ئەرسەلان حەسەن
نەورۆز، جەژنێکی کۆنی کۆمەڵگای کوردەوارییە و هەموو ساڵێک لە (بیستویەکی سێ)، واتا لە یەکەم ڕۆژی سەرەتای ساڵی کوردی، گەلی کوردیش وەک هەموو ئەو گەلانەی بە چاوی جەژنێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و پیرۆز لە جەژنی نەورۆز دەڕوانن، لە هەموو سەردەم و کاتێکدا بە گرنگییەوە لەم جەژنەی ڕوانیوە و لەو یادەدا بە کردنەوەی ئاگر و سازدانی ئاهەنگ و چوونە دەر و دەشت و سەیران، ئەو ڕۆژەیان پیرۆز کردووە، بە واتا باوەکەی ڕۆژێکی نوێ و نەمانی سەرماوسۆڵە و هاتنی وەرزی بەهار و دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ دەگەیەنێت.
لەناو نووسەرانی کورد (ئەحمەدی خانی یەکەم نووسەری کوردە، بە کوردی باسی دابونەریتی نەورۆزی کردووە و بە نەورۆز دەڵێت (مەرسومێ قەدیمێ کوردستانی)، واتا بۆنەی کۆنی کوردستانی (١). هەر چەند نەورۆز لە ناو ئایینەکاندا پێگەی تایبەتی خۆی هەبووە، بەڵام لە ئایینی یارسانیشدا نەورۆز بۆنەیەکی گرنگە و جێی بایەخی تایبەتی بووە و (تەنانەت دەفتەری نەورۆزیان ھەیە و دەروێش نەورۆز سۆرانی یەکێکە لە پیرەکانیان)(٢).
گومان لەوەدا نییە کە نووسینی هۆنراوە بۆ نەورۆز لە دوای ڕاپەڕینەوە جیاوازە لەو هۆنراوانەی نەورۆز کە پێش ڕاپەڕین نووسراون، چونکە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و یادکردنەوەی لەسەردەمی پێش ڕاپەڕین و هەژموونی حکومەتی عێراقی ئەوکات لەگەڵ ئێستادا کە ئەو هەژموونەکەی نەماوە و نییە و هەموو تاکێکی ئەم هەرێمە کە بیەوێت ئەم یادە بکاتەوە، دەتوانێت بەوپەڕی ئازادییەوە و چۆن و بە چ شێوازێک بیەوێت، دەتوانێ ئەو یادە بکاتەوە و هەستی خۆی بەرامبەر بەم جەژنە دەربڕێت.
زۆربەی شاعیرانی کورد بە گشتی ئاوڕیان لەم بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییە داوەتەوە و هۆنراوەیان بۆ جەژنی نەورۆز و ئاهەنگی نەورۆز و بەهار و سەری ساڵی کوردی و یادی ئەو ڕۆژە و بە تایبەت بە مەبەستی ناساندنی ئەم بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانی و سەری ساڵە بە منداڵان و مێرمنداڵان، هۆنراوەی نەورۆزییان نووسیوە و هەر یەکەیان بەجۆرێک و بەپێی تێڕوانینی خۆیان لە هۆنراوەکەیاندا، ئەو ڕۆژەیان پێ ناساندوون. لەم بارەیەوە هۆنراوە نووسی عەرەب، سلێمان عیسا دەڵێت: “بۆ ئەوەی منداڵان زمانەکەیان خۆش بوێت، نیشتمانەکەیان خۆش بوێت، خەڵکەکەیان خۆش بوێت، گوڵ و بەهار و ژیانیان خۆش بوێت، فێری سروودی خۆشیان بکەن”.(٣)
بە خوێندنەوەی هۆنراوەکانی ئەو شاعیرانە و سەرنجدانیان، بۆمان دەردەکەوێت کە لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزدا دەکەوینە یەکەم ڕۆژی بەهارەوە کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی سەری ساڵی کوردی و ئاماژەیە بۆ ژیانەوە و ئازادی و ڕزگاری، خۆری زێڕین تیشکی بەسەر دەشتودەر و شاخاکەندا پەخش و بڵاو دەکاتەوە و سروشت بە گژوگیا و گوڵ و گوڵزاری جوان ڕەنگین دەبێت و، ناشبێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە دەرکەوتنی یەکەم گوڵی نێرگز و پشکوتنی، مژدەی هاتنی وەرزی بەهار و جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی و توانەوەی شەختە و بەفر و نەمانی سەرما و سۆڵە و دەرکەوتنی تیشکی خۆری زێڕینە. لێرەدا چەند هۆنراوەیەکی نەورۆزی شاعیرانی دوای ڕاپەڕین کە بۆ منداڵانیان نووسیوە، دەکەینە مشتێک لە نموونەی خەروارێک.
