ڕائیب جادر – هەولێر
بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ گەورەترین پڕۆژەی ئاو لە شارۆچکەی قوشتەپە تەواو بکرێت، تێچووی پڕۆژەکە ٢٢٢ ملیار دینارە، پڕۆژەکە ئاو بۆ ٧٢ گوندی سنوورەکە و سەنتەری شارۆچکەکە و شارەدێی بێستانە دابین دەکات و ٦٣ ھەزار ھاووڵاتی تا ٢٠ ساڵی دیکە لە کێشەی بێ ئاوی ڕزگار دەبن.
یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بووە، لە ئێستادا بەنداو و پۆندێکی زۆر دروستکراون، بەشێکیشیان کارکردن تێیاندا لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، کە لە ھەرێمی کوردستان ٢١ بەنداو و زیاتر لە ١٢٠ پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو ھەن، حکوومەتی ھەرێم ستراتیژیەتی زیادکردنی ئەو ژمارەیەی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قەیرانی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی داڕشتووە و لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، جگە لە پاراستنی سەرمایە، کۆکردنەوەیەتی بۆ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری، پاڵپشتیکردنی جووتیاران، ڕەخساندنی ھەلی کار، زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی و پاراستنی ھاووڵاتییان لە لافاو.
لە ھەر کەرتێکی خزمەتگوزاری بگەڕێیت پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی حکوومەتی ھەرێم دەبینی، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە حەوت مانگە دەستی بە کارکردن تێدا کراوە، لەسەرووی ستاندارتی جیھانی و بە باشترین کواڵێتی و دیزاین لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە کاری تێدا دەکرێت، ٥٠٠ کەس کار لە پڕۆژەکەدا دەکەن، پڕۆژەکە کێشەی کەم ئاوی ٧٢ گوند و سەنتەری قوشتەپە و شارەدێی بێستانە چارە دەکات و ٦٣ ھەزار ھاووڵاتی لێی سوودمەند دەبن.
لەسەر ڕێنمای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاردرا پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی کێشەی کەم ئاوی لە ناوچەکە چارە ببێت، کە زۆربەی بیرەکانی ئەم سنوورە وشکبوونە یان دەبێت ٧٠٠ مەتر لێ بدرێت تا دەگاتە ئاو، ئەگەر ئاویشی تێ بێت بەشی ھاووڵاتییانی ناوچەکە ناکات، پڕۆژەکە سێ ھەزار و سێ سەد مەتر مکەعەب ئاو لە زێی بچووک وەردەگرێت، پاش پاڵاوتن سێ ھەزاری بۆ قوشتەپە و دەوروبەری بەردەدرێت، بەوەش کێشەی کەم ئاوی لە ناوچەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ چارە دەبێت.
پڕۆژەکە لە سێ عەمباری سەرەکی و ١٥ عەمباری لاوەکی پێکدێت، ئاو لە زێی بچووک وەردەگرێت، دواتر پاڵاوتنی بۆ دەکرێت، کە سێ یەکەی پاڵاوتنی ھەیە، ئاوەکە پاک دەکرێتەوە و دەڕواتە بەشەکانی دیکە، کە لە توانای دایە ٧٢ ھەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا دابین بکات، لە ھەمان کاتدا بەھۆی پڕۆژەکەوە ١١١ بیری ئاو دادەخرێن.
بە درێژایی ٣٠٠ کیلۆمەتر بە بۆڕی ٨٠٠ ملیمی و دواتر بۆڕی ٥٠٠ ملیمی بۆ ٩٠ ملیمی ئاو دەگاتە ماڵان، گوژمەی پڕۆژەکە ٢٢٢ ملیار و ٣٧ ملیۆن دینارە، بە تەواوبوونی تاکو ٢٠ ساڵی دیکە سنووری قوشتەپە لە کێشەی بێ ئاوی ڕزگار دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە ئاری ئەحمەد، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ئەولەویەتی کارەکانی سێکتەری ئاو بووە، ھەوڵمان داوە ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، وەکو پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، کە ٥٥%ی تەواو بووە ئەمساڵ تەواو بکەین، ئەوەش وا دەکات لەو شوێنانەی کە لە سنوورەکە کێشەی ئاو ھەیە نەمێنێت.
بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی، دەشڵێ: ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٥٠ بیر وشک دەبن، بۆ جێگرەوەی ئەو بیرانە، بیری نوێ لێ دەدرێت، لەگەڵ تەواو بوونی ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ کردندان بەتایبەتی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی ھەولێر و پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، ئەو پڕۆژانە وا دەکەن تا ڕادەیەکی باش کێشەی کەم ئاوی نەمێنێت، ھەروەھا لە ھەولێر و دەوروبەری کار دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر لە ھەزار و دوو سەد بیر ڕابگرین و ئەو ئاوەی کە تێیاندایە بپارێزین و دەستکاری نەکەین.

