رۆژنامەی ھەولێر

گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی سیاسیی نیشتمانی

فازڵ میرانی
سەرەتادا بۆ خۆلادان لە هەر لێکدانەوەیەک، دەمەوێ بڵێم: قسەکردن لێرە، یاخود ئەوەی لەگەڵ پیت و وشە و ڕستەکاندا بەرهەم دێت، مەبەست لێی کەس یان لایەنێک نییە، بەڵکوو دڵسۆزیی هاوڵاتییەکە و مافی خۆیەتی دوای ئەوەی ئەرکەکانی خۆی پێشکەش کردووە و پێشکەشی دەکات بۆ وڵاتێک کە پەرلەمانەکەی هەڵیبژاردووە تێیدا بمێنێتەوە دوای ئەوەی سەدان هەزار کەس لە پێش ئەو و لەگەڵ ئەودا قوربانییان داوە لەپێناو عێراقێکی باشتر بۆ هەموو عێراقییەکان نەک بۆ چینێک بەبێ چینەکانی تر.
ئایا هەموو شتێک لەگەڵ ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ کۆتایی هات؟ ئایا شێوازەکانی بیرکردنەوە و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن و ئاوەژووبوونەوەی لاپەڕە تاڵەکان هانی ئێمە و غەیری ئێمەشی دا کە بەرهەڵستکاری بکەین و باجەکەشی بدەین؟
ئەمە سادەترین پرسیارە بە چەندین لقەوە و دەکرێت لقەکانی دیکە بۆ شەقامی سەربەخۆ بەڵکوو تەنانەت بۆ ئەوانەشی کە سەر بە ڕێکخراوی سیاسین دەربهێنرێن، کە بە بێلایەنی و هۆشیاری و تێگەیشتنەوە وەڵامی بدەنەوە.
لە جیهانی سیاسەت و هەوڵدان بۆ دەسەڵاتدا پێشمەرجی پێشوەخت نییە کە ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتوو بێت لە دامەزراندنی باشتر، خودی یان بابەتی یان بە هەردووکیانەوە، ئەگینا ناوی ئۆپۆزسیۆن نامێنێت یان هەر دەسەڵاتێک کار بۆ چاککردنی خۆی دەکات.
ئێمە حاڵەتێکی بێوێنە نین لەوەی کە ئۆپۆزسیۆن بووین و حاڵەتێکی بێوێنە نین توانیومانە دەسەڵات بەدەست بهێنین، هەروەها ئێمە حاڵەتێکی پارێزراو نین لە هەڵە یان گوناهـ و لەگەڵ هەموو ئەم شتانەدا، ئەوە ڕێگر نییە لە بەردەم هیچ تاکێک یان لایەنێک کە پێداچوونەوە بۆ حیساباتی پێشووی خۆی بکات لەسەر بڕیارەکانی پێشوویدا و بە حیسابەوە خۆی ئامادە بکات، بۆ بڕیارەکانی داهاتوو فاکتەری هەرە گرنگی هاوکێشەکە بخاتە ناوەوە کە گەلە، ئەمەیش بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.
لەگەڵ ئەوەی دیمەنی سیاسی لە عێراقدا نزیکە لەوەی ڕەنگاوڕەنگ بێت، بەڵام قورسایی چڕبوونەوەی ڕەنگەکان زیاد دەکات کاتێک نزیکبوونەوە لە بەغدا زیاد دەکات بەهۆی ئەوەی پایتەختی فیدراڵییە، ئەم بابەتە چڕ دەبێتەوە نەک بەهۆی چوارچێوەی دەستوورییەوە، بەڵکوو بەهۆی ئەوەی بەغدا بە توندی دەستی گرتووە بە ناوەندگەراییەوە و ئەمە بابەتێکی فکری ڕەگداکوتراوە، تەنانەت لەگەڵ بەیاننامەی دەستووری بۆ ناونیشانی عێراقی نوێ کە ئاماژە بە فیدراڵی دەکات و ئەوەی مەبەستییەتی لە شێوە و ناوەڕۆکی دەسەڵاتەکاندا.
ڕەنگە بابەتەکە بۆ ڕوونکردنەوە لەو دۆخە بچێت کەسێک بڕوانامەی لە بوارێکدا بەدەست هێنابێت کە تێیدا کۆششی نەکردووە بۆ شارەزابوون تێیدا.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دیاردەی حیزبایەتی و ڕێکخستن لە حیزبایەتیدا چەسپیوە و فراوان بووە، ئەمەش بە لۆژیکی شێوازەکانی بیرکردنەوە تێگەیشتووە کە زوو کۆمەڵێک لایەنی گرتووەتەوە کە ماوەیەکە نزیک بوونەتەوە لە دەسەڵاتەوە تا تێوەگلاون بە مەبەست یان بەبێ مەبەست لە پڕۆژەی بڵاوبوونەوە لەناو دەزگای دەسەڵاتداردا بە ئاشکراکردنی ئەوەی کە ئەندامبوون مەرجی قبوڵکردنە، لێرەدا یەکەم نیشانەکانی لاوازبوون لە پڕۆژەی ناسنامەی یەکگرتوودا دەستی پێکرد، بەتایبەتی کە پاڵنەرێکی مێژووی پەیوەست بە ستەملێکراوی بۆ زیاد کرا و پێوەری متمانەبوونی پێش ئەزموون بۆ زیاد کرا و تەنانەت متمانەش بوو بە جۆرێکی نوێ کە دوور بوو لەو متمانەیەی کە پێشتر پێوەر بوو کە بریتی بوو لە سەرکەوتن بە ئەزموونەکانی کاری نیشتمانی.
