رۆژنامەی ھەولێر

جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنی شنگال لەلایەن عێراقەوە ھۆکاری دۆخی نەخوازراوی شنگالە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی شنگالدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا یەک خاڵی ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکراوە. قایمقامی شارەکەش، دەڵێت: حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە و خۆ لە ڕێککەوتنەکان دەدزێتەوە. دەشڵێ: جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ کۆتایی بە کێشەی ناوچە کوردستانییەکان دێنێت. بەرپرسانی ئاوارەکانیش، دەڵێن، سەڕەڕای ئەو کێشە و گرفتانەی کە عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکات، ھەوڵمان داوە ژیانێکی شایستە و گونجاو بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان بڕەخسێنین.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١١ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییەکان، خەڵکی شنگال داوا دەکەن چارەیەک لە ڕەوشی ئەوان بکرێت، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، تا ئێستا ھیچ لە چارەنووسی خۆمان نازانین، بۆیە داوا دەکەین کەیسی شنگال یەکلا بکرێتەوە.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە شارۆچکەکە، نزیکەی شەش ھەزار ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، شنگالی لە دەست داعش ڕزگار کرد، دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند ھێزێکی دەرەکی و حەشدی شەعبی ناوچەکەیان داگیر کرد، نەبوونی سەقامگیری و ئاوەدانی لە شارەکە ھۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی خەڵکی ئەو شارە.
بەپێی ئاماری داتا و زانیارییەکان لە ناوەندی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆی ٢٦١ ھەزار و ٩٣٩ پەنابەر، ھەروەھا ٥٧٨ ھەزار و ٤٠٣ ئاوارە، تەنیا دوو ھەزار و ٣٨٠ کەس لە ماوەکانی ڕابردوو گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. بەگوێرەی پوختەی ڕاپۆرتی دارایی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ٨٠٣ ملیۆن دۆلار ھەیە، کە خەرجی ڕۆژانەی ھەر یەکێک لە ئاوارە و پەنابەرەکان ٢,٦ دۆلارە و مانگانە دەکاتە ٦٦ دۆلار، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێم بەردەوام دەرگای بەڕووی ئەو کەسانەدا کردووەتەوە کە لەبەر ھەر بارودۆخێک ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.
لە ٩/١٠/٢٠٢٠ بەغدا و ھەولێر لەسەر ئاساییکردنەوەی ڕەوشی قەزای شنگال و بەڕێوەبردنی قەزاکە لەڕووی کارگێڕی، ئەمنی و خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی ھاوبەش ڕێککەوتن، بەڵام ھێشتا لەڕووی ئەمنییەوە چەندین ھێزی سەربازی لەو ناوچەیە ھەن، ڕێککەوتنەکە بەسەر ھەر سێ تەوەری “کارگێڕی، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە” دابەشبووە، لەگەڵ پاشکۆیەکی ٩ خاڵی، کە خشتەی چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالی تێدا خراوەتەڕوو.
لەزگین قاسم، ئاوارەیەکی شنگالە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: نزیک دەبینەوە لە ١١ ساڵەی کارەساتی شنگال، ھەتا ئێستا حکوومەتی عێراق یەک ھەنگاوی بۆ چارەکردنی ڕەوشی شارەکەی نەناوە، ھەتا پێگری بە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال نەبووە، ئەوەی کراوە تەنیا لەلایەن حکوومەتی ھەرێم کراوە و ئەوان خۆیان لە ئێمە کردووەتە خاوەن و ئەوەی پێویستە بۆ ئێمە کراوە.
داوید لیاس، ئاوارەیەکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: حکوومەتی عێراق تا ئێستا کارەساتی شنگالی بە جینۆساید نەناساندووە، بارودۆخی ئێمە زۆر خراپە، قەرەبوو نەکراوینەتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە شنگال ئەمن و ئەمان نییە، ئەو خەڵکەی گەڕاوەتەوە ژیان و گوزەرانیان زۆر خراپە، بۆیە تا دێت ڕەوشمان خراپتر دەبێت.
حەسەن سەیدۆ، ئەویش لە یەکێک لە کەمپەکانی پارێزگای دھۆکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: حکوومەتی عێراق جیددی نییە لەسەر کەیسی شنگال، بۆیە داوا دەکەین ئەمن و ئەمان، خزمەتگوزاری و فەرمانگە حکومییەکان بگەڕێنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا یەک داواکاری ئێمە جێبەجێ نەکراوە، ھەر ئەوەش وای کردووە ئەو خەڵکەی ئێمە کە گەڕاونەتەوە شنگال جارێکی دیکە ئاوارەی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ببنەوە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: دوای ئازادکردنی شنگال لەسەر دەستی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، خەڵکی شنگال بە ئومێدەوە گەڕانەوە شارەکە و دەیانویست بە ھەر شێوەیەک بێت شارەکە ئاوەدان بکەنەوە، بەڵام دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە بەشێکی زۆری خەڵکی شنگال ئاوارە بوونەوە.
قایمقامی شنگال بە وەکالەت، دەشڵێ: داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئاوڕێکی جیددی لە شنگال بداتەوە و لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم ھاوکار بێت و ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی شنگالییەکان دووبارە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کە چەندین ساڵە ئاواتی بۆ دەخوازن.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، گوتیشی: لەو پێنج خاڵەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا ھاتووە یەک خاڵ جێبەجێ نەکراوە، تا ئێستا حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە ھێزە چەکدارەکان لە شنگال دوور بخاتەوە، بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ھاوبەشی ناوچەکانی ئێمە بپارێزن، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا شانە نووستووەکان لە شنگال و دەوروبەری ھەن، ھەر کاتێک لە دەستیان بێت کاری خۆیان دەکەن، بۆیە تا ڕەوشی شارەکە ئاسایی نەبێتەوە، ململانێی سیاسی لە شنگال و ناوچەکانی دیکە ھەبێت، خەڵک ناگەڕێتەوە.
قایمقامی شنگال بە وەکالەت، ڕاگەیاند، ئەو لایەنانەی ڕێککەوتننامەی شنگال ڕەتدەکەنەوە، دەیانەوێت بارودۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان سەقامگیر نەبێت و خەڵکی شنگال ھەر دەربەدەر و ئاوارە بن، گرنگە بە زووترین کات ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەمن و ئەمان بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، زیاتر دەڵێ: ھەرێمی کوردستان بەردەوام داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکات، بەڵام حکوومەتی عێراق خۆ لە ڕێککەوتنەکان دەدزێتەوە، ھەروەھا حکوومەتی ھەرێم لە ھەر چوار وەرزی ساڵ ئەوەی پێویستە بۆ خەڵکی شنگال و ئەوانی دیکە کە ئاوارەی ھەرێم بوونە دەکات، لە ھەر پێنج سێکتەری ژیان ھاوکاری ئاوارەکان دەکات و وەکو خەڵکی کوردستان لە پڕۆژەکان سوودمەند بوونە.