رۆژنامەی ھەولێر

چیخۆفی عەرەب تەنیا بۆ گەلی میسر نووسی

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری

 

هەتا هەبووە، هەموومان کۆڵان و شەقامە تێكەوەگیراوەكانی میسر، بە تایبەتی قاهیرە، بە (نەجیب مەحفووز)ەوە دەناسین. ئەوەی كە مەحفووز گێڕەرەوەی گەورەی خەڵکی ئاساییە ڕاستە، بەڵام لەم نێوەندەشدا نابێت ناوێکمان لە یاد بچێت كە ئەویش (یوسف ئیدریس)ـە.

ژیانی یووسف:
یوسف ئیدریس كە بە چیخۆی عەرەبیش ناسراوە، لە ساڵی ١٩٢٧ لە فاقووسی میسر لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٩١ و لە تەمەنی شەستوچوار ساڵاندا کۆچی دوایی کردووە.
ئیدریس لە بەشەكانی دەروونناسی و پزیشکی خوێندوویەتی. سەرەتا چیرۆكەكانی لە دەهەی ١٩٥٠ بڵاو کردەوە و لە دواجار لە ساڵی ١٩٥٤ کۆمەڵە چیرۆکەکانی بە ناوی (شەوە بێبەهاكان ـ أرخص اللیالی) چاپ و بڵاو کردووە.
یوسف ئیدریس، نووسەری كورتەچیرۆك و ڕۆماننووس و شانۆنامەنووسێكی دیاری دنیای عەرەب بوو و و زیاتر بە كورتەچیرۆكەكانی بەنێوبانگ بوو.
لە ژیانی نووسینیدا، چوار جار خەڵاتی ئەدەبی وڵاتانی دنیای پێ بەخشرا. تا ئێستا نزیكەی 30 كتێبی لێ چاپ كراوە و زۆربەشیان وەرگێڕدراونەتە سەر چەندین زمانی زیندووی دنیا. ئیدریس لە ساڵی 1997، بە هۆی ڕۆمانی (شاری خۆشەویستی و خۆڵەمێش) میدالیای نەجیب مەحفوزی بۆ ئەدەبیات پێ بەخشرا.

ناوەرۆكی چیرۆكەكانی:
بیرۆکەی سەرەکی ئەم کتێبە و کتێبەکانی دواتری ئیدریس، هەمووی گەلی میسر بوون. ئیدریس هەر وەک زۆربەی نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەر بووە بە دۆخی کۆمەڵایەتی و زۆربەی بەرهەمەکانی لە هەناوی خۆیاندا پرسی سیاسییان هەڵگرتووە. ئەوەی کە لە نووسەری سەردەمی خۆی، واتە نەجیب مەحفووز جیای دەکاتەوە، بەکارهێنانی توخمە سیاسی ـ کۆمەڵایەتییەکانە لە بەرهەمەکانیدا کە لە خوارەوە باسیان دەکەین.
ئیدریسیش وەکو مەحفووز، لە پێشەنگەكانی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، شێوازێک کە میسرییەکان وادیارە باش دەتوانن ئەسپی خۆیان تیایدا تاو بدەن. هەڵبژاردەی ئیدریس، خەڵکی کۆڵان و بازاڕەکانی میسرن، خەڵکێک کە بە درێژایی سەدەی بیستەم لەژێر فشار و پاڵەپەستۆیەكی زۆردا بوون. ئاوات و ئارەزوویەكی زۆر لەبەر چاویان ون بوون و جەنگ و شەڕێكی زۆریان ئەزموون كرد.

كۆمەڵەچیرۆكی جۆرە هەڵەیەك:
ئیدریس كتێبێكی هەیە بە ناوی (جۆرە هەڵەیەك)، ئەو كتێبەی لە 10 كورتەچیرۆك پێك هاتووە و هەر هەموویان جۆرە تەنز و بەزمەساتێكی تایبەتیان تێدایە كە تەنیا لای ئیدریس هەیە و بەس.
ئیدریس لەم چیرۆکانەدا بە پێچەوانەی زۆربەی ئەو چیرۆکانەی کە لە ئەدەبی وڵاتانی عەرەبیدا هەن و ئێمە خوێندووماننەتەوە، ڕاستەوخۆ ناچنە نێو بابەتە سیاسییەکانەوە، بەڵكو کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە پەراوێزی چیرۆکەکانیدان. ڕووداوەکانی چیرۆکەكان تێكەڵ بە ئازارە سیاسییەکانی گەلی میسر نابن. بۆ نموونە لە چیرۆکی «گەل»ـدا ڕێك دەچێتە زگ خودی گەل. لەم چیرۆکەدا ئیدریس بە گاڵتەجاڕییە ڕەخنەگرانەكەیەوە ڕوو دەكاتە “گەمژەیی” گەل. هەڵبەت بەشێكی زۆری ئەم گەمژایەتییەش تاوانی خودی خەڵکی نییە، بەڵام بەرگریکردنیان لە بەرامبەر زانین و هۆشیاری، چەق و كرۆكی چیرۆکەكەیە.