لێرەدا نابێت بابەتێکی گرنگ لەبیر بکرێت و ببێتە بیانووی بەردەوام، ئەویش ئەو سەرسوڕمانەیە کە زۆرێک لە تاکەکان و بزووتنەوەکانی گرتبووەوە کە تا پێش جەنگی ٢٠٠٣ گومانیان لەوەدا هەبوو نەک لەوەی کە ڕژێمی پێشوو نامێنێت، بەڵکوو گومانیان هەبوو و بیریان نەدەکردەوە بتوانن دەسەڵات بگرنە دەست بەهۆی ئەوەی گۆڕانکارییەکە ئەگەر پێش ئەوە سەدان هەزار قوربانیشی لێ کەوتبێت، نەدەبووە ڕاستی ئەگەر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەبووایە.
بۆ مێژوو، زۆربەی ئاستی سیاسی و جێبەجێکاری لە ئاستی تێگەیشتنێکی هاوتەریب لەگەڵ ڕووداوەکەدا نەبوو، چونکە ناسنامەی تۆڵەسەندنەوەی خێرا چالاک بوو، ڕژێمی پێشووی تێپەڕاند و تایفەگەری خستەوە، هەڵەکانی مێژووی حوکمڕانی کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەوڵەتی ئیسلامی و ئەمەش مەرجەعیەتی نەجەف بە ئاشکرا و زوو ڕەتی کردەوە، بەڵام بێسوود بوو.
من ئەم قسانە دەنوسم بۆ ئەوەی پەیوەندی دروست بکەم لە نێوان هەردوو لای قسەکردنەکە بۆ گەیشتن بە بابەتێک کە نامەوێت وا دەربکەوێت کە بەرگرییە لە کەسێک، بەڵکوو وەسفێکە بۆ قورسایی ئەو پۆستانەی کە ڕەخنەیان لێ دەگیرێت و ئەو ڕاستییانەی کە دیار نین، گرنگترینیان پۆستی سەرۆک وەزیرانە، بەو پێیەی دەستوور دەسەڵاتێکی بەرفراوانی خستووەتە دەستی، بەڵام واقیع ئاماژە بە کۆتوبەندی حیزبی سیاسی نەتەوەیی و تایفی دەکات کە کاریگەرییان لەسەر پۆستەکەی و بیری و قەڵەمەکەی هەیە و دووبارەی دەکەمەوە کە من باسی کورسییەکان دەکەم نەک کەسەکان.
مەقبوولە کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی عێراق، پێکهاتەکان نوێنەرەکانی خۆیان لە پۆستە سەرەکییەکاندا کاندید بکەن، ئێمە سەرۆککۆمار کاندید دەکەین کە کاندیدێکی شیعە ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیران و پێش ئێمە سوننەکان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کاندید دەکەن و ڕێککەوتن دەکرێت بۆ دەنگدان بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەنجومەن، پاشان دەنگدان دەکرێت لەسەر هەردوو سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران.
لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر گوتم کە بارودۆخەکان دووبارە بوونەتەوە و تێگەیشتین کە سووربوونی ئەوانی تر لەسەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی کۆمار تەنها ئەوەیە کە سەرۆک وەزیران ڕاسپێرن، بەڵام ئەم بابەتە بووەتە عورفێک کە بەشداری دەکات لە ڕەگداکوتانی دیاردەی دەستبەسەرداگرتنی بڕیار، بە شێوەیەک کە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بەپێی ئارەزووەکانی ئەو کوتلەیەی کە کۆنتڕۆڵی بڕیارەکەی کردووە، بەڵکوو کاریگەریی نەرێنیش لەسەر مەرجەعیەتی دەستوور و یاساکان دروست دەکات.
مەبەستم ئەوەیە عێراق ئاسان نەبووە و نابێت بۆ سەرکردایەتی، نە لە ناوخۆ و نە لە ئاستی هەرێمایەتی و نە لە دەرەوەش، تەنانەت لە دۆخی ئێستاشدا، کە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری نوێ دەبێتەوە لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەمنییەتی و سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فکری و پێکهاتەیی، و جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کە ئاسمانی وڵاتەکەمان تێیدا کۆتوبەند کرابوو، قەبارەی فشار و کاریگەری ئاشکرا کرد، دواتر کێشەکانی کەمیی ئاو و وزە و کێشەی سنوورە ئاوییەکانی باشوور هاتنەپێشەوە.
