بارزان ئەکرەم – هەولێر
وەرزی ئەمساڵی هەر چوار یانە کوردستانییەکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتایی کۆتاییهات، وەرزێک لە هەندێک رووەوە سەرکەوتوو و لەهەندێک رووەوە شکستخواردوو. وەرزێک لە هەندێک رووەوە زۆر جوان و لە هەندێکی دیکەوە قێزەون بوو.
یانەی هەولێر لەگەڵ کۆمەڵێك گرفت رزگاری بوو
یانەی هەولێر وەرزێکی دیکەی بە کێشە و گرفت و هەڵبەز و دابەز لە ئاستی بەرێ كرد، یانەکە دۆخی سەیر و پێشبینینەکراوی بەسەردا هات، لە بەردەوامیی گێژاوی بێپارەیی و نەدانی مووچەی یاریزانانەوە، تا بەشێكی ئەنجامە خراپەکان، رۆیشتنی یاریزانان و زیزبوونیان لە یانەکە، بەڵام لە کۆتاییدا توانی بە 50 خاڵ لە خانەی دوازدەیەم بێت.
لە دوایین لێدواندا سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر، دەڵێ 90 رۆژە یاریزانەکانم مووچەیان وەرنەگرتووە، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە زۆر یاریزان ناچار دەکات لەجیاتی جارێک، دە جار بیر لەوە بکاتەوە بێتە هەولێر یان نا.
یانەی دهۆک دەیەوێت هەڵسێتەوە
ماوەیەکی زۆر لە تێپەڕینی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دهۆک وەک بەربژێرێک بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە تەماشا دەکرا. یانەکە سەرقاڵی بەدەستهێنانی نازناوی جامی کەنداو بوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا. ئەوە وایکرد چەندین یاریی دواخراوی هەبێت، کاتێک هاتە سەر ئەنجامدانەوەی یارییە دواخراوەکان، ئیدی ئومێدی رکابەری لەسەر نازناوەکە زیادیان کرد، بەڵام لەناکاو هەموو شت گۆڕا، توانی لە کۆتاییدا 57 خاڵی بەدەستهێنا و لە خانەی حەوتەم هات.
دهۆک هەنگاوێکی گەورەینا لەسەر ئاستی دەرەوە. هەمووانی دڵخۆشکرد کاتێک جامی کەنداوی بردەوە. ئەو کەرنەڤاڵەی ئەو رووداوە بەدوای خۆیدا هێنای، تاوەکو ساڵانێکی دواتریش لەبیر ناکرێن، خەڵک زۆر دڵخۆشبوون، دهۆک بووە گەورەی کەنداو، بەڵام لە کۆتاییدا نەیتوانی خەونە نێوخۆییەکەی بەدی بهێنێت.
پلانەکانی نەورۆز گۆڕان
یانەی نەورۆز ئەزموونێکی زیاتری بەدەستهێنا. راستەی نەیتوانی رکابەری بکات، تەنیا هەوڵی مانەوەیدا، بەڵام تیپەکە خۆی ئەزموونێکی زیاتری بەدەستهێنا، لەوەش گرنگتر پارێزگاریی لە مانەوەی خۆی لە خولەکەدا کرد و لە هەندێک شوێن و جێگەشدا مەیلی دەرکەوتن بەئاستی بەرزەوە پێشاندا، توانی 53 خاڵ کۆبکاتەوە و خانەی نۆیەم مسۆگەر بکات، بەڵام بڕیاریانداوە لو کۆتایی یارییەکانی جامی عێراقی، قەحتان جەسیری ڕاهێنەر لە پۆستەکەی دووربێخنەوە و راهێنەرێکی دیکە بۆ ریزەکانیان بهێنن.
یانەی زاخۆ مێژووی تۆمار کرد
زاخۆ بەخەونی زۆر گەورەوە دەرکەوت، لەگەڵ تەڵاڵ بلووشیدا گەیشتە لووتکە، بەڵام بەر لە کۆتایی لەوێش کەس نەیزانی بۆچی دۆخەکە بەو شێوەیە گۆڕا.
بلووشی رۆیشت و دیمەنەکانی بەڕێکردنی ئەو لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە وا بەئاسانی لەبیر ناچنەوە، ئەو خەریکبوو خەونی بردنەوەی نازناوی خولەکەی لەگەڵ یانەکەدا دەکردە راستی، بەڵام لەناکاو ئاراستەی دۆخەکە گۆڕا.
زاخۆ لە گۆڕانکارییەکی قووڵ و لە کاتێکی هەستیاردا، راهێنەری گۆڕی، بەڵام زوو هاوسەنگیی بەدەستهێنایەوە و ئەوە زۆر گرنگبوو کە یانەکە گەیشتە ئەوەی بۆ یەکەمجار بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی دەرەوەی عێراقدا بکات، زاخۆ لە کۆتاییدا توانی 71 خاڵ کۆبکاتەوە، کە ئەمە یەکەمجارە یانەی زاخۆ بگاتە ئەو خاڵە و خانەی سێیەم بەدەستبێنێت.
هەرچۆنێک بێت، ئەزموونی ئەمساڵی یانە کوردستانییەکان لە خولە عێراقییەکە باشبوو، هیچ کام لەچوار یانەکە دانەبەزین، هەموو مانەوە و زاخۆ و دهۆک لە نازناوەکەشەوە نزیکبوون. دەکرێ ئەزموونی ئەمساڵ بەئەزموونێکی باش بۆ هەرچوار ناوبنرێت، بەڵام هێشتا شتی زۆر ناشرینمان ماوە و پێشانی دەدەین.
هاندەرەکانی هەولێر، دهۆک، نەورۆز و زاخۆ هێندە تابلۆی جوانیان بەدرێژایی وەرزەکە پێشاندا، هەموومانی دڵخۆشکرد، بەڵام جێگەی داخبوو، دیمەنە تووندوتیژەکان زۆر شتی تێکدا و زۆر وێنەی جوانی ناشرینکرد.
یانەکانی زاخۆ و نەورۆز و دهۆک لە قۆناغی هەشتەمی خولەکە یاریدەکەن، بەڵام یانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی نەورۆز دەکات، چاوەکان هەموو لەسەر ئەم یارییە دەبن، یانەی دهۆکیش لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی مینا دەکات.

