دوای دەیان کۆبوونەوە سەردانی شاندی خیاوازی عێراق بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، دواجار وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند؛ ئامادەن بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، وتی: وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی ڕاگەیاندووین، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانیان گەیشتووەتە 130 هەزار بەرمیل نەوت. لەو بڕە، 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆیی هەرێم بەکار دەهێنرێت و ئەو بڕەی دەمێنێتەوە کە 80 هەزار بەرمیل نەوتە، وەریدەگرین و هەناردەی دەکەین.”
ڕاشیگەیاند؛ ئەمڕۆ یان سبەی، دەست بە بە وەرگرتنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین و لە ڕێگەی کۆمپانیای ‘سۆمۆ’ـەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیای دەکەین.”
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە و پاڵاوتگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند؛ بەهۆی ئەو هێرشانەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزیوە و هەندێک کۆمپانیاکانیش کارەکانیان ڕاگرت، “ئەگەر ئێمە نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرین و هەناردەی بکەین، کۆمپانیاکانی دیکەش دەگەڕێنەوە سەر بەرهەمهێنان و ئاستی بەرهەمی نەوتی هەرێم زیاد دەکات.”
ئەوەشی خستەڕوو؛ ڕێککەوتنمان لەگەڵ تورکیا تا ساڵی داهاتووش کاری پێ دەکرێت؛ لەو ماوەیەشدا کار دەکەین بۆ هێنانەکایەی ڕێککەوتنێکی نوێ.”

