رۆژنامەی ھەولێر

عەباس کیاڕۆستەمی؛ شاعیرێکی کۆڵەوار

ئارام کۆشکی – سلێمانی

هەمیشە ویستوومە لە شیعرەوە نزیک بم، ئەمەش خولیایەکی لە مێژینەمە و ئەم نزیکبوونەش وایکردووە، کە ساڵانێکە هەست بەجۆرێک لە ئاوێتەبوونی ڕۆحی بکەم لەگەڵ ئەم ژانرەدا. شیعر خۆراکی ڕۆژانەی ڕۆحمە و ناتوانم بەبێ شیعر ساتەکان تێپەڕێنم و لەو جێگەیەی هەموو دەرگاکان داخراون شیعر هەوڵی کردنەوەی دەرگای دیکە دەدات. شیعر ئەو هونەرە باڵایەیە، کە زۆرکەس ناتوانن درکی بکەن، ناتوانن چێژی بکەن و ڕۆحی خۆیانی پێ پاراو بکەنەوە، لەبەر ئەوەیە کاتێک لەبارەیەوە دەدوێن خزمەتی شیعر ناکەن، بەڵکو دەبنە زیان بۆی و زۆرجاریش قسەکردنەکەیان دەبێتە سووکایەتی.

شیعر لەگەڵ ئەوە هونەرێکی سرکە، هاوکات هونەرێکی ناسکیشە، چونکە مامەڵەکردنە لەگەڵ وشە و ئاواز و ڕیتم و زۆربابەتی دیکە. هەرلەبەر ئەوەیە کاتێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە وەردەگێڕدرێت بەشێک لە جوانییەکەی لەدەست دەدات، (جوانی لێرەدا مەبەست لەو تایبەتمەندییە زمانی و شێواز و ڕێتمەوەیە کە شیعر هەڵگریەتی)، لێرەوەیە کە زۆرجار وەرگێڕانی شیعر بە خیانەت دەزانرێت و بەشێک لە شاعیران دژی وەرگێڕانی شیعرن، بەڵام ئایا هیچ جێگرەوەیەک هەیە بۆ ئەوەی شیعر وەرنەگێڕدرێت. بێگومان هیچ جێگرەوەیەک نییە بۆ ئەوەی شیعر وەرنەگێڕدرێت، بۆیە وەرگێڕانی شیعر پێویستییەکی کولتووریی و ئیستاتیکییە. من لایەنگریی وەرگێڕانی شیعرم و لەڕێی وەرگێڕانەوە نەبوایە هەرگیز نەمدەتوانی چەندین دەقی گرنگی جیهانی بخوێنەوە و چەشنی “ئیلیادە و ئۆدێسە”ی هۆمیرۆس و “کۆمیدیا”ی دانتێ و دەیان شاکارە شیعریی دیکە. خۆ ئەگەر لەکاتی وەرگێڕاندا بەشێک لە جوانییەکەشیان ون بووبێت، بەڵام من بەشێکی دیکەی جوانییەکانی ئەو تێکستانە بەهرەمەندبووم و ئەمەش زیاترە لەوەی کە هەر نەمبینیایە.
یەکێک لە کێشەکانی وەرگێڕانی شیعر ئەوەیە، کە زۆرجار ئەوانەی شیعر وەردەگێڕن خۆیان شیعرناس نین، بەڵکو لە خۆشەویستی بۆ شیعر، یان شاعیرێک دەست بە وەرگێڕانی شیعر دەکەن، ئەمەش زۆرجار کۆمەڵێک دەقی کرچوکاڵی هێناوەتە نێو دونیای وەرگێڕانی شیعرەوە، کە بە زیان بۆ شیعر و پرۆسەی وەرگێڕانی شیعر شکاوەتەوە. یەکێک لەو کتێبانەی لە هەفتەی ڕابردوو خوێندمەوە وەرگێڕانی شیعرەکانی نووسەر و دەرهێنەری ئێرانی “عەباس کیاڕۆستەمی” بوو لەژێر ناونیشانی “با لەگەڵ خۆی دەمبات”، کە ئەحمەد کاوە کردوویەتی بە کوردی و کتێبخانەی ڕۆمان لە دوتوێی 120 لاپەڕەدا بەچاپ گەیاندووە و 280 پارچە شیعری لە خۆگرتووە.
