رۆژنامەی ھەولێر

توانا نامیق، راهێنەری نێودەوڵەتی تایبەت بۆ هەولێر : پێویستە وانەی مەلەوانی بە شێوەی تیۆری لە قوتابخانەكان بخوێندرێت و گرنگی پێبدرێت، منداڵان فێرە مەلەوانی بکرێن

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

 

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، هەر لەگەڵ دەستپێکی هاوین، خەڵکی کوردستان بەمەبەستی فێنک بوونەوە و بەسەربردنی کاتی پشووەکانیان ڕوو دەکەنە چۆم و ڕووبارەکان و بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی یاخود نەبونی شارەزاییەکی ئەوتۆی مەلەوانی و گوێنەدان بە ئامرازەکانی خۆپاراستن و سەلامەتی ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە مێردمنداڵ و لە گەنجانی کوردستان لەو ئاوانەدا دەخنکێن.

خنکان و بێ سەروشوێنبوون لە چەم و ڕوبارەکانی کوردستان، ئەو کارەساتە جەرگبڕەی ساڵانە جەرگی چەندان دایک دەسووتێنێت. ئەم باسە، نوێ و نامۆ نییە و هەموو ساڵێک کارەساتی گیانلەدەستدان لەئاوی دەریاچە و بەنداوەکانی کوردستان دووبارە دەبێتەوە و خەریکە دەبێتە دیاردە. تیمەکانی مەلەوانی و فریاگوزاریش ناوبەناو یان خەڵکی ڕزگار دەکەن یان تەرمی قوربانییەکان دەردەهێنن.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت ڕێنمایی بۆ شوێنە گەشتیارییەکان دەرکراوە و بە مەرجەکانی بەرگری شارستانی مۆڵەت دەدەینە شوێنە گەشتیارییەکان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە شوێنە گەشتیارییەکان مۆڵەتی کارکردنیان نیە و بەشێکیش لە گەشتیاران پابەندی ڕێنماییەکان نین.
بەهۆی بەرزی ژمارەی ڕووداوەکانی خنکان لە ساڵانی ڕابردوو، بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ ڕێکار و ڕێنماییەکانی مەلەکردنی تووند کردووەو قەدە‌‌غەی خستووەتەسەر چەندین شوێنی مەلەکردنی ناوچە گەشییارییەکان.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر وتی، “لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا، ١٠ کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر خنکاون، ٩یان لە خەبات و یەکێکیشیان لە بەنداوی ئاقوبان، هەروەها ٢٠ کەسیش لە خنکان رزگارکراون”.
هاوکات ساڵی پار لە پارێزگای هەولێر تا کۆتایی ساڵ ٣٤ کەس لە ئاودا خنکابوون. شاخەوان سەعید وتی، “بەراورد بە پار رووداوەکانی خنکان لە هەرێم کەمی کردووە، چوونکە ساڵی پار ئەم کاتانە نزیکەی ١٨ کەس خنکابوون”.
دەربارەی هۆکاری کەمبوونەوەی رووداوەکانی خنکان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، “هۆشیاریی خەڵکی زیاتر بووە، تابلۆی رێنمایی زیاترمان هەڵواسیوە، تیمەکانمان بەردەوام لە بەنداوەکان و رووبارەکان ئامادەن و چاودێریی هاووڵاتییان دەکەن”.
جێی باسە، سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا ٢٤ کەس لە هەرێمی کوردستان خنکاون، ١٠ لە هەولێر، ٥ لە دهۆک، ٩ کەسی دیکەش لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان بووە”.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠٢٣، ٦١ کەس لە ئاوی رووبار و چەمەکاندا خنکابوون. لەو ژمارەیە ٢٧ کەسیان لە سنووری پارێزگای هەولێر، ١٩یان لە پارێزگای دهۆک، ١٤یان لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە بوو.
بەپێی ڕێنماییەکان دەبێت لەو ناوچە گەشتیارییانەی کە دەکەونە سەر ڕووبارەکان شورە دروست بکرێت و جل و بەرگی مەلەوانی لەسەر ڕووبارەکان هەبێت و لە هەموو شوێنێکدا ڕێگە بە گەشتیاران نەدرێت مەلەوانی بکەن.
توانا نامیق، راهێنەری نێودەوڵەتی تایبەت بۆ “هەولێر” وتی، خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە لای خەڵک تا ئێستا ئاشنا نییە، ئەویش ئەوەیە وا ئەزانن ئەوانەی لە رووبارەکان دەخنکێن مەلەوانی نازانن، بە پێچەوانەوە ئەوانەی دەخنکێن زۆربەیان مەلەوانن بەڵام بێ لیاقەن کاتێک خۆیان بە رووبارەکان دادەدەن لەنیوەی رێگا هێز و توانایان نامێنێ نوقم دەبن. ئەم حالەتانەش زۆربەی کات لە بەهاران و سەرەتای هاوین روودەدەن، بە حوکمی ئەوەی خەڵک لە زستان مەلەوانی ناکات و هیچ لیاقەیەکی نییە، بەو بێ لیاقەییە خۆی فرێ دەداتە ناو رووبارەکان و توشی ئەنجامی خراپ دەبێت.
مامۆستا توانا وتیشی: پێویستە وانەی مەلەوانی بە شێوەی تیۆری لە قوتابخانەكان بخوێندرێت و گرنگی پێبدرێت، منداڵان فێرە مەلەوانی بکرێن.
دیاردەی خنکانی مەلەوان لەئاوی چەم و ڕووبارەکاندا هۆکار و دەرئەنجامی ناهۆشیاری خەڵکە، کاتێک لەپێناو ساتێک خۆشی و چێژوەرگرتن گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و بێئاگان لەوە٧، کات بەسەربردن لەشوێنی مەترسیدار وبێئاماندا، ئازایەتی وئازادی نییە، بەڵکوو زیانی گیانی بەدواوەیە.