جەمال عومەر (جەمال دەلاک)
لەو بابەتە هونەرییانەی لە لاپەڕەکەی خۆم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی فەیسبوکدا بڵاویان دەکەمەوە، گەلێک جار بۆتە هۆی هەڵدانەوەی لاپەڕەی یادەوەرییەکانی زۆر لەو هونەرمەند و ئازیزانەی کە کات تەرخان دەکەن بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە و، بە نامە سەرنج و تێبینی و بیرەوەرییەکانی ئەو سەردەمانە دەنێرن کە پەیوەستە بە بابەتەکەوە.
هونەرمەند زاهیر محەمەد ئیبراهیم، لە نێوەندی کۆمەڵایەتی و هونەریدا بە (زاهیر مەدانە) یان (زاهیر کۆیی) ناسراوە، ئەم هونەرمەند ئازیزەمان ساڵی (1939) لە گەڕەکی بەفریقەندی شارە جوانەکەی کۆیە بەدنیا هاتووە، هونەرمەند یەکێکە لە سوارچاکەکانی تیپی مۆسیقای باواجی لە کۆیە.
ڕێکەوتی (19/6/2019) بابەتێکم لە كەناڵی ئاسمانی (كوردستان 24)ـەوە بڵاو کردەوە بە ناوی (محەمەدی كەمانگەر: وتم تۆ ئەزانی حەسەن زیرەك نەخوێندەوارە؟!)، کە دیکۆمێنتارییەک بوو تایبەت بە هونەرمەند حەسەن زیرەک؛ دیارە ئەو بابەتە بە هەست و ڕۆحی هونەرمەند (زاهیر محەمەد) ئاشنا بووە و لاپەڕە شیرینەکانی دیدار و ڕۆژانی تێکۆشانی هونەریی وەبیرهێنابۆوە، لە دڵەوە سوپاسگوزاری دەست و پەنجە و هەست و یادەوەریی مامۆستا زاهیرم؛ ڕێکەوتی (25/10/2022) یادەوەرییەکی زۆر شیرینی (55) ساڵ لەمەوبەری لەسەر بابەتەکە نووسیبوو، ئەویش دیداری لەگەڵ هونەرمەند و بلیمەتی نەمر (حەسەن زیرەک) لە شاری سلێمانی؛ بە پێویستم زانی لە (53) ساڵەی ژیانئاوایی هونەرمەند و مامۆستا (حەسەن زیرەک 1921_ 26/6/1972) ئەو یادەوەرییە بخەمە بەر دیەی هۆگران و هەوادارانی هونەری بەرز و دەنگی زوڵاڵی زیرەک نەمر.
هونەرمەند و مامۆستا زاهیر محەمەد، لاپەڕەی یادەوەرییەکانی بەمشێوەیە هەڵدەداتەوە و دەمانباتەوە بۆ ئەو کاتانەی لەنزیکەوە هونەرمەند حەسەن زیرەکی بینیوەو لەیەکێک لە شەو ئاهەنگەکانی لە شاری سلێمانی مۆسیقای بۆ ژەنیوە:
(پشووی نیوەی ساڵی قوتابخانە بوو، ساڵی (1967) ئێمە کۆمەڵێک مامۆستا و برادەرانی قوتابخانەی زانستی کۆیە (بەپێی ئەو ڕێکەوتە بێت لەو سەردەمەدا پشووی نیوەساڵ دەکەوتە نیوەی مانگی شوباتەوە (ج. د.) گەشتێکمان کرد بۆ شاری سلێمانی، بۆ شەوەکەی لە ماڵی هونەرمەند کاک (شەوکەت ڕەشید 1930_17/4/1991 سلێمانی) بووین، شەو ئاهەنگێک ساز کرا بە ئامادەبوونی هونەرمەند (حەسەن زیرەک)؛ بە ڕاستی شەوێکی زۆر خۆش بوو، برادەر و جیرانی ماڵی کاک شەوکەت و خەڵکی دیکەش هاتبوون، من و هونەرمەند کاک (ئەنوەر قەرەداخی 1946 هەڵەبجە) بە ئامێری (کەمان)، کاک شەوکەت بە (کلارنێت)ـەکەی، هونەرمەند کاک (سەلاح ڕەشید 1942 سلێمانی) برای کاک شەوکەت بە ئامێری (نای و تەپڵ)، هونەرمەند حەسەن زیرەک بە گۆرانی و ژەنینی (دەف) بەشدار بوو، ئەو زەمانە تۆمارکردن لەسەر شریتی بەکرە (تێپ) بە ئامێری (گرۆندیک) تۆمار دەکرا، لەیادمە ئەو شەوە چەند شریت (تێپ)یان پڕ کردەوە؛ دوایی کە تازە کاسێت بۆ تۆمارکردن پەیدا بوو، کاک شەوکەت کۆمەڵێک گۆرانیی لەو شریتانە هەڵبژارد و کاسێتێکی لێ تەواو کرد و بڵاو کرایەوە، ئەو کاسێتە کە زۆر بەربڵاوە تاکو ئێستاش، خۆشییەکەی لەوەدا بوو هونەرمەند حەسەن زیرەک زۆر خۆش و بە حەماسەوە ئەیچریکاند.
