رۆژنامەی ھەولێر

غیرە: چەکی لاوازەکان لە بەرانبەر سەرکەوتندا

‎لیا سەیفەدین
غیرە، یەکێکە لەو نەخۆشییە دەروونییە کوشندانەی کە دەتوانێت ڕۆحی مرۆڤ دابڕزێنێت و بیکاتە بوونەوەرێکی وێرانکەر. کاتێک کەسێک ناتوانێت بەرگەی بینینی سەرکەوتن، لێهاتوویی، یان بەختیاریی کەسێکی تر بگرێت، پەنا بۆ چەکێکی ژەهراوی دەبات: شکاندنی کەسایەتی.
ئەم دیاردەیە کاتێک دەگاتە لوتکە کە کەسی حەسوود، لەبری ئەوەی هەوڵ بدات خۆی پێشبخات و بگاتە ئاستی کەسی سەرکەوتوو، ڕێگای ئاسانتر هەڵدەبژێرێت، ئەویش ڕووخاندنی ئەوی ترە. دەست دەکات بە بوختان هەڵبەستن، دروستکردنی درۆی بێ بنەما، و قسەکردن لەسەر ئەخلاق و ڕەوشتی، تەنها بۆ ئەوەی وێنەی ئەو کەسە لەبەرچاوی خەڵک ناشرین بکات و سەرکەوتنەکانی بێ بەها پیشان بدات.
بە داخەوە ئاسانترین کار لەم جیهانەدا، باوەڕکردنە بە چیرۆکێک کە بۆت دەگێڕنەوە، بەتایبەت ئەگەر چیرۆکەکە وێنەی کەسێکی تر ناشرین بکات. ئامانجەکە ڕوونە شکاندنی کەسەکەیە لەبەرچاوی تۆدا.
دادوەریی خێرا و بڕیاردانت کە گوێ لە یەک لایەنی سکاڵاکە بگریت و کەسێک تاوانبار بکەیت، ئایا هەرگیز لە خۆتت پرسیوە، ئەو کەسەی بە ئاسانی قسە لەسەر کەسێکی تر دەکات، چەندە جێی متمانەیە.
ڕاستی پێویستی بە پارێزەر نییە، تەنها کاتی دەوێت. بەڵام دادوەریکردن لەسەر بنەمای قسەی خەڵکی، گەورەترین ستەمە کە مرۆڤ دەتوانێت لە خۆی و لەوانی تریشی بکات.
ئەم ڕەفتارە لە بنەڕەتدا دانپیانانێکی ناڕاستەوخۆیە بە لاوازی و شکستخواردوویی خودی کەسی حەسوود. چونکە کەسی بەهێز و خاوەن بڕوا بەخۆ، کات و وزەی خۆی لە شکاندنی ئەوانی تردا بەفیڕۆ نادات، بەڵکو بۆ بونیادنانی خۆی بەکاری دەهێنێت.
لە کۆتاییدا، بوختان و درۆ هەرگیز ناتوانن ڕاستیی سەرکەوتنەکان بشارنەوە. وەک چۆن هەور ناتوانێت بۆ هەمیشە بەر بە تیشکی خۆر بگرێت، قسەی ناڕەواش ناتوانێت بۆ هەتاهەتایە ڕووناکیی کەسە تێکۆشەر و سەرکەوتووەکان خامۆش بکات.