محمد لادێ – ههولێر
رۆژی یەکشەممە، ١٣ـی تەمووز، چالاکییەکانی “دووەمین دیداری مەقام“ لە کەرکووك، دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو. دیدارەکە لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی کەرکووك بە بەشداری ١٠ مەقامبێژی بەئەزموون بەڕێوە چوو.
شارەزایانی هونەری مەقام سازدانی ئەم فیستیڤاڵە ساڵانە بە پێویست دەزانن؛ چونکە فێستیڤاڵی تایبەت بە مەقام، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستن و ژیانەوەی مەقامی کوردی و ڕزگارکردنیان لە فەوتان و بیرچوونەوە.
شاری کەرکووک بە یەکێک لە لانکە سەرەکییەکانی هونەری مەقام دادەنرێت، بۆیە ئامانج لە دیدارەکە، زیندووکردنەوە و پاراستنی هونەری ڕەسەنی مەقام بوو لە شارەکە دیدارەکەش لە لایەن “لیژنەی باڵای دیداری مەقام”ـەوە سەرپەرشتی کرا کە تێیدا ١٠ مەقامبێژی بەئەزموون بەشدارییان کرد.
نوورەدین جاف، سەرۆکی دیداری مەقامات، لە وتارێکیدا لە دیدارەکە وتی “ئەم دیدارە، تەنیا نمایشێک نییە، بەڵکو خەڵاتکردنێکی نیشتمانییە بۆ شارە دێرینەکەی کەرکووک، کە لانکەی مەقامە کوردی، عەرەبی، تورکمانی، کلدانی و ئاشورییە، بەتایبەتییش مەقامە کوردییەکان،” ئومێدیشی خواست، لە ساڵانی داهاتوودا، دیدارەکە فراوانتر بکەن و بیکەن بە دیدارێکی نێودەوڵەتی.
سازکردنی دیداری مەقام لە کەرکووک، رەنگدانەوەی پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکانی شارەکەیە، کە پێکڕا کۆ دەبنەوە بۆ ستایشکردنی کۆی ئەو بەرهەمە موزیکی و کەلەپووریانەی لە سایەی مەقامدا کۆ دەبنەوە.

