ماكوان عيززهت – هەولێر
کۆڵۆن بەشێکی گرنگی کۆئەندامی هەرسە پێشی دەوترێت (ڕیخۆڵە ئەستوورە)، لەڕێگەی کۆڵۆنەوە ئەو ئاوەی ڕۆژانە دەیخۆینەوە جارێکی تر دەگەڕێتەوە لەگەڵ ماددە کانزاییەکان بۆ لەش، هاوکات پاشەڕۆکانیش لە کۆڵۆنەوە فڕێ دەدرێتە دەرەوەی لەشی مرۆڤ.
د. سەرکەوت ڕەئووف پزیشکی پسپۆڕی وورد لە نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر و هەناوبینی (نازوور). لە بارەی شێرپەنجەی كۆڵۆنەوە دەڵێت: شێرپەنجەی کۆڵۆن یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەی کۆئەندامی هەرس لە جیهاندا، دەتوانرێت پێش وەخت چارەسەر بکرێت یان رێگەی لێ بگیرێت، بەپێی رێنماییە جیهانیەکان دەبێت هاووڵاتیان تەمەنیان گەیشتە 50 ساڵ (نازۆر) ئەنجام بدەن، یان ئەگەر لەخێزانێکدا شێرپەنجە هەبێت، ئەوا بێگومان دەبێت ئەندامانی تری خێزانەکەش پێش تەمەنی 50 ساڵی پشکنین بکەن.
د. سەرکەوت ڕەئووف دەشڵێت: شێرپەنجەی کۆڵۆن بەگرێیەکی بچوک دەست پێدەکات، ئەگەر ئەم گرێیە بەهۆی پشکنینەوە دەست نیشان بکرێت، دەتوانرێت بەئاسانی چارەسەر بکرێت و ڕێگا لە زیادبوونی بگیرێت، ڕەنگە هەربەهۆی (نازۆرەوە) بتوانرێت لاببرێت و پێویست بە نەشتەرگەری نەکات.
د. سەرکەوت ڕەئووف نیشانەكانی شێرپەنجەی كۆلۆن ڕووندەكاتەوە ئاماژە بەوەدەكات كە كاتێك نیشانە سەرەتاییەكانی شێرپەنجە دروست دەبێت هەستی پێناکرێت، بەڵام کەسەکە لەوانەیە خوێنی دابەزێت یان هەست بەبێهێزی بکات، یاخود پیساییەکەی خوێنی پێوە بێت.
هۆکارەکانیشی بە زۆری بریتین لە:
یەکەم: هەوکردنی درێژ خایەن، ئەگەر بمێنێتەوە و چارەسەر نەکرێت، یاخود ئەگەر بۆماوەیی بێت.
دووەم: گرژداگەڕانی کۆڵۆنە کە لە کوردستاندا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە؛ چونکە ئەو بارودۆخەی ئێستا، دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و نەخۆشی دەروونی، 65% گرژداگەڕانی کۆڵۆنیش پەیوەندی بە هۆکاری دەروونییەوە هەیە.
ئەگەر گرێ یان شێرپەنجەش هەبێ، بە هەناوبینی واتە “نازۆر” چارەسەر دەکرێت ئەگەر لە سەرەتادا بێت، یان پەنا دەبرێتە بەر نەشتەرگەری بۆ لابردنی گرێیەکە، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەکە هەندێکجار چارەسەری کیمیایی و تیشک بەکار دەهێنرێت، بەڵام بەپێی قۆناغ و ئاستی شێرپەنجەکە دەگۆڕێت.