ئەو بەڕێزەی کە گۆرانییەکانی تۆمار دەکرد بە ڕیکۆردەرێکی (گرۆندیکی گەورە) ناوی کاک (مەحمود شلک 1920 _ 13/6/2009سلێمانی) بوو ئەگەر هەڵە نەبم چونکە هەموودەم لەگەڵ حەسەن زیرەکدا بوو، بەڕێزێکی دیکەش ئەو شەوە لەوێ بوو ژەنیاری تەپڵ بوو، یاوەری کاک شەوکەت بوو، ناوی (عەزۆلە 1934_17/7/1973 سلێمانی) بوو، لە پۆلیسخانە کاری دەکرد؛ هونهرمهند (عهزیز محهمهد خهلیفه) كه لهناو خهڵكیدا به (عهزۆلهی تهپڵ) ناسراوه، وەک پیشە پۆلیس بووە له بهشی ئالیاتی پۆلیسی سهرای سلێمانی. (ج. د.)
لەو شریت و بەکرانەی ئەو شەوە تۆمار کرا کە پێشتر باسم کرد، ڕەحمەتی کاک شەوکەت لێی هەڵبژاردبوون، زۆر لەوانەش زیاتر بوو، کاک ئەنوەر قەرەداخی و زۆر لەوانەی لەوێ بوون ئەو شەوە خۆشبەختانە لە ژیاندا ماون، خوای گەورە تەمەنیان درێژ کات و کۆچکردووەکانیش بە بەهەشت شاد بکات.
بۆ بەڵگەی زیاتری ئەو شەوئاهەنگە، ئەو گۆرانیەی (ئۆخەی ئۆخەی لەو باڵایە) ئەوە خۆی پارچە مۆسیقایەکی ئەرمەنی بوو، ئەو زەمانە زۆر دەرکەوتبوو، ئێمەش پشوویەکی کورتمان وەرگرت لە پشووەکەدا ئەو پارچە مۆسیقایە لێ درا، لەو کاتەدا حەسەن زیرەک کە گوێی لێ بوو، گوتی: ئادەی جارێکی تریش لێی بدەنەوە، لەگەڵ دووبارەکردنەوەی ئەو پارچە مۆسیقایە حەسەن زیرەک یەکسەر کردییە ئەو گۆرانییە و هەمان شەو تۆمار کرا، کاک سەلاح ڕەشید، سوپاس بۆ خوا لە ژیاندایە ئاگاداری ئەو شتانەیە، ئەگەر ئەو باسە بخوێنێتەوە دڵنیام گەواهی دەدا و لەوانەیە پێیشی زیاد بکات.
دەربارەی نەخوێندەواری هونەرمەند حەسەن زیرەک دەمەوێت ئەوەش وەک بەڵگە بڵێم، هەر ئەو شەوە مامۆستای کۆچکردوو (عەبدولڕەزاق) باوکی هونەرمەندی ژەنیاری ئامێری کلارنێت لە تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، لەگەڵماندا بوو داوای وێنەیەکی لە حەسەن زیرەک کرد، ئەویش وێنەیەکی خۆی پێ دا، بەڵام گوتی خۆت لە پشتی وێنەکە بنووسە، چونکە من نووسین نازانم. دوایی حەسەن زیرەک واژۆیەکی زۆر سەیری لەسەر نووسینەکە کرد؛ (ئەو وێنەیە لە ساڵی 1967 پێشکەش بە مامۆستای کۆچکردوو عەبدولڕەزاق کراوە؛ ڕێکەوتی (22/6/2025) پەیوەندیم کرد بە مامۆستا و هونەرمەند (سەفین عەبدولڕەزاق)ـەوە بزانم وێنەکەیان لا ماوە یان نا، لە وەڵامدا پێی ڕاگەیاندم: بەداخەوە ئەو دیارییە بەنرخەی زیرەکی نەمر لامان نەماوە؛ ئەویش فەوتاوە بەهۆی بارودۆخی کوردستان و ڕاکەڕاکە، جێی داخە لە ئەرشیفەکەماندا نەماوە. (ج. د.)
