ماكوان عيززهت – هەولێر
خەتەنەکردنی نێر ڕێکارێکی نەشتەرگەرییە کە پێستی زیادە لە سەری ئەندامی نێرینە لا دەبات. هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی نییە کە دیاری بکات ئەو تەمەنەی کە پێویستە ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام بدرێت. بەڵام پزیشکان هەمیشە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لە خەتەنەکردن لەسەر کۆرپە و منداڵی تازەلەدایکبوو جگە لە حاڵەتە فریاگوزارییەکان بۆ ئەوەی تووشی ئاڵۆزییەکان نەبن. باشتر وایە چاوەڕێ بکرێت تا ئەندامی نێرینە بە تەواوی گەورە دەبێت، چونکە شێوە و قەبارەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە.
هەرچەندە لە ڕووی پزیشکییەوە هیچ تەمەنێک بۆ خەتەنەکردن دیاری نەکراوە، بەڵام باشترە لە نێوان تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵدا ئەنجام بدرێت. ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە هۆکارن بۆ چاکبوونەوەی خێراتر، وەک منداڵەکە هێشتا پەڕۆ دەخرێ (دایبی دەخرێ) و کەمتر چالاکی دەبێت. بەڵام لە هەندێک حاڵەتی پزیشکیدا، پسپۆڕان دەڵێن خەتەنەکە زووتر بکرێ باشترە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕەنگە گیراوەیەکی چارەسەری بێت، وەک ئەمانەی خوارەوە:
*دووبارەبوونەوەی هەوکردنی بۆری میز: هەندێک لە منداڵان لەوانەیە تووشی هەوکردنی دووبارەبوونەوەی بۆری میز ببن. لەم حاڵەتەدا پسپۆڕان پێشنیاری خەتەنەکردن دەکەن، چونکە مەترسی تووشبوون بە بەکتریا کەم دەکاتەوە.
*داخرانی پێستی ئەندامی نێرینە: لە هەندێک حاڵەتدا منداڵ تووشی کێشەیەکە، میزی دەگیرێت یان میزکردنی قورس دەبێت. بۆیە لەم دۆخەدا خەتەنەکردن چارەسەرە.
*هەوکردنی توندی پێستی سەری ئەندامی نێرینە: منداڵان دەتوانن تووشی هەوکردنی توندی پێستی سەری ئەندامی نێرینە بن چونکە پێستی زیادەی دەوروبەری ئەم ناوچەیە دەتوانێت بەکتریا و میکرۆب هەڵبگرێت دەبێتە هۆی هەوکردن. خەتەنەکردن و لابردنی ئەم پێستە كارێكی باشە بۆ نەهێشتنی ئەو هەوکردنانە.
خەتەنەکردن چەندین سوودی بۆ تەندروستی هەیە لە تەمەنی کۆرپەییەوە تا تەمەنی گەورەیی. خەتەنەکردن دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گواستنەوەی نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان، بەو میکرۆبانەیە کە بە پێستی دەوروبەری سەری ئەندامی نێرینەوە دەلکێن.
هەروەها توێژینەوە زانستییەکان سەلماندوویانە کە ئەو پیاوانەی خەتەنەیان کردووە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پرۆستات و هەوکردنی میزەرۆ کەمترە.
ئامادەکاری دەروونی و جەستەیی بۆ خەتەنەکردن
سەرەڕای سادەییەکەی، خەتەنەکردن پێویستی بە رەچاوکردنی کۆمەڵێک بابەتی دەروونی و جەستەیی هەیە بۆ ئامادەکردنی منداڵ بۆ ئەم نەشتەرگەرییە. ئامادەکارییەکان بە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ دەست پێدەکات کە لە کاتی کلینیکی پێش خەتەنەکردندا كە منداڵەکە پشکنین بۆ دەکرێت.
