ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
لە هاویناندا گەرما هەڵدەکشێت و، ئارەقکردن زیاد دەکات؛ بە تایبەت ئارەقەکردنی دەموچاو. ئارەقکردن سوودی زۆری هەیە؛ لەوانە: شۆردنی ماددەی ژەهراوی و شێدارکردنی جەستە لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا؛ سەرەڕای ئەو سوودانە، ئارەقەی دەموچاو کێشەیەکی بێزارکەر و شەرمەزارکەرە بۆ زۆرێک لە خانمان، بەو پێیەی دەبێتە هۆی ئەوەی مکیاژ نەلکێنێت و لە ئەنجامدا دەرکەوتنێکی شەرمەزارکەر و ناسەرنجڕاکێشی لێ دەکەوێتەوە. لێرەدا باشترین ڕێگاکان بۆ ڕزگاری لە ئارەقەکردنی دەموچاو دەخەینە ڕوو:
1. وازهێنان لە جوانکاریی چەور
هەندێ کەرەستەی جوانکاری، وەکو کرێم، زەیتیان تێدایە کە ئارەقەی دەموچاو زیاد دەکات. ئەم بەرهەمانە کونیلەکان دادەپۆشن، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسی و ڕێژەی ئارەقە زیاد دەکات کە لەسەر دەموچاو دەردەکەوێت. بۆیە هەوڵ بدە لە وەرزی هاویندا خۆت بەدوور بگری لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە بەرهەمانە.
2. شۆردنی دەموچاوت بە ئاوی سارد
پێش چوونەدەرەوە، ئاوێکی سارد بدە بە دەموچاوتدا؛ یان هەندێ ئاوی ساردی پێدا بپرژێنە یان بە پارچە سەهۆڵێک دەموچاوت مەساج بکە.
ئاوی سارد کونیلەکانی دەموچاو دادەخات. هەروەها پێستت بە شێداری دەهێڵێتەوە و لە سووتانی خۆر دەیپارێزێت. جا بۆیە شۆردنی دەموچاو بە ئاوی سارد بکە بە خووی ڕۆژانە.
3. دوورکەوتنەوە لە زۆر بەکارهێنانی کەرەستەی جوانکاری
لە رۆژانی گەرمی هاویندا، چەند چین جوانکاری مەدە لە دەموچاو؛ چونکە ئەمە ئارەقکردنەوەی دەموچاو زیاد دەکات و حاڵەتەکە خراپتر دەکات. ئەگەر مکیاژیش دەکەی، با کەم بێ.
4. کەمکردنەوەی خواردنی چەور و بەهارات
هەندێک خۆراک دەبێتە هۆی زیادبوونی ئارەقەی دەموچاو، وەکو خواردنی بەهاراتاوی؛ خۆراکی زۆر چەور و پڕ بەهارات، خواردنی سوورەوەکراو، پیاز، سیر، خۆراکی سوێر. بۆیە ئامۆژگاریتان دەکەین لە گەرمای زۆردا دەمپارێزی بکەن لەو چەشنە خواردنانە
5. دەمپارێزی لە جگەرەکێشان و کافاین
جگەرەکێشان یەکێکە لە هۆکارەکانی ئارەقەی زیاد؛ هەروەها ئەو خواردنەوانەی کافاینیان تێدایە. بۆیە پێویستە واز لە جگەرەکێشان بهێنیت و خواردنی ئەو خواردنەوانە کەم بکەیتەوە.
6. کەمکردنەوەی خواردنی شیرینی
ئامۆژگاریتان دەکەین کە لە وەرزی هاویندا بە گشتی خواردنی شیرینی کەم بکەنەوە، هەروەها دوور بکەونەوە لە خواردن بە سکی بەتاڵ یان پێش خەوتن، چونکە وزە بە جەستە دەبەخشن کە بە شێوەی ئارەقە دەردەرێت. بۆیە ئامۆژگاریتان دەکەین دوای خواردنی شیرینی وەرزش بکەن بۆ نەهێشتنی کالۆرییە زیادەکەی.

