كارزان گلی – ههولێر
ئامەد، ئەو شارەی خاوەن زەوییەكی گەورەی كشتووكاڵییە و ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار كشتوكاڵ بۆ توركیا دابین دەكات، ئەمە جگە لەوەی لەڕووی ئاژەڵدارییەوە شارێكی دەوڵەمەندە، بەدەست بێشوانییەوە دەناڵێنێت و بە مانگانەی ٦٠ هەزار لیرە شوان دەست ناكەوێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر بەرهەمی ئاژەڵداری كردووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، مانگانە ٦٠ هەزار لیرە و بیمەی تەندروستیش دەدەن بەو كەسەی لە ئامەد كاری شوانی بكات، بەڵام كەس ئامادە نییە شوانی بكات، ئەمەش لە كاتێكدایە كە رێژەی بێكاری لەو شارە لە تڕۆپكدایە.
كاتێك شوان دەستناكەوێت، كاریگەریی لەسەر بەرهەمی ئاژاڵداری هەیە، بۆیە بەشێك لەو كەسانەی سەرئاژەڵیان هەیە، بەناچاری ئاژەڵەكان دەفرۆشن و كێڵكەگانیش بەتاڵ دەكەن و بۆ فرۆشتیان داناوە، ئەمەش بە رووداوێكی نەخوازراو دادەنرێت.
بەگوێرەی دەزگای ئاماری توركیا بێت، ئامەد ژمارەی دانیشتوانەكەی دوو ملیۆن كەس دەبێت، نیوەی دانیشتوانەكە بێكارن، بەڵام ئامادە نین كاری شوانی بكەن.
گەنجانی ئامەد، كاتێك قسە بۆ میدیاكانی توركیا دەكەن، دەڵێن ئێمە كاری شوانی ناكەین و بێكاریشین، لێیان دەپرسن بۆچی كاری شوانی ناكەن، كە مانگانەكەی ٦٠ هەزار لیرەی توركییە؟ لە وەڵامدا دەڵێن: ”كاری شوانی لە توركیا ئاییندەی نییە“
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، بوونی قەیرانی شوانی لە ئامەد، بەهۆی گەڕانەوەی بەشێكی زۆری ئاوارە سوورییەكانەوە بووە، چوونكە پێشتر ئاوارە سوورییەكان ئامادەبوون كاری شوانی بكەن، بەپارەیەكی كەمیش، بەڵام ئەوان گەڕاونەتەوە سووریا، بۆیە قەیرانی شوانی دەستپێكردووە و ئامەدییەكانیش كاری شوانی ناكەن و رەتی دەكەنەوە.
محەممەد ئاڵبەیراك، یەكێكە لە ئاژەڵدارەكانی ئامەد، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”مادام كەس كاری شوانی ناكات لە ئامەد و قەیرانەكەش بە سەختی سەری هەڵداوە، كەواتە پێویستە شوان لە دەرەوەی توركیاوە هاوردە بكەن. مادام لە وڵاتەكەماندا ئاژەڵ هاوردە دەكرێت، دەبێت شوانیش هاوردە بكرێت و كێشەكەمان بەوە چارەسەر دەبێت“
دوای ئەوەی تاڵیبان هاتە سەر دەسەڵات و حكوومەتی ئەفغانستان رووخا، زیاتر لە یەك ملیۆن ئەفغانی روویان لە توركیا كرد و داوایان كرد مافی نیشتەجێبوونیان بدرێت. ئەوكات نووسەران و لێكۆڵەرانی سیاسیی، بوونی ئەو هەموو ئەفغانییەیان بە مەترسی بۆ سەر توركیا دانا و گوتیان رەنگە لە داهاتوو بتوانن كاری تیرۆری ئەنجام بدەن و توركیا بكەوێتە مەترسییەوە.
بەڵام حكوومەتی توركیا، ئەو ئەفغانییانەی رەوانەی وڵاتی خۆیان نەكردەوە، بەڵكوو رێگەی بۆ خۆش كردن تا ببنە شوان و كاری شوانی بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، بەشێكی زۆری ئەو ئەفغانییانە كاری شوانی دەكەن لە توركیا، بەڵام ئەوان لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا و بەشێك لە شارەكانی باكووریی كوردستان كاری شوانی دەكەن و ئەو رێژەیەش بەس نییە بۆ چارەسەربوونی ئەو قەیرانە.
بەشێكی زۆری ئەوانەی لە ئامەد كاری شوانیان دەكرد، ئامەدیان بەجێهێشتووە و روویان لە شارە گەوەرەكانی توركیا كردووە بۆ كار و بەشێكیش چوونەتە ئەورووپا، بەتایبەت ئەڵمانیا، چوونكە پێیانوایە كاری شوانی ئاییندەی نییە و حكوومەت هاوكار نەبووە تا شوانەكان لە ئاییندەدا بتوانن خانەنشین بن، بۆیە ئەوانیش بەداوی ئاییندەی خۆیاندا دەگەڕێن و دەستبەرداری شوانی بوونە.

