سەدیق سەعید ڕوادزی
ڕۆمانی مێژوویی، بە تێماكردنەوەی ئەو ڕووداوە مێژووییانەیە كە لە ڕۆژگارێكی دیاریكراودا، روویان داوە و سەر لە نوێ لە ڕۆماندا، وەك بابەت دەخرێنە ڕوو. بێگومان نەك تەنها لە ڕۆماندا، بەڵكو لە هەموو ژانرە ئەدەبیەكاندا، مێژوو كە زۆرجار لە وێنەی ڕابردوو بەرجەستە دەبێت و دەخرێتە ڕوو، وەك گوتارێك كە ئاماژەیەكی مێژوویی هەیە، بوونی دەبێت، بەڵام ئەو بەرجەستەكردنە لە ژانری ڕۆماندا، بەرفراوانتر و چڕترە، چونكە ڕۆمان ژانرێكی گێڕانەوە و ڕووداوە. لێرەوەش دەبینین ڕۆمانی مێژوویی، وەك جۆرێك لە پۆلێنكاری ڕۆماندا، بە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، دەرخستنی مێژووی ڕووداوەكان وەسف دەكرێت و بەهایەكی ئەدەبی و هونەری و ئستاتیكی هەیە. بگرە ڕۆمانە مێژووییەكان لە ڕووی چێژەوە، چێژی زیاتر بە خوێنەر دەدەن لە ڕۆمانە فەنتازیی و خەیاڵییەكان، ڕەنگە ئەمەش پەیوەندی بەوە هەبێت، كە مرۆڤ بوونەوەرێكە، هەمیشە خولیایەكی گەورەی بۆ زانینی ڕووداوەكان و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەبێ لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە، كە لە ڕۆمانی مێژووییدا، تێما و ڕووداوەكان دەبێ فۆرمێكی هونەریی وئەدەبیانەیان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی تا ڕادەیەك لە گێڕانەوەی مێژوویی دەربچن. ڕۆمانی مێژوویی وەك ئەوەی لە شوناسەكەی دیارە، جەخت دەكاتە سەر مێژوو، وەك ڕووداو، كارەكتەر، كات و شوێن، بۆیە ئاسایە لە ڕۆماندا چەمكی مێژوو بە جۆرێك زەق بكرێتەوە، كە ئیدی كۆی ڕووداوەكان بچنە نێو خانەی گێڕانەوەی مێژووییەوە. بێگومان لە ڕۆمانی مێژووییدا، بگێڕەوەی ڕووداوەكان، هەمیشە وەك بگێڕەوەی هەمووشتزان و لە دەرەوەی دەق دەردەكەوێت، كە ئەمە هیچ خەوشێكی هونەری نییە، چونكە دەبێ بزانین مێژوو، پایەكانی لە سەر گێڕانەوە وەستاون، بۆ ئەوەی ئێمە ڕووداوێك كە لە ڕابردوو ڕووی داوە بێنینەوە نێو دەقی ڕۆمان، ئەوا هەر دەبێت جۆرێك لە بگێڕەوەی هەمووشتزانمان هەبێت، چونكە خودی بكەرەكانی نێو ڕووداوە مێژووییەكان، لە ئاستی بوون و ژیاندا نەماون، تاكو خۆیان وازی ڕۆڵەكانیان بكەن، بەڵكو دەبێت نمایندەی ئەوان بسپێردرێت بە گێڕەڕەوەیەكی دیكە، واتا لە نا ئامادەیی ئەواندا، گێڕەڕەوەی تر، ئەو ڕۆڵەی ئەو دەبینێت ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە كاتێ بگێڕەوە لەو جۆرە ڕۆمانە، ڕۆڵی گێڕانەوەی ڕووداوەكان دەبینێت، ئەوا هەر دەبێ ئەو دەنگە، خودی ڕۆماننووس خۆی بێت، چونكە ڕۆمانی مێژوویی، دەرخستن و گێڕانەوەی ئەو کارەکتەر و ڕووداوانەی وەختی خۆی ڕوویان داوە و جیاوازە لەگەڵ ڕۆمانی خەیاڵی، كە ڕۆماننووس جلەوی خەیاڵی بە ئەندازەیەك ئازاد دەكات، كە هەر چییەك مەبەستی بێت، ئەگەر لە سەرووی واقیعیشەوە یان وێنەیەكی سوریالیش بێت، دەرببرێت. بۆیە ئەوانەی بڕوایان وایە، نابێ ڕۆماننووس وەك بگێڕەوەی هەمووشتزان و دەنگی زاڵی گێڕانەوە لە ڕۆمانی مێژووییدا دەربكەون، لە ڕاستیدا جیاوازی لە نێوان ڕۆمانی مێژوویی و ڕۆمانی خەیاڵی ناكەن. لەو سۆنگەیەوە ئێمە كاتێ بەر دەنگی بگێڕەوەی هەمووشتزانی ڕووداوەكان لە ڕۆمانی شمشێری موسا بە نموونە دەكەوین، ئەوا مانای وانییە كە ڕۆماننووس مێژوو دەگێڕێتەوە یاخود، لە ڕۆڵی كارەكتەرەكانی ڕۆمان