كارزان گلی – ههولێر
جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە تەواوی توركیادا واژۆ كۆ دەكاتەوە بۆ ئەوەی توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
جەهەپە، دژی دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمائۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ و چەندین سەرشارەوانی تری جەهەپە، داوا دەكات توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە، دژی هەڵبژاردنی پێشوەختەن.
جەهەپە، سندوقی لە بەشێكی زۆری شارەكانی توركیا داناوە و داوا لە خەڵك دەكات، واژۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت و ئەم دەسەڵاتە نەڕوات، چارەنووسی توركیا و میللەتەكەی بەرەو خراپی دەچێت.
پرۆسەكە لەلای جەهەپە زۆر گەورە كراوە، بەوەی ٢٤٠ هەزار سندوقیان داناوە بۆ كۆكردنەوەی واژۆ، هەروەها بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ٢٤٠ هەزار ئەندامی ئەو پارتە، بڕژێنە مەیدان و پشتگیری لەو سندوقە بكەن، كە داوا لە خەڵك دەكەن واژۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، جەهەپە دەیەوێت رێژەی واژۆ بگەیەنێتە ٢٨ ملیۆن واژۆ، ئەوكات لە رێگەی ئەو واژۆیانەوە بتوانێت فشار بخاتە سەر حكوومەت و رەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ کردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەردۆغان، بە ڕوونی گوتوویەتی، توركیا ناچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا دەكرێت، ئەویش مانگی ١١ـی ٢٠٢٨ـە.
بەڵام ئەگەر دەستووری توركیا هەموار نەكرێتەوە و رێگە نەدرێت ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەربژێر بكاتەوە، تاكە رێگە لە بەردەمی ئەردۆغاندا هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، چونكە ئەگەر پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەو خولەی بۆ هەژمار ناكرێت.
ئەردۆغان، ئەگەر ئەو رێگەیەش بكرێتە بەر، هەر لەمساڵدا ناچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، بەڵكوو چوار مانگ بەر لە وادەی هەڵبژاردن، واتە لە مانگی ٥ـی ٢٠٢٨، توركیا دەباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەردۆغان بۆ ناچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە دەزانێت دەدۆڕێت، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێكە دیارترینیان قەیرانی داراییە.
ئەردۆغان، پلانی داناو رەوشی ئابووریی تا ٢٠٢٨ باش بكات و هەڵاوسانی ئابووریی بگەیەنێتە ٢٠٪، ئەوكات توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
لەلایەكی ترەوە، ئاكەپە و مەهەپە، پڕۆسەی چارەسەریی كوردیان هێناوەتە بەرباس، دەیانەوێت لە سەردەمی ئەواندا پەكەكە چەك دابنێت و ئیدی لە توركیا شتێك نەمێنێت بەناوی پەكەكە، ئەم پڕۆسەیەش ئەگەر سەركەوتوو بێت، دەیانەوێت لە پڕوپاگندەی هەڵبژاردنی داهاتوو بەكاری بهێنن و دەنگی پێ كۆ بكەنەوە.
بۆیە چاودێرانی سیاسی لە توركیا پێیان وایە، دەبێت رەوشی ئابووری باش بێت و پەكەكە چەك دابنێت و كوردەكان لەخۆی نزیك بكاتەوە، بەتایبەت دەم پارتی، كە پێویستە بهێنرێتە ناو هاوپەیمانیی (كۆماری)ـیەوە، ئەوكات ئەگەری بردنەوەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتوو باش دەبێت.
هەڵوێستی دەم پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەرێنییە، ئەو پارتە بەردەوام گوتوویانە ئامادەن بۆ هەڵبژاردن و پشتگیری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، بەڵام روون نییە ئاخۆ داوا لە لایەنگرانیان دەكەن، واژۆ بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن یان رەتی دەكەنەوە؟

