رۆژنامەی ھەولێر

درۆنێکی دیکە لە سنووری هەولێر کەوتە خوارەوە

درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە گوندێکی سنووری مەخموور کەوتە خوارەوە و دژەتیرۆری کوردستانیش ئاماژە بەوە دەدات “نەتەقییەوەتەوە.”

دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە “کاتژمیر 09:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی دووگردکانی قەزای مەخمووری سەر بە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و نەتەقییەوە.”

ئەمە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 28ی تەممووزی 2025، کاتژمێر 05:50، درۆنێکی دیکەی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.

دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە “هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.”