بێگومان تەنها ئەم کێشانە نەبوون کە سەریان هەڵدا، چونکە پێشتر و هێشتا کێشە لە پێکهاتەی سیستمەکەدا هەن کە پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەغدا کە بڕیاری سیاسی خۆی بۆ ئێمە دەردەکات و ئێمەش بە بڕیارێکی حکوومی دەستووری وەڵامی دەدەینەوە و ئەمە وردەکارییەکە کە قسەی لەسەر دەکرێت (هەروەک چۆن پێشتر هەندێکیان بە وردی باسیان لێوە کرا) لە وتارەکانی تردا ان شاء الله.
ئێمە بەسیفەتی حزبی و سیاسیمان چاودێریی دیمەنی ئەو ئاستی ئەدا دەکەین کە بەداخەوە هێشتا ناوەندییە، بۆیە دەبینین کە بڕیار لە زۆربەی کاتەکاندا لە ڕۆحی دەستوورەوە نادرێت، بەڵکوو لەو بیرکردنانەوەیە لەلایەن بزووتنەوە سیاسییە ڕادیکاڵەکانەوە داڕێژراوە و ئارەزووەکانیان پاڵ بە خاوەن پۆستەکە دەنێن و وەسیەتی لەسەر دەکەن یان بە ئەنقەست وا نیشان دەدەن کە ئەوان سەر بەو بن، ئەمەش وای لێدەکات شەرمەزار و کۆتوبەند بێت و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەدوای کۆمەڵێکدا دەگەڕێت کە بیپارێزێت لە ڕکابەری یان ئاماژەی ئەوەی بۆ بکات کە ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ نییە.
ئەمە نهێنی نییە و ئەوە ناگرێتەوە کە خوێنەرەکەی سەر زەنشتی بکات، چونکە ئەگەر ئێستا ناوی شتەکان و کردارەکان بە ناوەکانی خۆیان نەهێنین، ئەوا لە داهاتوودا هیچ سوودێک لە گێڕانەوەیان وەک یاداشت نامێنێت.
نامەوێت بەراورد بکەم لە نێوان ئاستی حیزبی و پەرلەمانی و سیاسیی ئێمە لە کوردستان و ئاستی هاوشێوەی لە بەغدا، بۆ ئەوەی نەوترێت من لێرەدا خۆم بەرز دەکەمەوە و لەوێدا ڕەخنە دەگرم، بەڵام ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە چەتری دەستوورن و سنوورەکان لە کاریگەری و وەستان لە خاڵە جیاکەرەوەکاندا وادەکەن کاندیدی حیزبی بۆ پۆستی جێبەجێکاری ئازاد و ڕوون و دەسەڵاتدار بێت، ئەگەر کۆتوبەندیش بکرێت ئەوا کۆتوبەندکردنێکی جەماوەرییە بۆ وەرگرتنەوەی مافەکان و یەکێک لەوانە و بەداخەوە سادەترینیان دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە کە چاوەڕێیان نەدەکرد ڕژێمی سەدام نەمێنێت، ڕژێمێکی دیکە بێت و بێتاوان سزا بدات.
بە گشتی بۆ بابەتی مووچەکان قسەیەکی تر هەیە.
بەڵام دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بڵێم کە هێشتنەوەی خاوەن پۆستی سەرۆکی حکوومەتی جێبەجێکار لەژێر کاریگەریی میزاجێکدا ناسنامەی هاوڵاتییەکی ئازاد دروست ناکات کە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و فکری و مەزهەبی قبووڵ بکات و، ئەم جۆرە مامەڵەیە تەنها کێشە دروست دەکات کە چارەسەرکردنیان قورس دەبێت و دەرفەتخوازی لەناو ماڵی عێراقیدا دروست دەکات کە ژوورەکانی ژمارەیان ڕوو لە زیادبوونە، چونکە پاوانخوازی بۆ دروستکردنی بزووتنەوە یان حیزب، خێراترین و سەرکەوتووترین و گونجاوترین ڕێگەیە بۆ بردنەوەی پۆستەکان و دەوڵەمەندبوون و پارێزبەندی لە لێپرسینەوە.
دەبێ ئەوەمان لەیاد بێت کێین و ئەرکمان چییە، دەستووریش ئامادەیە. گرنگتر لەوەش، ئەگەر کارەکان بە شێوازێک بەردەوام بن کە بایەخ بە مانای پۆستەکان و پێگەی خۆمان بە لایەنی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەدات، ئەوا دەبێت بزانین کە ئێمە لە ھیچ کاردانەوەیەکی دەرەکی و جموجۆڵی ناوخۆیی بەدوور نین.

و. هۆنیار عەبدوڵڵا