو کە لە قازانجی دیمەشقدا قسەی دەکرد و تەنانەت گوشاری خستبووە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان بەرانبەر ئەحمەد شەرع سازش بکەن و پێداگری لە سووریایەکی ناوەندی دەکرد. باراک چەندین جار داوای لە هەسەدە کرد هێزەکان تێکەڵی سوپا بکاتەوە بەڵام هەسەدە پێی ڕازی نەبوو و داوای گەرەنتی و پاراستنی پێکهاتەکانی کرد.
ماوەیەکە دۆخەکە گۆڕدراوە و بەپێی نوێترین ڕاپۆرت کە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاو کراوەتەوە باس لەوە کراوە تۆم باراك دوای كوشتارگه‌كه‌ی سوه‌یدا سه‌رنجی له‌باره‌ی دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی ناوه‌ندیی سووری گۆڕاوه‌ و بیر لە ئەلترناتیڤ دەکاتەوە.
باراک ماوەیەک لەمەوبەریش بە ڕۆژنامەنووسانی گوتبوو لەگەڵ فیدراڵی نییە بەڵام دەکرێ شتێک هەبێ نزیک لەو سیستمە كه‌ هه‌موو كه‌سێك بتوانێت پێگە و کلتور و زمانی خۆی بپارێزێت و لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە هەڕەشەی لێ نەکرێت.
ئەمە دەری دەخات کە تۆم باراکی بازرگانی پێشوو و دیپلۆماتکاری ئێستا، خەریکە لە قووڵایی کێشەکە تێدەگات و دەزانێت سووریای داهاتوو نابێت لەسەر بنەمای ناوەندی بێت و دەبێ سیستمێکی نزیک لە فیدراڵی بۆ دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان دەستنیشان بکرێت.
بەڵام ئەوەی شەرع داوای کردووە حکوومەتێکی ناوەندی لە ژێر ناوی سووریای عەرەبی بووە کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ حکوومەتەکەی پێشوو نییە و دەخوازێت خۆی کوێخا و نەتەوە و پێکهاتەکانی تر ژێردەستە و گوێرایەڵ ببن و بە هەمان ئاوازی جاران درێژە بە دەسەڵاتی سووریا بدات.
ئەوەی جێی تێڕامانە هێشتا سووریا تەنانەت ددانی بە زمانی کوردیش نەناوە کە لە ٢٠١١ەوە لە دوای ئازادبوونی ڕۆژئاواوە بە فەرمی کاری پێ دەکرێ و لە قوتابخانەکان دەخوێنرێت، چ جای ئەوەی مافەکانی قبوڵ بکات، سیاسەتی شەرع ئەوە بووە هەمووان لە ژێر سێبەری ئیسلامی عەرەبیی سوننەدا بەدوای مافەکانیانەوە بن بەڵام دۆخەکە گۆڕاوە و ئەوا سووریای نوێیە کە دەبێت خۆی لەگەڵ سەردەمی نوێ و مافی نەتەوە و پەکهاتەکان بگونجێنێت ئەگەرنا چارەنووسی هاوشێوەی ئەسەد دەبێت.