ده‌زگای روئا بۆ به‌ڵگه‌نامه‌سازی و توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی و پێشبینییه‌كان، له ژێر ناونیشانی (هه‌ولێر له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) سیمینارێكی كراوه‌ی بۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سازكرد …
پارێزگاری هەولێر له‌و سیمیناره‌دا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی رۆشنبیری و سیاسی و نوسەران تێدا ئامادەبوون، سه‌ره‌تا به‌شێوه‌ی شرۆڤه‌كاری خوێندنه‌وه‌یه‌كی گشتی بۆ ره‌وشی مێژوویی و گرنگی پێگه‌ی ستراتیژی شاری هه‌ولێر خسته روو، ئاماژه‌ی به هه‌نگاوو قۆناغه‌كانی گوزه‌ری ئه‌و شاره كرد‌و ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی له ماوه‌ی حوكمرانیه‌ته‌كان هاتۆته پێش، كه زۆربه‌یانی وه‌ك قه‌یرانی دروستكراوی سیاسی خسته روو، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ناكۆكی نه‌ته‌وه‌یی گێرایه‌وه. ته‌وه‌ری كۆتایی سیمیناره‌كه‌شی بۆ پرۆژه‌كان ته‌رخان كرد، كه به زمانی ژماره‌و داتاكان ئاماژه‌ی به‌و پرۆژانه كرد كه له هه‌ولێری پایته‌خت ئه‌نجام دراون، تاکیدیشی کردەوە، کە هەموو ئەو گۆرانکاری و پێشهاتانە دیکۆمێنت کراون …
له‌و سیمیناره‌دا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، جه‌ختی له‌سه‌ر بابه‌تی سه‌ره‌كی هه‌ولێر له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه، كه خۆیشی له‌و كابینه‌یه‌دا پۆستی پارێزگاری هەولێری به ئه‌ستۆ گرتووه، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی پاڵپشتی ڕاسته‌وخۆی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی له كابینه نۆیەم کرد، كه ئه‌ندازیاری چاکسازی و ریفۆرمخوازی بوو، چونکە بەرێز سەرۆک وەزیران خزمەتکردنی هاوڵاتیانی کردە نەهجی کارنامەی کابینەکەی، بۆیە هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتن و گۆرانكاریانه‌ی، كه هه‌ولێر به‌خۆیه‌وه‌ی بینیوه‌و زاده‌ی دیدگاكانی جه‌نابیان بووە، ئەوان به‌شێكی سه‌ره‌كی بوونه بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كان و ئیلهام به‌خشی پرۆژه ستراتیژییه‌كان بوونه، گوتیشی بۆ هه‌ر كارێكی خزمه‌تگوزاری گشتی داواكاریمان به‌رز كردبێته‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌و پرۆژانه‌ی خزمه‌تی گشتی خه‌ڵكی هه‌ژارو گه‌ره‌كه میللیه‌كان بوونه، جه‌نابیان راستەوخۆ ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه…..
پارێزگاری هەولێر، له سیمیناره‌كه‌یدا ئاماژەی بە قەیرانی دارایی و کێشە دروستکراوەکانی حکومەتی ناوەند کرد، بۆیە ئیعتیماد لەسەر داهاتی ناوخۆ کراوە، سەرباری ئەو رووداوە چاوەروان نەکراوانەی وەکو پەتای کۆرۆنا کە هاتنە پێش …
پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە تەواوی ئەو پڕۆژە و کارانەی کە لە ماوەی چه‌ند ساڵی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێکراون لە سێکتەرە جیاوازەکان خسته روو.
لە بەشێکی دیکەدا پارێزگاری هەولێر، سەبارەت وشكه ساڵی و زەرەر و زیانەکانی لافاوەکانی ساڵانی ڕابردوو تەواوی وردەکاری چۆنیەتی قەرەبووکردنەوە زیانلێکەوتووان و ئامادەکارییەکانی پارێزگای هەولیری بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی لافا و ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانی روون كرده‌وه. …
پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی وشکەسالی و گۆرانکاری کەشو هەوای جیهانی و فراوانبوون و قەرەبالغ بوونی هەولێر، شیکردنەوەی لۆژیکی خستە روو …
روونی کردەوە کە بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر قه‌یرانی كه‌م ئاوی، پلانی دروستکردنی چەندین پڕۆژەی پۆندی ئاویان نەخشە کێشا کە لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای هەولێر لێدران و ئه‌نجامی باشیان لێكه‌وتۆته‌وه.