ئەو شەوە تا نزیکی بەرەبەیان ئەو شەوئاهەنگە خایاندی، دواتر پشوویەکی دیکەمان وەرگرت تا هونەرمەند حەسەن زیرەک و ژەنیارەکان پشوویەک بدەن، من و هونەرمەندی کۆچکردوو (ئەنوەر تاهیر ناسراو بە مەلا ئەنوەر و کاک شەوکەت ڕەشید پێکەوە گۆرانی (سۆلاڤ) لە شیعری (دڵزار)مان گوت:
وتمان: ئەملا کەژێکە، ئەولا کەژێکە
لەو کاتەدا ڕاستەوخۆ حەسەن زیرەک ئەو نیوە شیعرەی بۆ زیاد کرد و گوتی (منداڵ پێویستی مەمکمژێکە)، چونکە گۆرانییەکەی زۆر لا خۆش بوو.
هەر ئەو شەوە ئێمە بڕیارمان دا میوانداری هونەرمەند حەسەن زیرەک بکەین کە بێتە کۆیە و لەوێدا دەعوەتمان کرد، ئەویش بە بانگهێشتنەکەمان ڕازی بوو، دوای نزیکی مانگێک ڕۆژێکمان دەستنیشان کرد لەگەڵ کاک شەوکەت ڕەشید لە شاری کەرکووکەوە بێنە کۆیە، ڕۆژی دیاریکراو ئێمە ماڵی برادەرێکی خۆمانمان ئامادە کرد، کاتێک جەماوەری شاری کۆیە زانییان کە هونەرمەند حەسەن زیرەک دێتە کۆیە، دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە خەڵک لە پێشوازیدا بوون تا خوار گەڕەکی ئیسکان، وەک ئەوەی پیاوێکی گەورە و بەناوبانگ بێتە شار.
ئێمە و ئەو خەڵکە هەرچاوەڕوان بووین بەڵام هەرنەگەیشتن و ئێمە کەوتینە دڵەڕاوکێ، ناچار بۆمەبەستی سۆراخ و زانینی هەواڵ چووینە دایرەی (پۆستە) لەوێوە تەلەفۆنمان کرد بۆماڵی کاک شەوکەوت، ماڵەکەیان لەگەڕەکی بەرتەکیە بوو، بۆزانیاری کاک شەوکەت ڕەشید دوو خێزانی هەبوو یەکێک لەکەرکووک و ئەویتریان لەسلێمانی، لەوەڵامدا لەتەلەفۆنەکەوە پێیان ڕاگەیاندین کە هونەرمەند حەسەن زیرەک لەڕێگای هاتنیان بۆ کۆیە گیراوە، بەداخەوە هەرئەو گرتنە بوو لەساڵی (1967) گیرا و بەقیسمەت نەبوو بێتە شاری کۆیە و جەماوەری ئەو شارە لەنزیکەوە پێی شاد بن، هەرئەو گیرانە بوو حەسەن زیرەک مان لەباشووری کوردستان نەدیتەوە..؟!
