ئەمڕۆ دووشەممە 2025.8.11، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئێرمان تۆپچوو، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر و یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا، خانەى منداڵانى ساوایانى هەولێر، دواى نۆژەنکردنەوەى کرایەوە، کە لەسەر ئەرکى لقى هەولێرى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى و کۆمەڵەى مانگى سوورى تورکى نۆژەنکراوەتەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە سەرۆکى لقى هەولێرى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى و بەڕێوەبەرى چاودێرى کۆمەڵایەتى هەولێر و بەڕێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا و نوێنەرى کۆمەڵەى مانگى سوورى تورکى ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر دواى بە سەرکردنەوەى یەکە یەکە بەشەکانى، وێڕاى دەست خۆشی لە بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر و هەردوو کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى لقى هەولێر و مانگى سوورى تورکى بۆ نۆژەنکردنەوەى خانەکە، جەختى لە گرنگی و بایەخپێدانى زیاتر بە چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و منداڵانی بێسەرپەرشت کردەوە و ڕۆڵی دیار و بەرچاووی هەموو ئەوانەشى بەرز نرخاند کە لە خانەکەدا کاردەکەن.

