رۆژنامەی ھەولێر

کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا تەنیا دارایی نییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

شرۆڤەکارانی سیاسی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، عێراق کێشەی عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی ھەیە و نایەوێت کێشەکانی لەگەڵ کوردستان چارە بکات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ھەر کاتێک کورد یەکڕیز بێت بەغدا ناتوانێت زەفەر بە کوردستان ببات، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ھەندێک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا لە جیاتی ئەوەی کار بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، دێن دژی قەوارەی ھەرێم دەوەستنەوە.

ئازاد میرخان، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کێشەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەڵاتدارانی بەغدا تەنیا دارایی نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی عەقلیەتی ئیدارەدانی دەوڵەتە، کە ھێشتا ھەمان عەقلیەتە کە حکوومەتی عێراقی لەسەر دامەزراوە، ھەر لەبەر ئەوەشە کێشەکانی ھەرێم لەگەڵ عێراق چارە نەبوونە و ڕۆژبەڕۆژ کێشەکان زیاتر بوونە، پێشتر ھەرێم و بەغدا کێشەیان لەسەر بودجە بوو، ئێستا بووەتە مووچە، بەداخەوە قوتی خەڵکیان کردووتە کێشە، ھۆکارەکەش ئەوەیە ئەو دەستەڵاتدارانەی کە لە بەغدا ھەن دەیانەوێت ھەرێمی کوردستان وەکو کیان نەمێنێت و وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ بکەن، نەک وەکو کیانێکی سەربەخۆ، دەیانەوێت سیستەمی مەرکەزی و فیدراڵیەت نەمێنێت، بەندەکانی دەستوور ئەوانەی تەئکید لەسەر فیدراڵیەت دەکەنەوە نەھێڵن، ئەوەش ڕوونە کە بەغدا کار بە سیستەمی فیدراڵی ناکات.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: ماددەی ١٤٠ بۆ ئەوەیە سنووری ھەرێم و ھەموو پارێزگاکان بەگوێرەی سیستەمی فیدراڵی دیاری بکرێن، بەس یەک بەند لەو ماددەیە جێبەجێ نەکراوە، ئیرادەی سیاسی نییە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە عێراق کار بە دەستوور ناکرێت.
ڕزگار مەحموود، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: مامەڵەی بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەپێی پێوەری ھێزەکەیەتی، ھێزی کوردستانیش لە یەکڕیزی کوردستاندایە، لە ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٣ کە کورد یەکگرتوو و بەھێز بوو، بڕیارێکی یەکگرتووی ھەبوو، پێکھێنانی حکوومەت لەسەر دەستپێشخەری کورد بوو، بودجەی کوردستان ھیچ کێشەیەکی نەبوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت، کە کورد ئەگەر یەکگرتوو و بەھێز بێت دەتوانێت مافەکانی خۆی بەدەست بھێنێت و داوای مافی زیاتریش بکات، بەڵام کاتێک کورد یەکگرتوو و یەکڕیز نەبوو، ئەوە بووە چەکێکی بەھێز لە دەست بەغدا ھەر ئەوەش وای کرد بەغدا ھەر کارتێکی لەبەر دەست بێت دژی کوردستان بەکاربھێنێت.
ئەو چاودێرە، زیاتر گوتی: بەغدا نەک بودجەی کوردستان وەکو خۆ ڕەوانە ناکات، بەڵکو ساڵ بە ساڵ بودجەی کوردستان کەم دەکاتەوە تا کار گەیشتە مووچەی فەرمانبەران، جگە لەوەی پێگری بە دەستوور و یاسا ناکات و دژی کوردستان بەکاردەھێنێت، کە تا ئێستا ٥٥ ماددە کە پەیوەندییان بە کوردستانەوە ھەیە پێشێلی کردووە.
ھۆزان خورشید، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پەرلەمانتاری کورد کە بە دەنگی خەڵکی کوردستان چووتە بەغدا لە جیاتی ئەوەی بەرگری لە کیانی کوردستان بکات، لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا دژی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکات، ئەوەش وای کرد دەستەڵاتدارانی بەغدا سوود لە پەرتەوازەی نێو ماڵی کورد ببینن و زۆر خاڵ بەسەر کورددا بسەپێنێت و مافی کورد بخۆن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت بەغدا بە سیاسەتی تۆڵەسەندنەوە مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکات.
ئەو چالاکوانە، جەختی لەوەشکردەوە: سەرکردەکانی عێراق دەڵێن، سەرچاوەی درۆنەکان کە ئاراستەی ھەرێم دەکرێن نازانین، ئەمە لە کاتێکدایە لەو کاتەی ڕێککەوتن ھەیە کە نەوتی کوردستان بەرەو جیھان بڕوات، بەردەوام کۆمپانیاکانی بواری نەوت دەکرێنە ئامانج، بێجگە لەوانە وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێک دەردەکات کە نابێت بە زمانی کوردی وەڵام بدەنەوە، ئەوەش بۆ ھەموو لایەک ڕوونە بەغدا ئەوەی لە دەست بێت و دژی خواستەکانی خەڵکی کوردستان بێت دەیکات، ھەندێک لایەنی کوردستانیش ئاگرەکە خۆشتر دەکەن.