ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
لە رێوڕەسمێكی شایستەدا ستراتیژیەتی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان راگەیێنرا؛ ئەم ستراتیژیەتە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە هەماهەنگی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ژمارەیەك دامودەزگای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
لە قۆناغی یەكەمدا بنەماكان و رێگاكان و میكانیزمی چۆنیەتیی جێبەجێكردنی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، نەخشەرێگایەكی گشتگیر دادەنرێت، كە ئامانج لێی چاكسازیی كومەڵایەتی و رەخساندنی دەرفەتی یەكسانە بۆ كاركردن و گەشەسەندنی بەردەوام و كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری؛ هاوكات بوونی ستراتیژیەتێكی تۆكمەیه بۆ هاوكاریكردن لە كاتی قەیراندا.
بە ئامادەبوونی سیروان محەمەد بریكاری وەزارەتی پلاندانان، زەكیە سەید ساڵح بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، سەروەر كەمال بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و نوێنەرانی یەكێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی یونسیف و، چەند دامودەزگایەکی حكومەت .
لە رێورەسمەكدا بریكاری وەزارەتی پلاندانانی لە توێی وتارەكەیدا، سوپاسی سەرجەم وەزارەت و رێكخراوە كۆمەكبەخش و هاوكارەكانی كرد بۆ هاوكاربوون لە راگەیاندنی ستراتیژیەتی پاراستنی كۆمەڵایەتی، كە بە پشتبەستن بە داتا و ئامارەكانی وەزارەت، دوای راگەیاندنی دەچێتە بواری خزمەتكردن بەو هاووڵاتی و خێزانانەی پێویستیان پێیەتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا.
بە پێی ڕاگەیێنراوێكی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان ئەم پرۆژە گرنگە ستراتیژییە پاڵپشتی دارییەكەی لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە دابین كراوە و، هاوكات رێكخراوی یونسیف هاوكاری جێبەجێكردنی پرۆژەكەیە بە هەماهەنگی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان .

