رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ نابێت کرێی کرێکاری ڕۆژانە لە 15 هەزار کەمتر بێت

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، جەخت لە دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران دەکاتەوە ئەمەش دوای هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پاراستنی مافی کرێکارانی کەرتی تایبەت.

وەزارەتەکە، ڕایگەیاندووە، دوای نووسراوی وەزارەتەکە لەسەر کۆنووسی لیژنەی کەمترین کرێی کرێکاری ناکارامە؛ لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، نابێت کرێی کرێکاری ناکارامە لە 450 هەزار دینار و کرێکاری ڕۆژانەش لە 15 هەزار دینار؛ کەمتر بێت.
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، نووسراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 03ـی تەممووزی 2025، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و ڕۆژی 03ـی ئابی 2025، لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ڕەزامەندی لەسەر دراوە.
پاراستنی مافی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت، یەکێک بووە لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا و کاری جیددی لەسەر دەستەبەر کردنی مافەکانیان کراوە و بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ی ساڵی 1987.
بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە.