دیانا یاسین عەلی
وەبەرهێنان هەمیشە پەیوەندیی بە تەرخانکردنی سەرچاوەکانی ئەمڕۆوە هەیە، وەک کات، هەوڵ، پارە، یان هەر سەروەت و سامانێک، بەو هیوایەی لە داهاتوودا پاداشتێکی زیاتری هەبێت لەوەی کە لە سەرەتاوە بۆی دابین کراوە. وەبەرهێnan لە کچاندا گرنگە، چونکە کچان تەنها دایکی داهاتوو نین، بەڵکو ئەوان پزیشک، زانا، ئەندازیار، هونەرمەند و سەرکردەی داهاتووشن. کاتێک کچێک پەروەردە دەکەین، ژنێکی بەهێز بۆ داهاتوو ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی بڕیاری ئاگادارانە سەبارەت بە ژیانی خۆی، خێزانەکەی و کۆمەڵگەکەی بدات. کچانی خوێندەوار درەنگتر هاوسەرگیری دەکەن، منداڵی تەندروستیان دەبێت و داهاتێکی باشتریان دەست دەکەوێت، بەمەش ئەگەری پەروەردەکردنی نەوەیەکی کارامە بۆ داهاتوو زیاتر دەبێت. ئەم بنەمایەی بەهێزکردنی کچان دەتوانێت تەواوی کۆمەڵگە بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و کارامەتر.
مامۆستا کەوسەر قاسم حەبیب، پسپۆڕی دەروونی، بۆ هێلین میدیا:
“وەبەرهێنان لە تەندروستیی دەروونیی کچاندا واتە دابینکردنی ژینگە و پاڵپشتییەک کە یارمەتیان بدات لە ڕووی دەروونییەوە گەشە بکەن، متمانە بەخۆیان دروست بکەن و بگەنە تەواوی توانا شاراوەکانیان. ئەم جۆرە وەبەرهێنانە لە پەروەردە یان ڕاهێنانی پیشەیی کەمتر نییە؛ بەڵکو ئەو بناغەیەیە کە هەموو شتێکی دیکەی لەسەر بنیات دەنرێت.
لێرەدا چەند لایەنێکی سەرەکیی ئەم وەبەرهێنانە دەخەینەڕوو:
١. بەرەوپێشبردنی تەندروستیی دەروونی:
فێرکردنی کچان کە چۆن هەستەکانیان بە شێوەیەکی تەندروست دەرببڕن.
یارمەتیدانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوشار و کێشەکانی ژیان.
پێشکەشکردنی پاڵپشتیی سۆزداری لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردندا.
٢. دروستکردنی متمانەبەخۆبوون:
هاندانیان بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار بدەن.
پشتگیریکردنیان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی شکست و فێربوون لێی.
ئاهەنگگێڕانبەبۆنەی دەستکەوتەکانیانەوە، هەرچەندە بچووکیش بن.
٣. دامەزراندنی وێنەیەکی ئەرێنی بۆ خود:
یارمەتیدانیان بۆ قبووڵکردنی خۆیان و جەستەیان.
ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گوشارە کۆمەڵایەتییانەی کە پەیوەستن بە ڕواڵەت یان ڕۆڵە باوەکانەوە.
٤. پەرەپێدانی کارامەییەکانی ژیان:
بەرزکردنەوەی توانای پەیوەندیکردن، چارەسەرکردنی کێشەکان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.
فێرکردنیان دەربارەی سنووری پەیوەندییە تەندروستەکان و چۆنیەتیی وتنی ‘نا’.
٥. دروستکردنی ژینگەیەکی پاڵپشت:
دابینکردنی نموونەی ئەرێنی (وەک دایک و باوک، مامۆستا، یان سەرکردە).
جەختکردنەوە لەوەی کە شایەنی خۆشەویستی و ڕێزن، بەبێ گوێدانە دەستکەوتەکانیان.
٦. پەروەردەکردنی ئامانجی گەورە:
پشتگیریکردن لە خەونەکانیان و هاندانیان بۆ ئەوەی بەدوایاندا بگەڕێن.
کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆیان لە بوارەکانی پەروەردە، کار و سەرکردایەتیدا.
ئەم وەبەرهێنانە دەبێتە هۆی ئەوەی کچان خاوەنی تەندروستییەکی دەروونیی بەهێز، کەسایەتییەکی سەربەخۆ و باوەڕێکی قووڵ بن بە بەها و توانای خۆیان بۆ بەشداریکردن لە کۆمەڵگادا.”
ڕۆژنامەنووس سەربەست برزۆ، بۆ هێلین میدیا:
“پێویستە کۆمەڵگای کوردی زیاتر بەرەو کراوەیی بڕوات و بایەخی زیاتر بە وەبەرهێنان لە کچاندا بدات لە هەموو بوارەکاندا. دەبێت زەمینەیان بۆ خۆش بکرێت و ئەم کارەش پێویستە لە پەروەردەی خێزانەوە دەست پێ بکات، بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دروست ببێت. بەم شێوەیە، لەبری یەک یان دوو کەس، بە هەزاران کچی وەبەرهێنەرمان دەبێت. ئەمەش ئەرکی سەرشانی حکومەت سووک دەکات و ڕێژەی دامەزراندن کەمدەکاتەوە. هەروەها، ئەمە ئەرکی ڕێکخراوەکانی بواری ژنانە کە لەبری چالاکیی کاتی و بێبەرهەم، کار لەسەر ئەم پرسە ستراتیژییە بکەن کە سوودی بۆ تاک و کۆمەڵگەش هەیە. خودای گەورە لە ئادەم و حەواوە مرۆڤی بەیەکسانی دروست کردووە.”
مامۆستا سوعاد عەلی محەمەد، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، بۆ هێلین میدیا:
“پێویستە لە هەرێمی کوردستان گرنگیی تایبەت بەو کچانە بدرێت کە چالاکن و خاوەن بیر و هزری بنیاتنەرن. دەبێت ڕێگەیان بۆ خۆش بکرێت تا ببنە خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز لە کۆمەڵگادا، ئەمەش لە ڕێگەی پشتگیریکردنیان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆییی ئابووری و وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەتدا. هەروەها، گرنگە هەوڵ بدرێت شوێنی دەستیان لەو پڕۆژە و چالاکییانەدا دیار بێت کە کاری تێدا دەکەن.
نابێت تەنها بیر لەوە بکرێتەوە کە خاوەنی چ بڕوانامەیەکن یان نا، چونکە هەزاران کچ لە هەرێمی کوردستان هەن کە خاوەن بڕوانامەن بەڵام نەیانتوانیوە لە کەرتی حکومی دابمەزرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرێکیان لە کەرتی تایبەتدا توانیویانە ئازایەتیی خۆیان بسەلمێنن و ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو باشتر بگۆڕن. هەروەها توانیویانە داهاتێکی سەربەخۆیان هەبێت.
هەندێک لەو بوارانەی وەبەرهێنان کە بۆ کچان گونجاون بریتین لە: دروستکردنی خواردن و شیرەمەنی، کاری دوورین و دیزاین، یان دامەزراندنی کارگەی بچووکی چنین و چەندین پڕۆژەی دیکەی هاوشێوە.”