پزیشکی پسپۆڕ پشکنینی ئەندامی نێرینەی منداڵەکە دەکات و قەبارە و شێوەی دیاری دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پزیشکی نەشتەرگەری تێگەیشتنێکی گشتگیر لە بارودۆخی منداڵەکە بەدەستبهێنێت و لە ئەنجامدا چۆن نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدرێت. لە ماوەی ئەم کلینیکەدا پزیشکی پسپۆڕ پشکنین بۆ منداڵەکە دەکات و هەر کێشەیەک کە پەیوەندی بە ئەندامی نێرینەیەوە هەبێت هەڵدەسەنگێنێت، ئەگەر هەبێت. لەم پشکنینەدا هەندێک لە پزیشکان دەتوانن کێشەی دیکە دەستنیشان بکەن، وەکو خراپبوونی زگماکی، کۆئەندامی زاوزێی، حاڵەتەکانی تر کە پێش خەتەنەکردن یان لە کاتی خەتەنەکردندا چارەسەر دەکرێن. هەر لەو ماوەیەدا منداڵەکە لەلایەن پزیشکی بێهۆشکەرەوە پشکنینی بۆ دەکرێت. ئەگەر پزیشک گومانی لە هەر کێشەیەک کرد، لەوانەیە داوای پشکنین و تیشك بکات.
جگە لە ئامادەکاری پزیشکی، دەبێت گرنگییەکی زۆر بە لایەنی دەروونی بدرێت لە ماوەی ئامادەکردنی منداڵ بۆ خەتەنەکردن. بۆ منداڵان زۆرجار خەتەنەکردن پەیوەندی بە ئازار و ترسەوە هەیە بەهۆی داب و نەریتەوە. بۆیە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ پێش ڕێکاری خەتەنەکردن دەرفەتێکە بۆ ئەوەی پزیشکی پسپۆڕ گفتوگۆیەک لەگەڵ منداڵەکەدا ئەنجام بدات تا ترسی کەم بکاتەوە و تەنانەت سروشتی نەشتەرگەرییەکەشی بۆ ڕوون بکاتەوە بە شێوەیەکی سادە.
نەشتەرگەری دوای خەتەنەکردن
خەتەنەکردن بەتایبەت لە چەند ڕۆژی یەکەمدا دەبێتە هۆی کۆمەڵێک کاریگەری لاوەکی کە لەوانەیە لە منداڵدا دەربکەوێت. ئەم کاریگەرییە لاوەکیانە لە ڕووی توندییەوە دەگۆڕێت، هەندێکیان پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە و هەندێکی تریش پێویستیان بە چاودێری پزیشکی نییە. ئەم کاریگەرییە لاوەکیانە بەگشتی بریتین لە:
خوێنەچۆڕە: هەرچەندە پێشکەوتنە پزیشکییەکان لە نەشتەرگەری خەتەنەکردن و چاودێریکردنی دوای نەشتەرگەری، ڕێژەی خوێنەچۆڕەی کەم کردووەتەوە، بەڵام دەکرێت لە هەندێک حاڵەتدا لە ئەنجامی بەرکەوتنی زیاتر یان بە هەڵەلێدانی شوێنەکە، ببێتە هۆی خوێنەچۆڕە. لەم حاڵەتەدا باشترە سەردانی کلینیکی نەخۆشخانە بکرێت بۆ چارەسەرکردنی خوێنەچۆڕەکە.
ئاوسانی ئەندامی نێرینە: ئاوسان کاریگەری لاوەکی باوی دوای خەتەنەکردنە. بەهۆی ڕووداوێکەوە لە کاتی نەشتەرگەریدا دروست دەبێت و جددی نییە. دایک و باوک دەتوانن شۆردنێكی ئاوی شلەتێن بۆ منداڵەکە بکەن و کەمێک خوێی تێ بکەن بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی منداڵەکە.
دەردراو: هەرکاتێک دەردراو هەبوو، گرنگە جیاوازی بکرێت لە نێوان دەردانی دەرئەنجامی هەوکردن و دەردانی پەیوەست بەو کرێمەی کە دەدرێت لە ئەندامی نێرینە دوای نەشتەرگەری. بۆیە باشتر وایە هەموو جارێک پێش ئەوەی کرێمەکە لێبدرێت، بە باشی شوێنەکە پاک بکرێتەوە.
شایانی باسە ماوەی چاکبوونەوە لە خەتەنەکردن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت بەپێی چەند هۆکارێک کە ڕەنگە گرنگترینیان جیاوازی بەرگری بێت لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر. بەڵام بە گشتی حەوت ڕۆژ بەسە بۆ ئەوەی برینەکە چاک بێتەوە و منداڵەکە بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی.

