رۆژنامەی ھەولێر

کچە کوردێک ڕۆبۆتێک دروست دەکات کە بە زیرەکیی دەستکرد کار دەکات

کچە بازرگانێکی کورد ڕۆبۆتێکی Ai دروست دەکات و بۆ ئەمکارەشی ڕێگەپێدانی وەرگرتووە و لە داهاتویەکی نزیکدا ناساندنی بۆ دەکات.

لێزان دزەیی، کچە کوردێکی دانیشتووی وڵاتی هۆڵەندایە، لەپاڵ کاری هونەری و بازرگانی لە بواری جوانکاریی خانماندا، ئێستا هەنگاوێکی نوێی ناوەتە جیهانی تەکنەلۆژیاوە و رۆبۆتێکی زیرەکی دروست کردووە.
لێزان دزەیی، لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لەبارەی دروستکردنی ڕۆبۆتەکەی نووسیویەتی: بەمزووانە ئەو ڕۆبۆتە نوێیەی دروستم کردووە بە فەرمی دەیناسێنم، ڕۆبۆتەکە ناوی (Lizan Soul Bot)ـی لێ نراوە، بە جۆرێکی نوێی زیرەکی دەستکرد کار دەکات، بەشێوەیەک وەک هاوڕێیەک مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنەردا دەکات و توانای تێگەیشتن و مامەڵەکردنی هەستیارانەی هەیە.
لێزان دزەیی خانمێکی دیار و سەرکەتووە لە بواری هونەر و بازرگانیدا، بەڕەچەڵەک خەڵکی هەولێرە و دانیشتووی هۆڵەندایە. بازرگانە و خاوەنی براندێکی تایبەت بەخۆیەتی لە بواری جوانکاریی خانمان و خشڵ، هەروەها پێشتر لە لایەن کۆمپانیای “ئەڤیگنا پرۆدەکشن”ـەوە وەک یەکێک لە باشترین و سەرکەوتووترین بازرگانە کوردەکان خەڵات کراوە.
هاوکات لە بواری هونەریشدا وەک نووسینی هۆنراوە و گۆرانیچڕین کاری کردووە و خاوەنی چەند بەرهەمێکی هونەرییە.