چیرۆكی جزدان:
لە چیرۆکە درەوشاوەكەی «جزدان»، ئیدریس باس لە ترس و دڵەڕاوكێیەكانی سەردەمی منداڵی دەکات کە بۆ دەستكەوتنی پارەی چوونە سینەما پلانێک دادەڕێژێت ـ کە لە مێشکی منداڵیدا وەك ئۆپەراسیۆنێکی زۆر زەحمەتی سیخوڕییە ـ پلانی دزینی پارە لە گیرفانی باوکی، پاڵەوانی ژیانی، لەو کاتەی کە هەموو ئەندامانی ماڵەوە نووستوون. ئەمجارەشیان ڕەهەندە تایبەتەكەی چیرۆکەكە جۆرێك لە بزۆزیی باوی سەردەمی منداڵییە، بەڵام ئەوەی لە پشت ئەم چیرۆكەوە خۆی مەڵاس داوە، هەژاریی خەڵكە. باوكەكە گیرفانەكانی بەتاڵە، بەڵام کاغەزێكی زۆری لایە کە پەیوەندییان بە کارەکەیەوە هەیە.

چیرۆکی «قۆناغی چوارەم»:
ئەم چیرۆکەی گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە. «قۆناغی چوارەم» چاوپێکەوتنی ئافرەتێکی زیندانی و نەخۆشە لەگەڵ پزیشکێکی لەخۆبایی. لەم چیرۆکەدا بەربەرەکانی دوو بیرکردنەوە نیشان دەدرێت. پیاوێک کە لە ژیانیدا لە دۆخێكی گونجاودا ژیاوە و لە بەرامبەریشدا ژنێك کە فشار و پاڵەپەستۆی جۆراوجۆری لە ژیانیدا لەسەر بووە و ئێستا پزیشكەكە قەزاوەتی دەكات کە عادتی وایە هەموو شتێك لە سەرەوە ببینێت، هەرچەندە خودی ژنەكەش زۆر گرنگی نادات بە پزیشکەكە و هەڵسوکەوتەکانی. ژنەكە ڕاستگۆیانە وێستگە گرنگەکانی ژیانی لەم چاوپێکەوتنە چەند خولەکییەدا بۆ پزیشکەکە دەگێڕێتەوە و ڕێگەی قەزاوەت بۆ دکتۆر مازن واڵاتر دەکات. هەتا ئەو ڕادەیەی کە پزیشکەکە ڕێگە بە خۆی دەدات سووکایەتی پێ بكات:
“دکتۆرەکە غافڵگیر بوو و بە چاوەیلی كراوەوە تەماشای كرد. وەک ئەوەی ڕۆح و مۆتەكەیەك ببینێت. پێی وابوو ژنەكە وەك مارێكە كە دەیهەوێت قووتی بدات. نیگەران بوو. لەناکاو تۆنی دەنگەکەی گۆڕی و ڕوخساری تێكەوە نا و گوتی: باشە، تۆ كپ بە.”
لە هەموو ئەو چیرۆكانەی کە لە سەرەوە كەمێكمان باس کردن و ئەو چیرۆکانەی دیکەی کە لێرە باسیان لێوە نەکرا، یووسف ئیدریس زمانی گەلەكەی خۆیەتی. ئەو باسی گەلێک دەکات کە لە دۆخێكی تایبەتی مێژووییدا دەژین. جەنگیان بینیوە، گۆڕانی ڕژێمیان بینیوە، جیابوونەوەیان لە عوسمانی بینیوە و ئێستا لە دەرووندا لە حاڵی گۆڕانن.
ئیدریس گۆڕانکارییەکان لە باشترین حاڵەتی خۆیان و لە کورتترین چیرۆکەکانیدا دەردەخات. ئەو بە دوای شتێکدا دەگەڕێت کە ڕەنگە لە نووسراوەکانی مەحفووزدا نەتوانین بیدۆزینەوە. ئیدریس بەدوای زمانێکدا دەگەڕێت کە لەگەڵ ئەوەی تیژ و ڕەخنەگرە، بەڵام كەس بریندار ناكات. لەم ڕووەوە ڕیالیزمی ئیدریس دەكەوێتە شوێنێکی دیکە کە لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی میسر تایبەت بە خودی ئیدریسە. كەشی زمانیی نووسراوەکانی ئیدریس، كەمتر لە هی نووسەرانی ئەم سەردەمەی میسر دەچێت و هەر ئەمەش دەتوانێت ئەزموونی خوێندنەوەی كۆمەڵە چیرۆكی (جۆرە هەڵەیەك) خۆشتر و شیرینتر بکات.