رۆژنامەی ھەولێر

لویس ئێنریكی: ئمباپێ رۆیشت و كۆتایی هات، حەكیمی لە شوێنەكەی خۆی باشترینە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

لویس ئێنریكی: ئمباپێ رۆیشت و كۆتایی هات، حەكیمی لە شوێنەكەی خۆی باشترینە
لویس ئێنریكی، راهێنەری ئیسپانیی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی پێش یارییەكەی دوێنێیان لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید، لەبارەی ئەوەی هەست بە پەشیمانی دەكا لەوەی یارمەتیی ئمباپێی داوە لە كێشەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان لە وەرزی ڕابردوو پێش رۆیشتنی، ڕایگەیاند: من تەنیا سەرنج دەخەمە سەر داهاتوو، ڕابردوومان تێپەڕاندووە و هیچی دیكە لەو رووەوە ناڵێم.
لەبارەی ئەشرەف حەكیمییەوە، دەڵێ: حەكیمی باشترین یاریزانە كە من راهێنەرایەتیم كردبێ، باشترینیشە لەوەی سەرنج و دیقەتی كاروانی وەرزشییم دابێ، زۆر خۆشحاڵم كە كارم لەگەڵ ئەو و كارم لەگەڵ بەرگریكاری چەپ نۆنۆ مێندیس كردووە، دوو یاریزانی ناوازەن.
لەبارەی خاڵی بەهێزی پاریس سان جێرمانیشەوە، ڕایگەیاند: خاڵی بەهێزمان، ئەوەیە كە یاریزانانمان سوورن لەسەر ئەوەی ئاستی خۆیان پیشان بدەن، من چاودێریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناكەم، من لە قۆناغێكی تەمەنمدام خۆم بە ڕای كەسانی دیكە لەسەر من، بێزار ناكەم، من لە تەمەنێكدام كە قسە و بۆچوونی كەسانی دیكە بێزارم ناكات، ئێمە لە قۆناغێكداین كە ستاییش دەكرێین، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی ئەرێنی هەیە، بەڵام بە گشتی نەرێنییە.
لەبارەی ئەوەی ئایا پاریس سان جێرمان بەبێ ئمباپێ باشترە؟ ئێنریكی وتی: ئەمە بووە ڕابردوو و ڕابردووش شت زۆر ناگۆڕێ.

یاریزانانی بەرشلۆنە زووتر لە كاتی خۆیان پەیوەندیی بە یەكە مەشقییەكانەوە دەكەن
یانەی بەرشلۆنە، بەردەوامە لە دەستپێكی ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێ لە كاتێكی زوودا، بە جۆرێك شاری وەرزشیی خوان گامبەر، ژمارەیەكی زۆری یاریزانان ڕوویان تێ كردەوە، لە كاتێكدا هێشتا ماوەی پشووە فەرمییەكەیان تەواو نەبووبوو.
خوان گارسیای گۆڵپارێزی نوێی بەرشلۆنە، سێشەممەی ڕابردوو، پێش كۆتاییهاتنی ماوەی مۆڵەتەكەی، گەیشتەوە بەرشلۆنە و كۆمەڵگەی وەرزشی خوان گامبەر.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە رۆناڵد ئەراوخۆی بەرگریكاری ئۆروگوایی ناسراوی یانەی بەرشلۆنە، گەیشتەوە بارەگەی یانەكە و بڕیاری دا پێش كۆتاییهاتنی ماوەی مۆڵەتەكەی، پەیوەندیی بە یەكە مەشقییەكانی یانەكەیەوە بكات، لە كاتێكدا بڕیار بوو یەكشەممەی داهاتوو، مۆڵەتەكەی تەواو بێت.
ڕۆناڵد ئەراوخۆ، گەیشتە بارەگەی سەرەكیی مەشقی یانەی بەرشلۆنە، ئەوەش پابەندبوونی خۆی بە بەرشلۆنەوە زیاتر دەسەلمێنێ و دەیەوێ هەرچی زووە وەرزی نوێ دەست پێبكاتەوە.
هاندەرانی یانەی بەرشلۆنە، لەبەردەگای شوێنی مەشقەكە ئامادە بوون بۆ ئەوەی وێنە لەگەڵ یەكێك لە ئەستێرەكانی یانەكە بگرن و هەلی وێنەگرتنیان لەگەڵ بەرگریكارەكە بۆ ڕەخسا، كە بە دڵێكی فراوانەوە لەگەڵیان وەستا، پێش ئەوەی بچێتە نێو یاریگە.
هاوكات مارك بێرناڵی لاویش گەیشتە شوێنی سەرەكیی مەشقی یانەی بەرشلۆنە، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ وەرزی نوێ، هاوكات لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، چەند یاریزانێك مەشقیان دەكرد.
ئەو جووڵە پێشوەختەیەی یاریزانانی یانەی بەرشلۆنە و جدیبوونەی بەشێكی یاریزانان لە خۆئامادەكردن، نیشانەی ئەوەیە بە نیاز و ئامانجی گەورەوە دەیانەوێ وەرزەكە دەست پی بكەن و لە كۆتاییدا ئەنجامی دڵخوازی خۆیان بەدەست بهینن.