لە تەوەرێکی تردا، پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بە پرۆژه‌ى فرياگوزاریی خێراى ئاوى هه‌ولێر کرد، کە پرۆژەکە گوژمەیەکی زۆری بۆ تەرخان کراوە و به ته‌واوبوونى پرۆژه‌كه، كێشه‌ى كه‌مئاوى له شارى هه‌ولێر به ڕێژه‌ى 100% چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
پرۆژه‌ى فرياگوزاریى خێراى ئاوى هه‌ولێر، بۆ هه‌ر كاتژمێرێك 20- 21 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوى خاوێن بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانى شارى هه‌ولێر دەنێرێت. پرۆژه‌كه به چوار هێڵى سه‌ره‌كى له نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانى نێوان شه‌قامى 120 مه‌ترى و شه‌قامى 150 مه‌ترى جێبه‌جێ ده‌كرێت؛ كه گه‌ڕه‌كه‌كانى نێوان ئه‌و شه‌قامانه و ده‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هه‌ريه‌ك له گه‌ڕه‌كه‌كانى داره‌توو، بنه‌سڵاوه، كه‌سنه‌زان، پيرزين، شاوێس، بەحركه، عەنكاوه و سێبيران لێی سوودمه‌ند ده‌بن.
دووپاتیشیکردەوە کەوا جێبه‌جێكردنى ئه‌م پرۆژه‌يه كێشه‌ى كه‌مئاوى له شارى هه‌ولێر به ته‌واوى چاره‌سه‌ر دەبێت و ده‌بێته هۆى داخستنى زياتر له هەزار بير‌ى ئاو، به مه‌به‌ستى پاراستنى ئاوى ژێر زه‌وى و بەفیڕۆنەدانی ئەو ئاوە ستراتیژیە سروشتیە ..
پارێزگاری هەولێر، باسی له پرۆژەی نیشتمانی ڕووناکی كرد، بۆ دابین كردنی كاره‌بای 24 كاتژمێری، كه یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی پڕۆژەی ڕووناکی بریتییە لە کوژاندنەوەی مووەلیدەی گەڕەکەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
ئەم مووەلیدانە پێشتر هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی ژینگە بوون لە کوردستاندا، به كوژاندنه‌وه‌یان گۆرانكاری نه‌وعی له پاكی ژینگه دێـته كایه‌وه، خه‌ریكه ئه‌م پرۆژه‌یه به‌ره‌و كۆتا قۆناغه‌كانی خۆی ده‌چێت و ئەم پرۆژەیەش بەهەموو ماناکان ستراتیژی رۆشنگەر بوو …
ده‌رباره‌ی رێگا‌و بانه‌كان پارێزگاری هەولێر، رایگه‌یاند لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە پێناو كەمكردنەوەی قەرەباڵغی ناو شار، ده‌یان پرۆژه‌ی ستراتیژی و گرنگ لە سێكتەری ڕێگاوبان جێبەجێ كراوه، به جۆرێك سەرباری ئەوەی حكوومه‌تی فیدراڵی به‌ربه‌ست بۆ به‌ره‌وپێشچوونی گه‌شه‌كردنی هه‌ولێر دروست ده‌كات، بەڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه لە گەیاندنی كار و پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان، بۆ ئەومەبەستەش ڕه‌زامه‌ندی وه‌رگیراوه بۆ جێبەجێکردنی ده‌یان پڕۆژه‌ی ستراتیژی و گرنگ لە سێكتەری ڕێگەوبان، زۆرێکیش لەو پرۆژانە جێبەجێکراون وەک 120 و 150 مەتری و لەو نێوەندەش دروستکردنی دەیان شەقامی شەستی و چلی و بیستی، هەروەها دروستكردنی به‌رزه پرد و تونێل له چوارڕیانی مه‌خموور لە سەر شه‌قامی 100 مه‌تری، هەروەها له هه‌مان شه‌قام له نزیك به‌نزینخانه‌ی ئاكار و له چوارڕیانی ڕه‌شكین، به‌رزه پرد و تونێلێكی نوێ دروست ده‌كرێت.
پارێزگاری هەولێر، ئاماژە بەوەش کرد لە هه‌مواری ماسته‌رپلانی هه‌ولێر، زیادکردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له به‌رچاو گیراوه. دروستکردنی دوو پشتینەی سەوزایی کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژینگەی هەولێر هەیە …
لەو چوارچێوەیەشدا دەستکراوە بە دروستكردنی پاڕكی ڕه‌شكین، کە یەکێکە لە گەورەترین پارکەکانی هەولێرو ئێستا له قۆناغی جێبه‌جێكردن دایه، هه‌روه‌ها سه‌وزكردنی چوارڕیانی هه‌ولێر بۆ مووسڵ له شه‌قامی 120 مه‌تری لە قۆناغی جێبه‌جێكردن دایه.
هاوکات پارێزگاری هەولێر، ئاماژەی بەچەندین خالی هەستیاری وەک پرۆژەکانی زەویەکانی هەشتی حەسارۆ ک و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و گۆرانکاریە ئیداری و کارگێری و سەروی ئەوانەش ئاسایش و سەقامگیری هەولێر دێ، کە سەرباری فراوان بوونی و لە خۆگرتنی دەیان هەزار ئاوارە، کەچی ئەم شارە بەردەوام لە گۆرانکاری و پێشکەوتندایە …
لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین پرسیار‌و گفتوگۆ ئاڵوگۆر کران و بەتێرو تەسەلیەوە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە وڵام درانەوە …
لە کۆتایدا لەلایەن سەرۆکی دەزگای روئا قەڵغانی رێزلێنان بەخشرایە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ….

