رۆژنامەی ھەولێر

ئەمیر حەسەن: بە گۆرانییەك بۆ دایك واز لە گۆرانی دەهێنم

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ئەمیر حەسەن) ئاشكرای دەكات كە بە وتنی گۆرانییەك بۆ دایك كە بۆ دایكی دەڵێت، بە یەكجاری واز لە هونەری گۆرانی وتن دەهێنێت.

هونەرمەند ئەمیر حەسەن زیاتر لە 30 ساڵە هاتۆتە بواری هونەرەوە و خاوەنی هەوادارێكی زۆرە كە بەرهەمەكانی زۆربەیان لەسەر ریتمی خێران، ئەمیر حەسەن هەرچەندە ماوەیەكی زۆریشە بەرهەمی هونەری كەمە، بەڵام دەڵێت، بەرهەمێكی نوێ بۆ دایك بڵاودەكاتەوە و دواتریش واز لە گۆرانیچڕین دەهێنێت.
هەولێر: بۆچی كاری هونەریت كەمە؟
ئەمیر حەسەن: راستی من بەرامبەر هونەر كەمێك كەمتەرخەمم و ئەو رێزەشی خەڵك بۆ منی هەیە لە گەورەیی خۆیانە؛ كەمێك هونەرم وەستاندووە، چونكە هەر شتێك و لە تەمەنێكدا جوانە، رەنگە منیش ئەوەم هەڵبژاردبێت لە تەمەنی هونەریمدا ئەوەی كردبێتم بەسە، ئەوەی كردوومە بە جوانی بمێنێتەوە و ئەوەی باشیش نەبووبێت با ناشیرینتر نەبێت، وەك خۆیشم وام پێ باشە هونەرمەند لە ئاستێكی باشدا واز بهێنێت.
هەولێر: گۆرانییەكت بۆ سلێمانی وتووە و كاردانەوەی زۆری هەیە؟
ئەمیر حەسەن: سوپاسی كاردانەوەی خەڵك دەكەم بۆ ئەو بەرهەمە، گۆرانییەكی دیكەشم بەدەستەوەیە و دوا گۆرانیمە بۆ دایك دەیڵێم، چونكە قەرزاری هەست و سۆز و خۆشەویستی دایكمم، هەست دەكەم بتوانم بەو گۆرانییە پاداشتی بدەمەوە.
هەولێر: هەر لە باسی شاری سلێمانی، سلێمانی لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
ئەمیر حەسەن: سلێمانی یانی هەموو دنیا، خۆڵبارین و رەشەبایەی هەناسە و ئۆكسجینە.
هەولێر: ئەگەر ئەو گۆرانییەت بۆ دایك، دوا گۆرانیت بێت و لە كاری هونەریی دووربكەویتەوە، چی بە هەوادارانت دەڵێیت؟
ئەمیر حەسەن: رێز و خۆشەویستیم بۆیان هەیە و داوای لێبوردن دەكەم بۆ كەموكووڕییەكان، بەڵام هونەرمەندی زۆر باش هاتوونەتە پێشەوە و ئەوانیش دەتوانن خزمەتی باش بكەن.