ئەمین محەمەدی شاعیر لە هۆنراوەی (نەورۆز)دا دەڵێت:
من کوردم، بچکۆلانەم
منداڵم، خنجیلانەم
بۆ نەورۆز خۆم گۆڕیوە
جلی کوردیم پۆشیوە
وا هاوڕێکانم دیارن
هەموو شاد و بەختیارن
چەند جوانن چاوم لێیە
چەپکە نێرگزیان پێیە
دەوری ئاگرمان داوە
هەڵپەڕکێ دەست گیراوە
خۆزگەی هەموومان وایە
کوردستان ئازاد بوایە…
(کتێبی گۆرانیی هەورەکان، سلێمانی، چاپی یەکەم ٢٠٢١) (٤)
شاعیر (چرۆ ڕەشید) لە هۆنراوەیەکدا بە ناوی (نەورۆز) دەڵێت:
ڕۆژی نەورۆز ئێواران
لەگەڵ هەموو منداڵان
بەرگی کوردی دەپۆشین
زۆر ئاسودە و دڵخۆشین
کە ئاگر دادەگیرسێ
بۆ لای دەکەوینە ڕێ
دەبێت بە گەشت و سەیران
بە سەما و چەپڵەڕێزان
لە هەموو گوند و شارێ
شادی و خۆشی دەبارێ
نەورۆز جەژنی کوردانە
بۆ گەورە و منداڵانە
زۆر ئاسوودەم هاوڕێیان
وامنیش دێم بۆ لاتان.
(هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری پەپوولە) (٥)
شاعیر عەلی حەمەڕەشید لە هۆنراوەی (نەورۆز)دا دەڵێ:
وا نەورۆزە نەورۆزە
با پێشوازی لێ بکەین
چەپکە نێرگزی بۆنخۆش
لە سنگ و بەرۆک بدەین
دەم بە گۆرانی و سرود
بەرگی ڕەنگین بپۆشین
بەشداری ئاهەنگ بکەین
شادی و خۆشی بنۆشین
بە ئاوازێکی دڵگیر
دەڵێین نەورۆز بەخێر بێی
ئای چەندە شادومانین
کاتێ لەگەڵ نێرگز دێی
(هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری هەنگ) (٦).
شاعیر فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی لە هۆنراوەی (نەورۆز)دا دەڵێ:
هەراوهۆریای منداڵە
دڵخۆشین بەم هەواڵە
ساڵی تازەی کوردییە
لە جیهان وێنەی نییە
بیستویەکی ئازارە
شادی میوانی شارە
ڕۆژێکی گەورە و پیرۆز
ناومان لێناوە نەورۆز
نەورۆز ڕۆژێکی نوێیە
ئازادی کوردی پێیە
گوڵاڵە و نێرگزی جوان
بە دیاری دێنێ بۆمان
ئاوی کانی هەڵدەقوڵێ
گەش دەبن هەموو گوڵێ
سەوزبوونەوەی گیایە
ژیانەوەی دنیایە
(هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری هەنگ) (٧)
سەرچاوە:
١. wikipedia.org
٢. هەمان سەرچاوە.
٣. ڕەزا شوان، رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانی لە هۆنراوەی منداڵان، haremnews.com.
٤. ئەمین محەمەد، کتێبی: گۆرانیی هەورەکان، سلێمانی، چاپی یەکەم ٢٠٢١. هەروەها ئەمین محەمەد کە لە کۆتایی هۆنراوەکەیدا دەڵێت: (کوردستان ئازاد بوایە)، دیارە مەبەستی کوردستانی گەورە و یەکگرتنەوەی هەرچوار پارچەکەیەتی.
٥. چرۆ ڕەشید، هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری پەپوولە، ژمارە (٣٢٩) ساڵی (٢٠٢٥).
٦. عەلی حەمەڕەشید، هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری هەنگ، ژمارە (١٨٦) ساڵی (٢٠٢٤).
٧. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی، هۆنراوە بۆ منداڵان، گۆڤاری هەنگ، ژمارە (١٨٦)، ساڵی (٢٠٢٤).