نەگەیشتووە، كە نووسەری ڕۆمانەكە خۆی دیارترین لێكۆڵەری بواری ڕۆمانە، كە دەتوانم بڵێم نووسنەكانی لەو بارەوە، زۆر بەهادارتر و زانستیانەترن لەوانەی ئەكادیمییەكان دەینووسن، كە تەنێ كۆلاژكردنی وشە و ڕستە و دەربڕینی ئەوانیترە، بە پێچەوانەوە سرووشتی ئەو ڕۆمانە، كە باسی ستەمی جوولەكەكان و دەركردنیان لە عێراق لە سەرەتای پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو دەكات، ئەم شێوازە لە گێڕانەوە دەخوازێت، چونكە ئێستاکە مۆشێ لە ژیاندا نەماوە تاكو خۆی ببێتە بگێڕەوەی ڕووداوەكان، كەواتە دیوی شاراوەی ژیانی ئەوان كاتێ دەخرێتە بەر باس، ئەوا دەبێ بگێڕەوەیەكی هەمووشتزان هەبێت، كە ئاشنای ژیانی گشتی ئەوان بێت. ڕۆمانی مێژوویی بە گشتی، ڕەگەزەكانی لە هەناوی واقیعەوە دروست دەبن، بۆیە هیچ خەوشێك لەوە دا نییە ڕۆماننووس وەك بگێڕەوەی هەمووشتزان و دەنگی زاڵی گێڕانەوە، لەو جۆرە ڕۆمانە دەربكەوێت، بە پێچەوانەی ئەوەی نەجم ئەڵوەنی لە بارەی هەر سێ ڕۆمانەكەی (سابیر ڕەشید ) نووسیویەتی، كە پتر ڕای سەر زارەكین و ناچنە خانەی لێكۆڵینەوە ! لە ڕۆمانی مێژووییدا، چەقی ڕووداوەكان لە نێو مێژوودایە، كارەكتەر و پاڵەوان وەك بەشێك لە ڕابردوو دووبارە ئامادەیان دەبێت، كات و شوێنەكان گوزارشت لە سەردەمی خۆیان دەكەن، هەموو ئەم ڕەگەزانەش لە ڕێگەی بگێڕەوەی هەمووشتزانەوە دەخرێنە ڕوو، بە پێچەوانەی ڕۆمانی خەیاڵی و سەرووی واقیع، كە ڕەگەزەكانی لە نێو واقیعەوە دەرناكەون، بەڵكو بەرهەمی خەیاڵ و خەیاڵكردنی ڕۆماننووسن. ڕۆمانی مێژوویی، بە تایبەتیش كاتێ ڕووداوێكی مێژوویی دەگێڕێتەوە، گوزارشت لە ڕووداوەكانی ئەوكات و كارەكتەرەكانی ئەو سەردەم دەكات، كەواتا شتێكی ئاساییە ڕۆمانی مێژوویی بە ئەندازەیەك نزیك بێتەوە لە گێڕانەوەی واقیعی، كە ئێمە هەست بكەین مێژوو دەخوێنینەوە نەك ڕۆمان، چونكە سرووشتی ئەو جۆرە ڕۆمانە وایە. گەر ڕۆمانی پاشای گەورەی ئارێز عەبدوڵا بە نموونە وەربگرین، دەبینین فۆرمێكی گێڕانەوەیی واقیعی و مێژوویی تێدایە وەك ئەوەی مێژوو بخوێنییەوە نەك ڕۆمان وەهایە، كە ڕۆمانەكانی سابیر ڕەشید بەراورد بەو ڕۆمانە، ئەو فۆرمە واقیعیەیان نییە، چونكە لەو جۆرە ڕۆمانەدا وەك وتمان مێژوو، دەبێتە تێمای سەرەكی، مێژووش كۆی ئەو ڕووداوانە دەگرێتەوە كە ڕوویان داوە، كەواتا هەر دەبێ تاكدەنگی هەمووشتزان لەو ڕۆمانانەدا، ببنە بگێڕەوەی هەمووشتزان، بە تایبەتیش لە نا ئامادەیی كارەكتەرەكان خۆیان. گەر ئێستا ڕۆمانێك باس لە زیرەكیی دەستكرد بكات، ناکرێ پەنا وەبەر مێژوو بەرین، بۆ ئەوەی ڕووداوەكە وەسف بكات، چونكە لە بنەڕەتدا، زیرەكیی دەستكرد وەك زانست، وەك بەشێك لە پێشكەوتنە تەكنەلۆژیک و زانستییەكانی سەردەم، بەرهەمی مێژوو نییە، بەڵكو زادەی ئێستایە، بەڵام گەر بمانەوێت بۆ پەنجا ساڵ لەمەوبەر بگەڕێینەوە، ئەوا هەرگیز ناتوانین باسی زیرەكیی دەستكرد بكەین، چونكە بەشێك نییە لە مێژوو، وێرای ئەمەش خۆی ئامادەیی هەیە و نەبۆتە ڕابردوو، بەڵام لە ڕۆمانی مێژووییدا، هەر دەبێت بگێڕەوەیەكی تاكدەنگی هەبێت كە ڕۆڵی فرەدەنگ و بگێڕەوەی هەمووشتزان دەبینێت، وەك ئەوەی لە هەر سێ ڕۆمانەكەی سابیر ڕەشیددا هەیە، كە ئەمەش هیچ لە هونەریبوونی ڕۆمانەكانی ئەو كەم ناكەتەوە وەك ئەوەی ئەڵوەنی بە زۆر دەیەوێت وەها وەسفیان بكات.