دونیای کیاڕۆستەمی لەنێو سینەمادا دونیایەکی تایبەت و خاوەنی پێگەیەکی گرنگە لەنێو سینەمادا، بەڵام لەنێو دونیای شیعردا نە ئەو پێگەیەی هەیە، نە بەشێکی زۆری (ناڵێم هەمووی) ئەو دەقانەشی لەم کتێبەدا خراونەتەڕوو شیعرن و هێزی شیعرییان هەیە، بێگومان من ڕەخنەم لە وەرگێڕانەکە نییە، چونکە بەراوردی دەقەکەم نەکردووە، بەڵکو ڕەخنەم لە هەڵبژاردنی وەرگێڕە، کە کیاڕۆستەمی ئیختیار کردووە بۆ وەرگێڕان. لەکاتێکدا ئەو شاعیر نییە، ڕاستە هەندێک دەقی نووسیوە و ناوی لێناوە شیعر، بەڵام خاوەنی دونیای شیعریی نییە و ئەوەی لەم کتێبەدایە زیاتر لە وڕێنەی مرۆڤێکی بریندار دەچێت، نەک شاعیرێک، چونکە شیعر بیرکردنەوە و ڕامانە، شیعر تەنها وێنەکردن و وێناکردن و نووسینەوەی هەست نییە. ئەوەی لای کیاڕۆستەمی لەم کتێبەدا هەیە زۆرجار تەنها وشەڕیزکردنە چەشنی ئەمانە: (شەو/ دەریا/ زستان)، یان (قرتێنرا/ فڕێدرا/گوڵێکی/ کەمێ بۆنخۆش). شیعر هونەری وشەڕیزکردن نییە، بەڵکو هونەری خولقاندنی دونیایەکی نوێیە، کە کیاڕۆستەمی نەیکردووە و چەشنی شاعیرێکی گەنج تەنها هەستەکانی نووسیوەتەوە. بەڵام شیعر نووسینەوەی هەست نییە، شیعر بیرکردنەوەیە لەنێو هەستەکاندا و ئەمەش سەرەتایەکە بۆ خولقاندنی دونیایەکی شیعریی، چونکە شیعر تەنها بیرکردنەوەش نییە لەنێو هەستەکاندا، بەڵکو بۆ دوورگەی دوورتر و شوێنی پەنهانتری نێو ژیانی مرۆڤ دەڕوات.
لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەرچی کیاڕۆستەمی سینەماکارێکی دیار و ناوداربێت، بەڵام مەرج نییە شاعیرێکی گرنگ و بایەخدار بێت، لەم کتێبەوە دەبینین کیاڕۆستەمی جگە شاعیرێکی کۆڵەوەر ڕەنگە هیچ ناونانێکی دیکەی شایستە نەبێت و ئەم کتێبەش هیچ بۆشاییەک لەنێو کتێبخانەی کوردی و پانتایی شیعریی وەرگێڕدراودا پڕ ناکاتەوە.
ئەم سەرنجە کورتەی سەرەوە بۆ تانەدان و کەمکردنەوەی توانای وەرگێڕ و بە کەم سەیرکردنی کاری خانەی بڵاوکردنەوە نییە، بەڵکو لەپێناو ئەوەدایە وەرگێڕان وەکو پرۆسەیەکی ژیاریی و بەرپرسیارانە ببینرێت و هەموو تێکستێک کە بە زمانی بیانی نووسرا بێت مەرج نییە گرنگ بێط بۆ کتێبخانەی کوردی، بەڵکو گرنگ ئەو تێکست و کتێبانەن کە خزمەت بە بزاڤی وەرگێڕان و کتێبخانەی کوردی دەکەن.