دەربارەی گیرانی هونەرمەند حەسەن زیرەک، لەڕێکەوتی (30/7/2017) ناوەندی عەلی مەردان بەهاوکاری دەزگای داودی بۆگەشەپێدان، مەراسیمێکی تایبەتی بۆ هەردوو هونەرمەندی مەقامبێژ و بەستەبێژ (مامۆستا عەلی مەردان و حسێن عەلی) لە شاری کەرکووک ساز کردبوو، لە شاری هەولێرەوە لە خزمەتی کاک (حەمەی حەمەباقی)ـدا بەرەو شاری کەرکووک بەڕێ کەوتین چونکە هەردوکمان بانگهێشتی ئەو مەراسیمە کرابووین، لە ڕێگا چەند پرسیارێکم دەربارەی هونەرمەند حەسەن زیرەک لەکاکە حەمەی حەمە باقی کرد، یەکێک لەپرسیارەکان ئەوەبوو، کاتێک زیندانی کران لە سجنی گەورەی سلێمانی حەسەن زیرەک لە زیندان بوو؟ یان دوای بەڕێزتان بوو؟ ساڵی (1967) مانگی چەند بوو؟
لە وەڵامدا کاکە حەمەی حەمەباقی وتی: ڕاستە ساڵی (1967) بوو کاتێک منیان گرت و ڕەوانەی سجنی گەورەی سلێمانی کرام، هونەرمەند حەسەن زیرەک مانگێک بوو گیرابوو لە بەندیخانەی سلێمانی، واتە هونەرمەند حەسەن زیرەک لە مانگی (6)ی ساڵی (1967) گیرابوو، من لە مانگی (7)ـی هەمان ساڵدا، بەپێی یادەوەرییەکەی مامۆستا و هونەرمەند زاهیر محەمەد کۆیی، هونەرمەند حەسەن زیرەک لە شاری کەرکووک گیراوە، ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت، پاشان ڕەوانەی سجنی گەورەی سلێمانی کراوە و دواتر بردوویانەتەوە و بۆ کەرکووک و لەوێوەوە بۆ بەندینخانەی شاری بەعقوبەو دواتر لەوێوە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتەوە بەبەندی، بەپێی یادەوەرییەکەی کاک (محەمەدی کەمانگەر) هونەرمەند حەسەن زیرەک لە شاری کرماشان زیندانی کراوە و دواتر هەوڵی بۆدەدەن ئازادی دەکەن.
هەر دەربارەی ئەو یادەوەرییەی هونەرمەند و مامۆستا زاهیر و ئەو شەوئاهەنگەی ماڵی هونەرمەند (شەوکەت ڕەشید) کە بەڕێزیان وەک هونەرمەندێکی ژەنیاری (کەمان _ ڤیۆلۆن) لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بەڕێزانەدا بەشدار بووە، بە داخەوە لە هیچ شوێن و گیڕانەوەیەک ئاماژەی پێ نەدراوە، تەنانە لە کتێبە بەنرخەکەی هونەرمەند و مامۆستا (د. عادل محەمەد کەریم) سەرۆکی تیپی مۆسیقای سلێمانی (ڕەهەندەکانی حەسەن زیرەک، ژیانی کۆمەڵایەتی، دەنگ و سەدا، پێکهاتی گۆرانییەکانی) لەو کتێبەدا نووسەر زۆر بە جوانی و بە وردی و گەڕان بە دوای زانیارییەکانی ئەو ئاهەنگانەی هونەرمەند حەسەن زیرەک لە شاری سلێمانی تۆمار کردووە، لە لاپەڕەی ژمارە (81)ـی کتێبەکەدا هاتووە (ئاهەنگی سێیەم: حەسەن زیرەک ماڵی شەوکەت ڕەشید) مامۆستا عادل دڵنیام بە ئامانەتەوە و دوای ماندوبوونێکی زۆر و بەدەستهێنانی زانیاریی ڕاست ئاماژەی بە گۆرانییەکان و ناوی هونەرمەندانی ژەنیاری ئەو ئاهەنگانە داوە، لەو ئاهەنگەی ماڵی هونەرمەند شەوکەت ڕەشیددا، ژەنیارەکان و ئامێرەکانی ئاماژە پێ داوە:
ولیەم یوحەنا: عود
عەزۆل: تەپڵ
مام حەسەن: باڵەبان
شەوکەت ڕەشید: کلارنێت
تەنانەت نووسەر نووسیویەتی: سەرەتا بە مۆسیقای گۆرانیی (لەبەر نازی چاوبازان)ـەوە دەست پێ دەکات.
سەبارەت بەو زانیارییانەی مامۆستا زاهیر و مامۆستا عادل، دەبێت هونەرمەند حەسەن زیرەک لە ماڵی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید دوو ئاهەنگی کردبێت؛ ئەوەش دەهێنێ، وردبینی و بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
لە (53)هەمین ساڵوەگەڕی دواکۆچی هونەرمەند و بلیمەتی نەمر حەسەن زیرەک، دروود و سڵاو بۆ گڵکۆی پیرۆزی ئەو هونەرمەندەی یەک جار بەدنیا هات و بۆ هەمیشە دەنگ و ئاواز و گۆرانییەکانی بە نەمری دەمێنێتەوە؛ ڕۆحی شاد و یاد و یادەوەرییەکانی هەردەم بەرز و پڕشکۆ بێت، تەمەنداری و، ژیانێکی بێوەی و ئارام بۆ مامۆستا زاهیر محەمەد و، سڵاو لە مێژووی پڕ بەخششی هونەری.
24/6/2025 سلێمانی

