شیڤان شێرزاد – هەولێر
بەڵگە فیلمی “خازر” لە دەرهێنانی هونەرمەند “نزار مامە” و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێرە.
ئەو بەرهەمە تۆمارکردنی ئەو وێنە و گرتە دەگمەنانەیە، کە لە چوارچێوەی شەڕی نەگریسی داعش لە ناوچەی خازر تۆمار کراوە و هونەرمەندی ناوبراو کردوویتە بە دیکۆمێنتێک و دەیەوێت جارێکیتر لە چالاکییەکانی وەرزی هاوینەی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر لە کاتژمێر ٦ـی ئێوارەی ئەمڕۆدا لە ئێمپایەر سینەما نمایشی بکاتەوە.
ئەو بەرهەمە هونەرییە لە پێشووتردا لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی نمایشکراوە و بڕوانامەی ڕێزلێنانیش بە ستافی فیلمەکە بەخشراوە، کە گێڕانەوەی تاوانەکانی چەکدارانی داعش و بەرخۆدانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە، کە لە پێناو نیشتماندا خوێنی سووریان دەکەن بە دیاری و ناهێڵن شەمشەمەکوێرەکان خاکی کوردستان داگیر بکەن تا ئەو ڕۆژە تۆمارکراوە، کە کوردستان لە تیرۆریستان پاک دەکرێتەوە.
سینەمای هەولێر، لە چوار وەرزی ساڵدا چەندین بەرهەمی بەپێز نمایشدەکات و تا ئێستاش زۆرترین بەرهەمی سینەمای کورت و درێژ بەخۆڕایی و لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر نیشاندراون و چالاکییەکانیش تاکۆتایی ئەم وەرزە بەردەوام دەبن.

