بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکی ، کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زیاتر لە 41 گەڕەکی نێو سەنتەری شاری سلێمانی دابین کراوە، کە زیاتر لە نیو ملیۆن هاونیشتمانی لێی سوودمەند دەبن و بەهۆیەوە 291 مۆلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ـی تەمووز، لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند: دوای تەواوبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، سەرجەم گەڕەکەکانی ناو شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود لە سلێمانی کارەباکەیان بووەتە 24 کاتژمێری.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆژەکە زیاتر لە 41 گەڕەکی ناوەندی شار و ژمارەیەک گەڕەکی دەرەوەی سەنتەری شاری گرتووەتەوە و کارەبایان لە ڕێگەی 92 فیدەرەوە بۆ دابین کراوە.
ئەو گەڕەکانەی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە بریتین لە:
سێتوان، زێڕینۆک، خەبات، یاڵەکەی خەبات، شۆڕشی نوێ، ئیبراهیم ئەحمەد، کانیبا، گوڵی شار، گرین سیتی، شوقەکانی یەکگرتوو، هۆمەرەکوێر، گەڕەکی چیا، نەخۆشخانەی هیوا، نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، نەخۆشخانەی سمارت، سەرشەقام، بەشێکی مامۆستایان، وەیس، جولەکان، بەرانان، گردی عەلی ناجی، کانی ئاسکان، عەقاری، شێخ فەتاح، شێخ محێدین، قەڵاوە، چوارباخ، شارەوانی، حاجی ئاوا، ئۆتێل گراند میلینیۆم، مامۆستایان، باخان، سەربەرزی، مەجیدبەگ، باخی سەعید بەگ، کارێزەوشک، هەواری تازە، شێخان، ڕزگاریی تازە، زەرگەتە، شەهیدانی زەرگەتە، گردی ئەندازیاران، بەشێکی بەرانان، بەختیاری و بەختیاریی تازە.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، کۆی گشتیی ئەو هاوبەشانەی لە سلێمانی چوونەتە ناو پرۆژەی ڕووناکی و کارەباکەیان بووەتە بەردەوام، بریتییە لە 140 هەزار هاوبەشی کارەبا، کە 504 هەزار هاونیشتمانی لێی سوودمەند دەبن. هەروەها جێبەجێکردنی پرۆژەکە بووەتە هۆی کوژانەوەی 291 مۆلیدەی ئەهلی لەو گەڕەکانەدا

