كارزان گلی – ههولێر
پەرلەمانی توركیا لە رێگەی ئەو كۆمیسیۆنەی دروستی كردووە، بۆ پرۆسەی چەكدانان پەكەكە، دەیەوێت پەلە بكات لە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەكی تایبەت، تا بتوانن رێگە بۆ چەكدارانی پەكەكە خۆش بكەن بگەڕێنەوە ناو ژیانی ئاسایی.
ئەو كۆمیسیۆنەی دروست بووە بەناوی (پاڵپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموكراتی)، نوێنەری هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیای تێدایە، تەنیا پارتی خاس نەبێت، ژمارەیان ٥١ ئەندامە. دوێنێ ١٢_ ٨_ ٢٠٢٥، كۆبوونەوەی دووەم ئەنجام درا و گفتوگۆ لەبارەی چۆنییەتی پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە و هەروەها چارەنووسی گەریلاكان كرا.
پارتە سیاسییەكان پێشنیارەكانیان دەخەنە روو
هەفتەی رابردوو، كۆمیسیۆن یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، هەریەك لە ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی میتی توركیا و هەروەها یەشار گوللەر، وەزیری ناوەخۆی توركیاش بەشداربوون لەو كۆبوونەوەیە. بۆ كۆبوونەوەی دوێنێش، هەموو میدیاكان ئاگادار كرانەوە، هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیاش داوەتی كۆبوونەوەكە كران.
ئاژانسی (BBC)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، پارتە سیاسییەكان پێشنیاری خۆیان دەخەنە ڕوو، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی ئەوەش دەكرێت، كە ئەو شارانەی باكووریی كوردستان، چۆن لەو 0 بەشداری بكەن؟ ئایە گرنگە ئەوانیش بۆچوونیان وەربگیرێت؟
لەبارەی ئامادەكردنی پرۆژەیاسایەك، مەهەپە و ئاكەپە، ئامادەكارییان كردووە تا پرۆژەیاسایەكی تایبەت بەو پرۆسەیە ئامادە بكەن و لەگەڵ ئەندامانی كۆمیسیۆن گفتوگۆی لەبارەوە بكەن.
بەگوێرەی گوتەی بەرپرسێكی ئاكەپە، كە قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە، ئەو پرۆژەیاسایەكی ئامادەی دەكەن، هەمواركردنەوەی یاسای سزاكانی توركیا و یاسای تیرۆرە، بەمەش كارئاسانی بۆ ئەو گەریلایانە دەكەن كە چەك دادەنێن و بتوانن بگەڕێنەوە ناو ژیانی ئاسایی بەبێ ئەوەی دووچاری هیچ سزایەك ببنەوە.
جەهەپە دژی ئەوەیە ئۆجەلان ببینن
بەشێك لە ئەندامانی دەم پارتی، داوایان كردووە، ئەو كۆمیسیۆنە عەبدوڵا ئۆجەلان ببینن، چونكە ئەو بەشێكی ئەو دانووستاندنەیە كە دەستیپێكردووە، بەڵام جەهەپە دژی ئەوەیە ئۆجەلان ببینن. بەڵام میدیاكانی توركیا ئاماژەیان داوە، دەكرێت دوای گفتوگۆ و ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك، ئەوكات كۆمیسیۆن بتوانن ئۆجەلان ببینن و جەهەپەش لەوڕووەوە ناتوانێت رێگری بكات.
یەكێكی تر لەو ناكۆكیانەی كەوتووەتەوە نێوان ئەندامانی لیژنە، بابەتی چەكدانانی پەكەكەیە، چونكە ئاكەپە و مەهەپە و جەهەپە، داوا دەكەن هەموو گروپەكانی سەر بە پەكەكە چەك دابنێن، وەكوو یەپەگە و پەژاك، بەڵام دەم پارتی دژی ئەوەیە، ئەوان پێیانوایە یەپەگە و پەژاك، هیچ پەیوەندییەكیان بە توركیاوە نییە و ناكرێت لەو كۆمیسیۆنەدا باس لەوان بكرێت.
ئازادكردنی هەزاران دەستگیركراو
هەر ئەو كۆمیسیۆنە یەكێك لەكارە سەرەكییەكانی، دەركردنی یاسایەكە بۆ ئەو كەسایەتییانەی بەهۆی ئەندامبوونیان لە پەكەكە دەستگیر كراون. بەگوێرەی زانیارییەكان، بڕیارە كۆمیسیۆن یاسایەك دەربكات بۆ ئازادبوونی هەزاران دەستگیركراو، چونكە ئەگەر پەكەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و دەستبەرداری چەك بێت، بوونی ئەوان لە زیندان هیچ واتایەكی نییە و دەبێت ئازاد بكرێن.
میدیاكانی توركیا باس لەوە دەكەن، ئەگەر یاسای تیرۆر هەموار بكرێتەوە، هەروەها ئەو كۆمیسیۆنە یاسایەكی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی دەربكات، رێگە خۆی دەبێت بۆ ئازادبوونی زیاتر لە ٥٠ هەزار زیندانی، كە بەشێكیان زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە زیندانن.
ئەوەی قسەی زۆری لەبارەوە دەكرێت، ئازادبوونی سەلاحەدین دەمیرتاشە، كە ئەگەر زۆرە بە هەمواركردنەوەی یاسای تیرۆر ئەویش ئازاد بكرێت.

