بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە ھەولێر دەڵێت، بەھۆی گرنگیدانی حکوومەت بە کەرتی پیشەسازی و دامەزراندنی کارگە، ئێستا بەرھەمی کارگەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ زۆر وڵاتانی جیھان دەچێت کە نزیکەی ٥٠ کارگەی دەبن.”
تەیب کەژۆ، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند “حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگی زۆری بە کەرتی پیشەسازی داوە، ئاسانکاری زۆری بۆ پڕۆژەکان و مۆڵەتدان بە پڕۆژەکان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و لێخۆشبوونی گومرگی کردووە، بۆ ھاوردەکردنی کەرستەی سەرەتایی بۆ کارگەکان، ئەمەش وایکردووە کارگەی زۆر لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا دابمەزرێن، بە ھەزاران ھەلی کاریش لەو ڕێگەیەوە بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕەخساوە.”
تەیب کەژۆ زانیاری دا کە “بەردەوام کارگەی تازە دروست دەکرێن و بەرھەمیشیان کێبرکێ لەگەڵ بەرھەمی ھاوردەدا دەکات، بگرە زۆریش باشترە، بۆیە ئێستا بەرھەمی کارگەکانی ئێمە ٦٠%ی بۆ عێراق دەچێت و بۆ وڵاتانی ئەمەریکا و تورکیا و کەنداو و ئەوروپاش دەچن، کە ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە لە ھاوردەکارەوە ببێتە ھەرێمێکی ھەناردەکار، ئێستاش بەکردار ئەو کارە دەکەین و ھەنگاوی زۆر باشمان ناوە، بەردەوامیش دەبین، بۆ ئەوەی بتوانین ھەموو بەرھەمەکانی پێداویستی ناوخۆ پربکەینەوە، ئەوەی دیکەش ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت.”
تەیب کەژۆ ئامارێکی راگەیاند، “لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زیاتر لە ٣ھەزار و ٥٠٠ کارگە مۆڵەتیان دامەزرانیان پێدراوە، کارگەکان جۆراوجۆرن، گەورە و مامناوەند و بچووکن و بەرهەمەکانیان زیاتر لە ناوخۆ، خوار و ناوەڕاستی عێراق بەبازاڕ دەکرێت، ژمارەیەکی دیاریکراویش کە نزیکەی ٥٠ کارگە دەبن بەرھەمەکانیان ڕەوانەی دەرەوە دەکەن.”

