رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بۆ “هەولێر “: قۆناغی یەکەمی ماستەرپلانی پرۆژەی پشتێنەی سەوز دەستی پێکردووە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

 

پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێر دەستی پێکرد و، بڕیارە دەورووبەری شارەکە ملیۆنان داری لێ بچێنرێ، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پۆندی گلدانەوەی ئاو تایبەت بە پڕۆژەکە دروست دەکرێن.

شاری هەولێر لە رێگەی چەندین پڕۆژەی جیاجیای سەوزكردنەوە، هەوڵ دەدات ئاستی پاكیی ژینگەكەی و رێژەی سەوزایی شار بەرز بكاتەوە و بیگەیەنێتە ئاستی ستانداردی جیهانی.
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، پڕۆژەیەکی ستراتیجی و گرنگی شاری هەولێرە کە بە شێوەیەکی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسوڕێتەوە، لە دیوی دەرەوەی شەقامی ١٥٠مەتری دەست پێدەکات، پانیی پشتێنەکە ٢ کیلۆمەترە و بە چواردەوری شاری هەولێر دەسوڕێتەوە و بە ملیۆنان دار زەیتوون و فستق دەچێندرێت، هەروەها ١٠ پۆندی گلدانەوەی ئاو لەخۆ دەگرێت.
ئامانج لە پرۆژەکە جگە لە زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگە و بەرگرتن لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە کە بۆ پرۆژەی ناکشتوکاڵی وەک وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بەکار نه‌یه‌ت.
پشتێنەی سەوزایی بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی خۆڵبارین و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی دادەنرێت، بە تایبەت بۆ ئەو شارانەی ڕووبەرەکەیان تەختە و بە پانتاییەکی زۆری دەشتایی دەورە دراون، یان دیاردەی خۆڵبارین دەیانگرێتەوە.

هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە رۆژنامەی “هەولێر” وتی:” لە کابینەی نۆیەم ماستەرپلانی پرۆژەی پشتێنەی سەوز داندراوە و قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە دەستی پێکردووە کە پڕۆژەیەکی دوورمەودایە، لە عەنکاوە دەستی پێ کردووە و دواتر بۆ سێبیران و تا رێگای مووسڵ بە پانتایی دوو کیلۆمەتر کە بە دەوری هەولێر دەسووڕێتەوە.
ئەڵبەتە راشیگەیاند کە پرۆژەکە داری زەیتون و فستق لەخۆ دەگرێت کە ئاوی کەمیان پێویستە، بۆ دابینکردنی ئاویش بۆ ئەم درەختانە چەندین پۆندی نوێ دروست دەکرێت، شایانی باسە ئەم پرۆژەیە سوودی زۆر بە شاری هەولێر دەگەیەنێت هەم لە رووی کەشوهەوا هەم لە رووی ئابوورییەوە، جگە لەوەش جوانییەکی زۆر بە شارەکە دەبەخشێ.
لە ڕووی کەشوهەواوە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی پلەی گەرمی دەبێت و تۆز و خۆڵ لە ناو شار کەم دەکاتەوە و مەترسی بوونەبیابان کە باشوری عێراقی گرتۆتەوە لەو ناوچەیە ناهێڵێ، هەم لە ڕووی ئابووریشەوە، زەیتون و فستق سەرچاوەی داهاتێکی باشن، هاوکات، چەندان هەلی کاریش دەڕەخسێنێت.