شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا، تاوتوێی ئەو نووسراوەی وەزارەتیان کردووە کە بەکارهێنانی هەر زمانێکی جگە لە زمانی عەرەبی لە تاقیکردنەوەکاندا قەدەغە کردبوو.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری خوێندنی باڵا جەختی کردووەتەوە کە ئەو بڕیارە کاری پێ ناکرێت و ساڵی ڕابردووش بە هەمان شێوە ڕاگیراوە، هەروەها ڕێزی خۆی بۆ زمانی کوردی دووپات کردووەتەوە و ڕوونی کردووەتەوە کە بڕیارەکە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕاسپاردەی گشتیی وەزارەتدا بووە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی خستەڕوو کە دوای گفتوگۆی لەگەڵ وەزیر، پەیوەندی بە سەرۆکی زانکۆوە کردووە و ئاگاداری کردووەتەوە کە بابەتەکە هەڵوەشاوەتەوە و ڕێنمایی نوێی پێ دەگات. سەرۆکی زانکۆش پابەندبوونی خۆی بە بڕیارە نوێیەکەوە نیشان داوە.
لە کۆتاییدا، شاخەوان عەبدوڵا قوتابیانی دڵنیا کردەوە کە دەتوانن لە تاقیکردنەوەکاندا بە زمانی دایکی خۆیان وەڵام بدەنەوە.

