رۆژنامەی ھەولێر

بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کچ و کوڕی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دەرچوو

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ کچ و کوڕی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە پێشینەی ھاوسەرگیری دەرکرد کە پێشتر لەڕێگەی بانکەکانەوە لێی سوودمەند بوونە.

ئاراز فەتحوڵڵا عارف، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەولێر، ئاشکرای کرد: بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی کەسوکاری شەھیدان و ئانفالکراوان و زیندانییانی سیاسی و لە خەمخۆری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بریاری لێخۆشبوونی بۆ کچ و کوڕی شەھیدان و ئەنفالکراوان و خودی زیندانییانی سیاسی لە پێشینەی ھاوسەرگیری دەرکردووە.
ئەو بەڕێوەبەرە، گوتیشی: بڕیارەکە بەم شێوەیە ساڵانی پێشوو ھەر پێشینەیەک لە لایەن وەزارەتمانەوە درابێت بە کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی چ یەک ملیۆن دینار یاخود پێنج ملیۆن دینار بێت وەک دیاری دراوە و ھیچ بڕە پارەیەکی لێوەرناگیرێتەوە، بەڵام ئەگەر پێشینەکەی لە ھەر دامەزراوەیەکی دیکەی حکوومەت وەرگرتبێت، ئەوە بەم بڕیارە لێخۆشبوونی بۆ دەرچووە و لێی وەرناگیرێتەوە.
سەبارەت بەو کەسانەش کە لە ھەردوولا سوودمەند بن واتە لە وەزارەتی شەھیدان و دامەزراوەیەکی تر، ئەوا ئەوەی شەھیدان دیارییە و نایگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەوی دیکە کە لە دامەزراوەیەکی تر وەریگرتووە دەبێت بیگەڕێنێتەوە، ئەم بڕیاری لێخۆشبوونە کەسوکاری زیندانی سیاسی ناگرێتەوە تەنھا خودی زیندانییەکە دەگرێتەوە.