پارێزگاری دهۆک پرۆژەی گرین هاوسی ڕاگەیاند و گوتی:ئەم پرۆژەیە بەرهەمی جووتیاران لە هەموو پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت.
چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کاتی کردنەوەی پرۆژەی گرین هاوس، لە گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پرۆژەیەکی گەورەیە، کە بەهاکەی 60 ملیار دیناری عێراقییە و لەسەر ڕووبەری نزیکەی 570 هەزار مەتر دووجا دروست کراوە. ئەم پڕۆژەیە لە ژمارەیەک خانووی پلاستیکی پێک دێت، جگە لە کێڵگەیەکی لەقوتووکردنی میوە، کۆگا، ساردخانە، کێڵگەی میوە و داری بەردار، شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی گەورە، باڵەخانەی بەڕێوەبردن، شوێنی مانەوە، باڵەخانەی چالاکییەکان، بەشی کارەکانی کارەبا و میکانیکیەکان.
ئاماژەشی دا، هەموو جۆرە سەوزاییەک لە پرۆژەی گرین هاوس بەرهەم دەهێنرێت، ئێستاش دەست بە چاندنی دار زەیتون کراوە، بڕیاریشە لە قۆناغی یەکەم نزیکەی 200 هەزار دار زەیتون بچێنرێن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی باشترین جۆری زەیتی زەیتون.
گوتیشی: لە پرۆژەی گرین هاوس، بەرهەمی میوەی جووتیاران لە هەموو پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، بەمەش دەتوانین لە هەموو وەرزەکاندا هەموو جۆرە میوەیەک بۆ بازار دابین بکەین.
باسی لەوەش کرد، هەلی کاری زۆر بۆ دەرچوانی زانکۆکان دەڕەخسێنێت.

