رۆژنامەی ھەولێر

پەیوەندیی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان چەند بەهێزە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

ئەو رۆژەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ خولی دووەم بووەوە بە سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، پیرۆزباییەکی گەرمی لێی كرد و گوتی، ”هیوادارین پەیوەندیی ئەمریكا و توركیا پتەوتر ببێت“. ئەو دوو سەرۆكە، پەیوەندیی نێوانیان زۆر باشە، ئەمەش كاری کردووەتە سەر سیاسەتی دەرەوەی هەردوو وڵات كردووە و، لە سووریاش ئەو راستییە بینرا، كە ئەمریكا و توركیا، لە ڕووی دیبلۆماسییەوە زۆر لە یەكترەوە نزیكن و بەرگریی سووریا، رادەستی توركیا كراوە.

ئەردۆغان، تا ئەو ئاستە لە ترەمپەوە نزیكە، توانیی بڕوای پێ بهێنێت كە هەموو سزایەكانی سەر سووریا هەڵبگرێت و لە سعوودیاش چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا بكەوێت. هەروەها وەكوو ئەوەی میدیاكان باسی دەكەن، توركیا لەسەر داوای ترەمپ، توانیی بڕوا بە رووسیا بهێنێت لە سووریا بكشێتەوە و رژێمی ئەسەد كۆتایی پێ بێت.
بە گوێرەی راپۆرتێكی (فینانشیال تایمز)، توركیا هەموو هەوڵێك دەدات تا وەزارەتی بەرگریی سووریا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەموو سووریادا هەبێت، بەڵام كاتێك ناكۆكی لە نێوان سوپای سووریا و دوورزییەكان لە سوەیدا رووی دا، ئیسرائیل بە چڕی هێزەكانی سووریای بۆردومان كرد و ئەمریكاش، هیچ رۆڵ و وەڵامێكی بۆ ئیسرائیل پێ نەبوو، بۆیە ئەرۆدغان، تاوەكوو ئێستاش بەرچاوی روون نییە، ئایا ترەمپ لە سووریا پشتی توركیا دەگرێت یان ئیسرائیل؟ چونكە ئیسرائیل، لە ژێرخانی سەربازیی سووریا دەدات، كە توركیا دەیەوێت ئەو ژێرخانە دروست بكات و سووریا بكاتە باخچەی پشتەوەی توركیا.
ناكۆكییان لەسەر F35 بەردەوامە
دوای ئەوەی توركیا سیستەمی بەرگریی (S400)ـی لە رووسیا كڕی و ئەوەش ئەوەندە ئەمریکای تووڕە کرد، کە توركیای لە پروگرامی فڕۆكەجەنگی (F35) خستە دەرەوە؛ ئەردۆغان لە هەوڵی جیدیدایە تا بتوانێت بڕوا بە ترەمپ بهێنێت و ئەو فڕۆكەیە رادەستی توركیا بكات، كە تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ملیارێك دۆلاری بۆ ئەو فڕۆكەیە داوەتە ئەمریكا.
سۆنەر چاغاپتای، بەڕێوەبەری ئەنیستیتۆی واشنتۆن _ توركیا بۆ پرۆگرامی توركیا، پێی وایە ترەمپ وڵاتێ بەهێز و سەرۆكی بەهێزی خۆش دەوێت، ئەمەش لە ئەردۆغان توركیادا هەیە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە تاوەكوو ئێستا ئەو دوو سەرۆكە لەبارەی F35 نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
ئایا ئەمریكا پشت لە یەپەگە دەكات بۆ توركیا؟
یەكێك لە بابەتە هەرە گرنگەكان، كە باسی لێوە دەكرێت بابەتی سووریایە، بەتایبەت بوونی یەپەگە و ئەو هێزەی هەیەتی، چونكە ئەنكەرا زۆر نیگەرانە لەو هاوكارییەی ئەمریكا بۆ یەپەگە و، دەیەوێت هەموو هەوڵێك بدات بۆ ئەوەی ئەمریكا پشت لە یەپەگە بكات، بەڵام ئایا سەردەكەوێت؟
ئەو تێزەی توركیا بۆ سووریا هەیەتی، ئەمریكا بەدڵیەتی و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پشتگیریی لێ دەكات، بەڵام ئیسرائیل جاروبار بابەتەكە تێك دەدات. لە مانگی حوزەیراندا، دوای ئەوەی ترەمپ و ئەردۆغان یەكتریان بینی، ئەردۆغان توانیی بڕوا بە ترەمپ بهێنێت، كە سزاكانی سەر سووریا هەڵگرێت، لە هەمووشی گرنگتر بۆ توركیا ئەوە بوو، هێزی تەحریر شامی لە لیستی تیرۆری ئەمریكا دەكرد، ئەمە سەكەوتنێكی گەورە بوو بۆ توركیا.
بە گوێرەی بۆچوونی چاغاپتای، ئەگەر ئەردۆغان بتوانێ ئاسایش بگێڕێتەوە بۆ سووریا، ئەوكات ٣ملیۆن ئاوارەی سووری دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، ئەمەش بۆ ئەردۆغان لە سیاسەتی ناوخۆ و هەروەها لەسەر سندوقی دەنگداندا كاریگەریی دەبێت و بەرەو سەركەوتنی دەبات.
هەرچەندی ئەمریکا تێزی توركیای بۆ سووریا پێ قبووڵ بێت، بەڵام فەرەنسا و رووسیا و سعوودیا، رێگە نادەن توركیا، ببێتە كارەكتەرێكی گەورەی سووریا و ئەو وڵاتە بكاتە باخچەی پشتەوەی خۆی، بۆیە وەكوو ئەوەی شرۆڤەكاران باسی دەكەن، ئەگەر یەپەگە چەك دانەنێت و عەبدوڵا ئۆجەلان، داوایان لێ نەكات چەك دابنێن، توركیا ناتوانێت ببێتە فیلە گەورەكەی سووریا، بەڵكوو هەر مشكەکەی ساڵی ٢٠١١ـی شەڕی ناوخۆی سوویایە، رەنگە ئێستا تەنیا قەبارەی مشكەكە گەورەتر بووبێت.