وتەبێژێکی کۆمپانیای هانت ئۆیلی ئەمریکی، ڕایگەیاندووە؛ کۆمپانیاکەیان لە هەرێمی کوردستان دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە ئەمەش مانگێک دوای ئەوە دێت کە کارەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگەیەکی نەوتی نزیک شاری دهۆک بە هۆی هێرشی درۆنییەوە ڕاوەستابوو.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، پێشتریش کۆمپانیای DNOی نەرویجی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندبوو.
کۆمپانیای هانت ئۆیل لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دەرهێنانی نەوت لە کێلگەی باعەدرێی سەر بە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆکە. ئەم کێلگەیە لە مانگی رابردوودا دوو جار بە درۆن هێرشی کرایە سەر و بەم هۆیەشەوە کارەکانی کۆمپانیاکە و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێلگەکە بە تەواوی ڕاوەستابوو.
کۆمپانیای هەنت ئۆیل یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار دەکات و ئەم کۆمپانیایە کە بنکەی سەرەکییەکەی لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکایە زیاتر لە 90 ساڵە لە بواری دەرهێنانی نەوتدا چالاکە.

