فەزیلە شۆرش
گۆڕینی تراجیدیای ئەنفال بۆ هێزێکی ناوازە
ئەنفالکردنی بارزانییەکان بە ڕاگواستنیان دەستی پێکرد، ڕژێمی بەعس هەوڵیدا ڕەگ و ڕیشەی بارزانییەکان لە شوێنە ڕەسەنەکەی خۆیان هەڵبکەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەستیکردە ڕاگواستنیان بەرەو باشووری عێراق و ئۆردوگا زۆرەملێکان. هاوکات دەستی کرد بە وێرانکردنی گوندەکان، سوتاندنی زەوی و زار و باخەکان و تاڵانکردنی مەڕوماڵاتەکانیان.
بێگومان، ئەم شاڵاوەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان، شاڵاوێکی جینۆسایدکردن بوو دژی نەتەوەی کورد.
تراجیدیای ڕۆژە ڕەشەکەی ٣١-٧-١٩٨٣، کە تێیدا زیاتر لە هەشت هەزار بارزانی لەلایەن ڕژێمە بەعسە فاشیستەکەی عێراقەوە ئەنفال کران، کارەساتێکی پڕ لە خەم و پەژارەی بێهاوتا بوو؛ ڕژێمێک کە تەنانەت دەستی لە ئافرەت و منداڵ و پیریش نەپاراست. مەبەستی بەعس لەم شاڵاوە نامرۆڤانەیە، کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان، سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد و سەرکوتکردنی پێشمەرگە و ئازادیخوازانی گەلی کورد بوو. بەڵام خۆڕاگریی بارزانییە بوێرەکان و خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان، بە ڕابەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، خەونەکانی بەعسی فاشیستیان لەگۆڕ نا.
سەرەڕای گەورەیی کارەساتەکە و قووڵیی ئازارەکەی، کورد توانیی تراجیدیای ئەنفال بگۆڕێتە هێزێکی دانەبڕاو. ئەو هێزەی کرایە هەوێنی یەکڕیزیی دڵسۆزانی نیشتمان و هەستی ئینتیمای نەتەوەییی تاکی کوردی بەهێزتر کرد و شۆڕشی ئازادی و ڕزگاریخوازیی کوردستانی گەرموگوڕتر کرد. کەواتە، ئەم گۆڕینی تراجیدیایە بۆ هێز، لە جۆری خۆیدا کارێکی ناوازەیە.
جێگای شانازییە کە لە کاتی ئەو شاڵاوە شوومەدا، کوردستانییان، بەتایبەتی خەڵکی هەولێر، سەلماندیان کە کورد نەتەوەیەکی خۆنەچەمێن و قارەمانە. هەرچەندە ڕژێمی بەعس هەموو جۆرە هاوکارییەکی بۆ بارزانییەکان قەدەغە کردبوو، بەڵام خەڵکی شاری قەڵا و منارە گوێیان بە بڕیارەکانی بەعس نەدا و زۆر مەردانە هاوکاریی بارزانییەکانیان کرد. ئەوان وەک قەڵا پتەوەکەی هەولێر لەڕووی بەعسدا ڕاوەستان، بارزانییەکانیان لەباوەش گرت و وەک یەک خێزان خەمخۆری یەکتر بوون. کوردستان بووە باوەشێکی گەرم و کانییەکی سازگاری خۆشەویستی بۆ یەکگرتنەوەی تاکەکانی، پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەک هەمیشە، چەترێک بوو بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی کوردستانییان لە سەختییەکانی ژیان و درێژەی بە خەباتی خۆی دا لەپێناو شکۆ و سەربەرزیی کورد.
ئەم برینە قووڵەی ئەنفال ساڕێژ نابێت، تا دایکە جەرگسووتاوەکان و گەلی کوردستانی خۆڕاگر، سەربەخۆییی کوردستان نەبینن.

